کەجەکە رایگەیاند، ئەو هێرشانەی لە ئیسرائیل و فەلەستین بوونە هۆی گیانلەدەستدانی بە هەزاران کەس دەبێت دەستبەجێ رابگیرێن، دەشڵێن، هێرشەکانی حەماس و شێوازى مامەڵەکردن و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئیسرائیلیش مایەی قبوڵکردن نییە
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێووەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لەبارەى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە، رووداوەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دەریدەخەن، کە مامەڵەکردنی نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چەندە گرنگە.
باس لەوەشکراوە، لە ٦ی ئەم مانگەوە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەدواوە لە هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و هەروەها و هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان بە تایبەتی بۆ سەر غەززە بە هەزاران مرۆڤی ئیسرائیلی و فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کۆمەڵکوژی روویدا.
باس لەوەشکراوە، ئەو دۆخە جێگەی داخ و پەژارەبوو بۆ ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادیی کورد، ئێمە سەرەخۆشی هەم لە گەلی عەرەبی فەلەستین و هەمیش لە گەلی یەهوودی ئیسرائیل دەکەین و رایدەگەیەنین، کە بە هۆی ئەو دۆخەوە زۆر خەمبار و نیگەرانین.
کەجەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێرشەکانى فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان بۆسەر یەکدى کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و لە ئەنجامدا گەلان قڕ دەکات و هەربۆیە داواکارین بەر لە هەموو شتێک دەبێت بە زووترین کات دەست لەو هەڵوێستانە هەڵبگیرێت و هێرشەکان بوەستێندرێن.
کەجەکە دەشڵیت، وەک چۆن هەنگاوەکانى حەماس هەڵەن، هەروەها هەڵوێستی دەوڵەتی ئیسرائیلیش مایەی قبوڵکردن نییە و دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل کۆتایی بە هێرش و گەمارۆکان لەسەر غەزە بهێنێت و بەهیچ جۆرێک توندوتیژی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین ئەنجام نەدات.
لە سەردەمی ئێمەدا هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کێشەی کوردیشەوە لە ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزیەوە سەرچاوەدەگرن و ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزی لە بناغەی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستیندایە. هەموو کێشەکان بە تایبەت کێشەی کورد و کێشەی فەلەستین کە دوو کێشەی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، تەنیا بە تێپەڕاندنی ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتپارێزیدا چارەسەر دەکرێن.
بئاماژە بەوەشکراوە، دۆزی فەلەستین رەوایە و هیج شتێک ناتوانێت رەوایەتیەکەی لەناو ببات و وەک بزوتنەوەی ئازادی کورد ئێمە هەموو کات لەگەڵ دۆزی رەوای فەلەستینداین وچارەسەرکردنی پرسی فەلەستینیش وەک پرسی کورد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشبردنی بە دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە. دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل راستی ببینێت و بەر لە هەموو شتێک دان بە هەبوون و ئیرادەی دیموکراتیکی گەلی فەلەستیندا بنێت.