ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

سەرنجێکی کورت لەسەر کتێبی (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەمووان بوو)

دلێر كه‌ريم
ڕۆژی شەممە ١٧ی شوبات  کاک ھەڤاڵ کوێستانی کە ڕێکخراوی ھاوکاری ئەڵمانی، لە کتێبخانەی گشتی ڕزگاری داوەتیان کردبوو، ئامادەبوو. تیشکی خستەسەر کتێبەکەی، (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەمووان بوو)،. پێشتر لەسەر ئەو کتێبە زۆرم بیستبوو ، بەڵام نەم خوێندبووەوە. کە بەڕێزیان بە ئیمزای خۆیەوە کتێبەکەی پێ بەخشیم، لە دوا نیوەڕۆی ١٨ شوباتەوە پەڕەپەڕەی ئەو ڕۆژانەم ھەڵدەدایەوە کە نیشتمان ھی ھەمووان بوو. دەتگوت وێنەگرێکی سینەماییم و بەشوێن جموجوڵەکانی نووسەرەوەم. تا لە ٣ی ئازار و پێش یادی ڕاپەڕین، بەوردی و لەسەرخۆییەوە تەواوم کرد.
     ئەم کتێبە ١٢ جار چاپکراوەتەوە، بە زمانێکی ھێندە ئەدەبی نووسراوەتەوە، خۆزگە دەخوازی ڕۆمانێک بووایە و ڕووداوەکانی نێوی، ڕاستی نەبان. چونکە چێژی ئەدەبی و گێڕانەوەکە، جارێک دڵخۆشت دەکەن و جارێک دەتگیرێنن. ئاخر چی لەوە ناخۆشتر ھەیە بە زمانێکی ڕوون و ڕەوان و بێ گرێ، شاعیرانە، باسی ئەو تاوانانە بکرێ کە ناتوانرێت وەک خۆی بگێڕرێنەوە؟ 
     کۆی کتێبەکە کراوەتە ٨٥ پەنجەرەی بچووکەوە، بچووک وەلێ لەگۆشەی جیاجیای وەھاوە وەستاوە، کورد دەڵێت قەستکوژ دانیشتووە و نیشانەی لە بابەتی وەھا کاریگەر گرتووە، تۆش بیت ناتوانی بەو ڕادەیە خۆت ڕازی بکەیت، و ئامانج بپێکیت. ئەو پەنجەرانە کە نزیکەی ٧ ساڵی تەمەنی شاعیرێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە، لەناو ھێزێکی سیاسی سەربازی کە لەو دەیەیەی مێژووی میللەتەکەماندا زۆرترین ڕووداوی بەسەردا ھاتووە، یان خوڵقاندووە. من منداڵ بووم دەیان گوت: ساڵانی ھەشتا کە شەڕ دەبوو، دەیانگوت یەکێتی و کێ؟ واتا دڵنیاین لایەکی یەکێتییە، بەڵام بۆ لای دووەم دەبێت بپرسین! دڵنیام کاک ھەڤاڵ زۆر شتی نەوتراوی تر دەزانێت و نایگێڕێتەوە، ٨٥ پەنجەرە بۆ ئەو ساڵانەی براکوژی، کەم و پووختن.  ڕاستی ئەوەیە ئەوانەی بۆ گێڕانەوە شیاون لەم کتێبەدا باسکراون، ناحەقی نییە، منیش بام ھەر وام دەکرد. ئەوانە کە (لیژنەی تیرۆریان) ھەبووبێت، ھێشتاش زۆر شتی وتووە، کە کۆی ئەزموونی خەباتی شاخ و ململانێ ناشەرعییەکانی لایەنە سیاسییەکان وەک ھێزی یاخی پێناسە دەکەن، نەک خاوەن دۆزێکی ڕەوای میللەتێک. لە پشت ھەموو وتراوەکانەوە، نەوتراوەکانی تر ھەست پێدەکەین، گومان دەکەم ئاخۆ ئەمە ئەو بابەتانەبێت شیاوی گێڕانەوەبن، ئەی دەبێت ئەوانەی کە بە کەڵکی گێڕانەوە نایەن دەبێت چەندێک ترسناک و خوێناوی بن؟
     نامەوێ کۆی کتێبەکە بێنمەوە پێشچاو، ھێندە ھەیە وەک(پشکۆ نەجمەدین لە ئەزموون و یاد) باسی دەکات، دوو ڤیگەری جوانی خەباتی نیشتمانی، بە خەونی گەورەوە بەرەو شاخ دەکەونە ڕێ، بە ئومێدی گەیشتن بە بەھەشت دەڕۆن و لەوێ دۆزەخێک دەبینن، بیرم بۆ ساڵی ٢٠٠١ دەچێت کە بە نیازی ئەوروپا لە سلێمانییەوە دەچووین، ھەر سەعاتێکی نەبرد قاچاخچییەکە یەک یەک ئەو بەڵێنانەی درۆ دەرچوون کە بەکەسوکارمانی دابوو، دەیگووت ناھێڵم یەک ھەنگاو بەپێ ڕێگا ببڕن، بە بیانووی ڕێک نەکەوتنی بازگەکان، سێ سەعات ڕێی پێکردین. زیرەکی ئەوان(نووسەران) لەوەدایە لەو دۆزەخەدا نە دەبنە جانەوەر پەلاماری ئەوانیتر بدەن و نە دەبەزن و خۆیان بە دەستەوە دەدەن، بەڵکو وەک دوو مێژوونووسی بە ئەزموون، لەگەڵ ھەنگاوەکانی خۆیاندا، بەشێک لە یادەوەری نیشتمانیش دەنووسنەوە. زۆرێک مێژوو دەنووسنەوە بە زمانێکی وشک و برینگ و لایەندار، زۆرێک بە چاوی دوژمنکارانە، ئەمان وەک لە (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەمووان بوو) دەبینرێت، ھاوشێوەی دادوەرێک باسەکان تۆمار دەکەن، نەک سکاڵاکار و سکاڵا لێ کراو. دوو ھەفتەم بۆیە بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبە تەرخان کرد، بۆئەوەی باوەڕ بەخۆم بھێنم ئەم ڕووداوانە ڕاستین و خەیاڵی نووسەرەکە نین، دەمتوانی زووتر تەواوی بکەم، وەلێ وام نەکرد. ئاخر مێژووی گەلێکی ستەمدیدە لەبەردەم پرسیارێکی گەورەی (بۆ وایان کرد؟) بە ئاسانی بۆم وەڵام نەدەدراوە.
     وەک دەزانرێت ساڵی ١٩٨٤ بۆ پێشمەرگە لە خۆشترین ساڵەکانی خەبات دەبێت، ھاتوچۆ لە نێوان شار و دێھاتەکاندا دەستپێدەکاتەوە، زیاتر لە پشوویەکی کورتی جووتیارێک دەچێت پێش ھەستانەوە بۆ درەوی دوا بەری گەنمەکەی، خەڵک ئاھێکی بەبەردا دێتەوە و بواری ھاوسەرگیری و دیدەنی و شوێن پێ توندکردن دێنێتە کایەوە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئاشتی پێویستییەکی قۆناغەکە بووە، بەڵام وەک ھەمیشە پەرتەوازەیی کوردی کردووەتە لایەنێکی لاوازی دانوستاندن و گفتوگۆکان. دواجار ئاشتی کۆتایی پێھێنرا و شەڕیش لەناوی بردین. لە خەباتی شاخ چەکدار نەبووم، دنیایەک چیرۆکی ناشیرینی ناو ئەو خەباتە چەکدارییە پێدەزانم، من و کاک ھەڤاڵیش نەیگیڕینەوە، ڕۆژێک ھەر نەوەکانی داھاتوومان دەیبیستن و پەی پێدەبەن. بۆیە من وێڕای دەستخۆشیم لە کاک ھەڤاڵ کوێستانی، ھیوادارم بەو سەلیقە جوانەی خۆیەوە، ئەڵقەی دووەمی ڕووداوەکانمان لە بەشەکانی تر (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەمووان بوو) بۆ بگێڕێتەوە. وەک دەوترێت ئێمە میللەتێکین ئەزموون و وانە لە مێژوو وەرناگرین، بەڵکو بۆ داھاتوو نیشتمانمان گەڕاندەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ھی ھەموومان بوو، یان بە لایەنی کەمەوە وەک ئێستا تەنیا نیشتمان تاپۆ نەکرابوو لەسەر بنەماڵە و تاقمێکەوە، کە ڕەنگە ھەر ھێندەی نووسەر بەم نیشتمانەوە ماندوو بووبێتن، نەک زۆرتر. کەچی ئەوان ئێستا خاوەنی نیوەی نیشتمانن و شەھیدان و قوربانیانی ئەو شۆڕشە چاوەڕێی مووچەی مانگانەن!
ژمارەی خوێنەر   ‌ 752‌
3/15/2024 5:42:13 PM