ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

دووفاقی و ڕێگری لە دروستکردنی ڕای گشتی بەرامبەر ھێرشی وڵاتان

نەجیبە مەحمود

نەجیبە مەحمود
ئەگەر دووفاقی کورد و کاریگەرییە نەرێنیەکانی لە مامەڵەکردن دژ بە هێرشی موشەک و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئێران و تورکیا نەبوایە، دەکرا کاریگەری جۆراوجۆری لەسەر ڕای گشتی هەبێت. ئەم کاریگەرییانە ڕەنگە پەیوەست بێت بە هەلومەرج و شێوازی پەیوەندی میدیا و ڕۆڵی سیاسەت و بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد کە بەهۆی دوفاقی لە هەڵوێستی سیاسی و ململانێ سیاسیە نێوخۆییەکانیان و پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد نەتواندراوە بکرێنە کارتێکی فشار لەسەر ئاستی  ناوخۆیی و دەرەکی لە دروستکردنی  ڕای گشتی لەجیهاندا.

 هەربۆیە بوونی یەکریزی و یەکهەڵوێستی کورد لەئێستاد تاکە رێگایە بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەرجۆرە هێرش و دەستدرێژییەکی ئەو وڵاتانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هاولاتیانی.

زیادبوونی نیگەرانییەکان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نیگەرانی و ترس لە نێو خەڵکی کوردستان و تەنانەت لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا دروست بکات. ئەم هێرشانە دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و بەردەوامبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا. هەروەها کاریگەری لەسەر پێگەی رێخکراوە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکەدا. هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەوانەیە ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەم پرسە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی دەزگا نێودەوڵەتیەکان هەبێت.

بەڵام بەهۆی سیاسەتی دوفاقی کورد و مامەڵەی لەگەل موشەکباران و هێشرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نەیتوانیوە ڕای گشتی دروست بکات بۆ نیشاندانی وێنەیەکی نەرێنی لە ئێران و تورکیا لە چاوی خەڵک و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئەم هێرشانە دەکرێت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەخنەیان لێ بگیرێت و وێنەی ئەو وڵاتانە لە چاوی خەڵک و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاواز بکات. هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانان ڕەنگە ببێتە پاڵپشت و پاڵنەر بۆ هەندێک گروپی دیکەی توندڕەو لە ناوچەکە، هەروەها پەرەسەندنی گرژی و ناکۆکی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار و سێبەرکردنی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە دواتر دەبێتە هۆکاری مەترسی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم. هەروەها ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکارییە ناوچەییەکان هەبێت.

بەگشتی دووفاقی کورد لە بەرامبەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران و تورکیا ڕەنگە نەتوانێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی دروست بکات.

وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕوحی شەهیدەکان شادبێت و بە هیوای سەلامەتی بۆ بریندارەکان.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 820‌
1/18/2024 5:36:48 PM