لەنێو ئاهەنگگێڕان و شادیدا لە یەکێک لە هۆڵەکانی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، لەپڕ "پریشکی یاریی ئاگرین" هەموو شتێکی تێکدا و شایی بوو بە شین. هۆڵی ئاهەنگگێڕان گڕیگرت، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند هێندەی ئەو ژمارەیەش بریندار بوون.
کاتژێر نزیکەی 10:30خولەکی شەوی سێشەممە لە هۆڵی هەیسەم رووداوەکە روویدا. ئەو ئاهەنگەی لە هۆڵەکەدا سازکرابوو، ئاهەنگی پێکگەیشتن و دەستپێکردنی ژیانی هاوبەشی حەنین و ئیرڤان بوو، بەڵام هەر لەو ئاهەنگەدا دەیان کەسی دیکە بە یەکجاری ماڵئاواییان لە یەکدی کرد و، هۆڵە گڕگرتووەکە بووە دوایین شوێن کە لەم ژیانەدا یادگارییەکیان تێدا تۆمارکرد.
شایەتحاڵان دەڵێن، لەو ئاهەنگەدا زیاتر لە هەزار کەس ئامادەبوون. لەکاتی سەمای بووک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدراوە و بەشێک لە یارییە ئاگرینەکان بەر بنمیچی هۆڵەکە کەوتوون کە لە سەندویچ پەنەڵ دروستکراوە، بەهۆی ئەوەی مادەیەکە زوو گڕدەگرێت، لە چەند خولەکێکدا هۆڵەکە هاوشێوەی دۆزەخێکی بچووکی لێهات بۆ میوانەکانی.
بەپێی زانیارییەکان بووکەکە ناوی حەنین ریازە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، زاواش ناوی ئیرڤان ئیشۆ گەحکە و لەدایکبووی ساڵی 1995ـە.
زانیاری و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان باس دەکرێت. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاندوه، 82 تەرم گەیێندراونەتەوە دادپزیشکی موسڵ و 86 کەسیش بریندارن. 16 برینداریش گەیێندراوەنەتەوە هەولێر. گوتیشی زۆربەی قوربانییەکان سووتاون.
هەروەها نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا راگەیاندوه، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 200 کەس برینداربوون. بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، تائێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، هەندێکی دیکە کەسوکاریان یەکسەر تەرمەکانیان بردووەتەوە و نەیان بردووەتە دادپزیشکی.
هۆڵەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردووی رووخاوەکە و پاڵەپەستۆوە بووە.
هاوکات بەشێک لە شایەتحاڵان کە لە هۆڵەکە بوون و قسەیان کرد دەڵێن، بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لاشەکانیان بەتەواوی سووتاوە و لەگەڵ داروپەردوودا تێکەڵ بووە.
بەهۆی گەورەیی رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لە هەولێر و دهۆک خرانە ئامادەباشییەوە بۆ پێشوازی لە برینداران. پزیشکانی پسپۆڕ، نەشتەرگەری و جوانکاری گەڕانەوە نەخۆشخانەکان تاوەکو چارەسەری خێرا و تەواو بۆ بریندارەکان بکرێن.
تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 بریندار گەیێندرانە هەولێر کە بەشێکیان منداڵن. پەیامنێری رووداو رایگەیاندوه، بەشێک لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە. گوتیشی، ئەو بریندارانەی هاتوونەتە هەولێر، هەموویان برینەکانیان سەختن. پزیشکێک بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە منداڵەکان تەندروستیی خراپە، دڵی جارێک لە لێدان کەوتووە، بەڵام توانیویانە لێدانی دڵی بۆ بگەڕێننەوە.
وێنەی هۆڵەکەی حەمدانیە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. وێنە: نایف رەمەزان - رووداو
ئەو بریندارانەی کە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر، زۆربەیان ژن و منداڵن. رێژەی سووتانی بریندارەکان لە سەروو 20٪ـە.
جونی سلێمان، برای خاوەنی هۆڵەکە کە رووداوەکە تێیدا روویداوە راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە لە یەکێک لە سپلیتەکان، دواتر بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. دەشڵێت، چارەنووسی براکەی تاوەکو ئێستا دیارنییە و نازانن لە کوێیە.
چارەسەرکردنی بریندارێک لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر. وێنە: هەژار جەوهەر - رووداو
هاوکات بەشێکی دیکەش لە شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بووە و دواتر ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە. شایەتحاڵان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بنمیچی هۆڵەکە سەندەویچ پەنەڵ بووە بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. یەکێک لەو شایەتحاڵانە کە دەستەکانی سووتاون و بە سووکی بریندار بووە، بە رووداوی گوت، بە چاوی خۆی بینیویەتی بەهۆی یاری ئاگرینەوە ئاگرەکە لە سەقفی هۆڵەکە بەربووە.
لەلایەکی دیکەوە د. فەراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک کە سەردانی حەمدانیەی کردبوو و لە نزیک هۆڵە سووتاوەکە رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، تیمەکانی تەندروستی دهۆک و هەولێر گەیشتوونەتە موسڵ هاوکاری تەندروستی و پزیشکیان گەیاندووە.
تاوەکو ئێستا زۆرترین پرسیار لەسەر چارەنووسی بووک و زاواکەیە، کە ئاخۆ چییان بەسەرهاتووە، یەکێک لە بەشدارانی ئاهەنگەکەی حەمدانیە کە خۆی بەشێک لە جەستەی سووتاوە راگەیاند، "خۆم قسەم لەگەڵ کردوون، لە ماڵی خۆیانن و تەندروستییان باشە."
س: له ڕووداوه