ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
جۆراوجۆر

چیرۆکی دۆزینەوەی شوێنەوارێکی مێژووی لە گوندی ماوان

  2023-05-27  |    1191 جار خوێندراوەتەوە
نوسینی: ڕۆشنا ئیبراهیم

من وەك قوتابییەكی زانكۆی سۆران، بەشی مێژووی فاكەڵتی ئاداب لەهەمان كات ئەندامی ئەو خێزانە، كە لە گوندی ماوان پارێزگاریان لە شوێنەوارێكی گرنگی مێژووی كردووە، دەمەوێت كورتە باسێك لەسەر شوێنەوارەكە بخەمە ڕوو

 

،گوندی ماوان لە سنوری ئێدارەی سەربەخۆی سۆرانە، دەكەوێتە ناحیەی سمیلان، سەربە قەزای قەزای چۆمان، ڕووبەرەكەی بریتییە لە ٣٦٫٧٢٢ كم دووجا، كە ٪٣٠ی دەشتاییە و، ٪٦٠ی چیایە و، ٪١٠ی گردە، ژمارەی گوندەكانی ٣٦ گوندە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە ناحیە.

ئەم شوێنەوارە گرنگ و پڕ بایەخە لەناو باخێكی دانیشتوی گوندی ماوان دۆزراوەتەوە، لەلایەن خاوەنەكەی و خەڵكی گوندەكەش بە “گاتووە سۆر “ناسراوە، ئەو شوێنەوارە مێژوویە لەلایەن “عوسمان ئیبڕاهیم”ی باپیرم ، ماوەی ٣١ ساڵە پارێزگاری لێكراوە، دوای سێ رۆژ كاركردنی تیمێكی بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سۆران و زانكۆی “ئۆتۆنۆمۆسی بەرشەلۆنە”و، دوو لەپسپۆرانی ئەو زانكۆیە و، زانكۆی سەلاحەدین توانیان تابووتێكی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ئەشكانییەكان بدۆزنەوە، كە بۆ یەكەمین جارە گۆڕێكی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بدۆزرێتەوە، كە چەندین نەخش و هێمایی گرنگی لەسەرە شێوەیەكی جیاوازی هەیە بەراورد بە گۆڕەكانی پێشوتر.

گۆڕەكە بریتییە لە تابوتێكی گلێنەیی لەسەر شێوەی بەلەمێك دروستكراوە و وێنەی خاچێكی لەسەرە مێژوەكەی ، بۆسەرەتای هاتنی ئاینی مەسیحیەت، بۆ ناوچەكە كە مێژووەكەی بۆ 1800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئیمپراتۆری ئەشكانی ناوێكی تریشی پێدەگوترا كە بریتیبووە لە “ئیمپراتۆری پارت “یەكێك لە دەوڵەتەكانی پێش هاتنی ئیسلام بۆ ئێرانە. ئەم ئیمپراتۆریەتە لە ساڵی ٢٥٠ی پێش لەدایكبوونی مەسیح تا ٢٢٤ی زایینی لە زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی هاوچەرخ، كوردستان، ئەفغانستان و پاكستان دەسەڵاتدار بوو. ئیمپراتۆری ئەشكانی ناوی خۆی لە ناوی بناغەدانەرەكەی هێناوە، كە ناوی “ئەرشەك” یان “ئەشك” بووە.

باپیرم عوسمان لە باسی پاراستنی شوێنەوارەكە دەڵێت : لە دوای راپەڕین بۆ ژیانكردن هاتینە گوندی ماوان، ویستمان خانوێك لە قوڕ و بەرد دروست بكەین لەبری خێمە، لەكاتی كاركردن لەسەر دروستكردنی خانووەكە، گەیشتین بە تابووتێك و چەند ئێسكێك دەركەوت، یەكسەر وتم: نابێت دەستكاری بكەین، لە پێناو پاراستنی شوینەكە، دیوارێكم لە سەر دروست كرد، تا ساڵی 2009 بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سۆرانن ئاگاداركردەوە، ئەوانیش خستیانە پلانەكانی خۆیان تا ئەم هەفتەی رابردوو سەردانی شوێنەكەیان بۆ ئەنججامدانی كنین و پشكنین.

خۆشحاڵم كە باپیرەم گرنگی بەشوێنەوار و مێژوو داوەو پارێزگاری لێكردووە، پێویستیشە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گرنگی بە پێكهێنانی گروپێكی تۆكمەی شوێنەواری بدات، تا ئاستێك سۆران بەتەنها گرنگی بەشوێنەوارەكانی بدات، پێویستی بەتیمی بیانی نەبێت، هەروها گرنگە كار لەسەر كردنەوەی مۆزەخانەیەكی شوێنەواری لە ئیدارەی سۆران بكرێت، بۆ پاراستن و كۆكردنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی دەدۆزرێنەوە تا زیاتر نیشان بدرێن و پارێزگاریان لێبكرێت.


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ