له ئێستادا گه‌نده‌ڵی ته‌واوی جومگه‌كانی پڕۆسه‌ی عێراقی داپۆشیووه، بۆیه بێ بنیاتنانی بنچینه‌یه‌كی نیشتمانی و یه‌كڕێزی ئیراده و هه‌ڵوێستی عێراقییه‌كان، ناتوانین ئه‌م ته‌نگژه‌ی ئێستای عێراق تێپه‌ڕێنین، له‌مه‌وه پێویستیمان به گۆرانكارییه‌كی ڕیشه‌ی هه‌یه كه نیشتمان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بنیاتبنێته‌وه و شكۆیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت كه ئیراده‌ی سیاسی وڵات له ده‌ستتیوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌رباز بكه‌ین و ده‌سه‌ڵاته‌كانیش لێكجیابكرێنه‌وه، له‌م پێناوه‌دا پراكتیزه‌كردنی ئه‌م بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه‌مان پێویسته:
لوقمان حاجی قادر _ وه‌رگيراوه
یه‌كه‌م/ دوای واژۆكردنی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه پێویستمان به كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسی هه‌یه به ڕووی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی ئاماده‌ن بنه‌ماكانی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه قبوڵ بكه‌ن، پێویسته هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كان و ئیراده‌ی گه‌ل و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بین.
دووه‌م/ پێكهێنانی حكومه‌تێكی یه‌كیه‌تی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌یه‌كی نیشتمانی به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گۆرانكاری ڕیشه‌یی و ده‌ربازكردنی وڵات له‌و ته‌نگژانه‌ی تێیكه‌وتووه، حكومه‌تێك بتوانێت وڵات له تایه‌فه‌گه‌ری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌رباز بكات و بنه‌ماكانی دیموكراسی و ببنیاتنانی ده‌وڵه‌ت پته‌و بكات و شكۆ بۆ ده‌وڵه‌ت بگێڕێته‌وه و پراكتیزه‌ی بنه‌مای هاوڵاتیبوون بكاته سه‌رمه‌شق و دروشمی خۆی. ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه واژۆ ده‌كه‌ن یان پشتیوانی لێده‌كه‌ن، ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تیان ده‌كه‌ویته ئه‌ستۆ، پێویسته به‌رده‌وامی به‌و حكومه‌ته بده‌ن و پشتیوانیشی لێ بكه‌ن و له چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا لێپێچینه‌وه‌ی لێ بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وانیش به‌رپرسن له سه‌ركه‌وتن و شكستهێنانی حكومه‌ته‌كه.
سێیه‌م/ پێویسته ڕێز له بنه‌مای ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی په‌رله‌مانی بگیرێت كه بتوانێت ئه‌ركی چاودێریكردنی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بگرێته‌ئه‌ستۆ و له چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا ڕۆڵی چاودێریكردنی خۆی به باشی ئه‌نجام بدات.
چواره‌م/ له ماوه‌ی ساڵێكدا و به گوێڕه‌ی میكانیزمه ده‌ستورییه‌كان كار بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ڕه‌شنووسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور بكرێت له په‌رله‌مان.
پێنجه‌م/ سه‌رپه‌رشتیكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق به گوێڕه‌ی خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی به ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرا، پێویسته بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه په‌نا ببرێته به‌ر نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاساكانی عێراق.
شه‌شه‌م/ پابه‌ندبوونی عێراق به سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زایۆنیزم و به‌تاوان ناساندنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل.
حه‌وته‌م/ كاركردن بۆ پراكتیزه‌كردنی ده‌قه ده‌ستورییه‌كان و یاساكان به ئامانجی پاراستنی به‌ها ڕه‌ووشتییه‌كان و به‌رگرتن به لاڕێبوون و ئه‌و كار و كرده‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئادابی گشتی و تایبه‌تین.
هه‌شته‌م/ ڕێزگرتن له شكۆی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی و به تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ڕێگرتن له ده‌ستتیوه‌ردانی پارت و فراكسیۆنه سیاسییه‌كان له ژیانی سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستتیوه‌ردانێكی ناوخۆی و ده‌ره‌كی و پاراستنی ده‌روازه سنورییه‌كانی عێراق له‌وه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی و حزبه سیاسییه‌كان ده‌رباز بكرێت.
نۆیه‌م/ پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی حكومه‌تی عێراق له هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێكی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی.
ده‌یه‌م/ ئاماده‌كردن و ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانستی به‌رگریكردنیان له سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی وڵات، پشتیوانیكردن له هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ئه‌و هێزانه به گوێره‌ی میكانیزمه ده‌ستورییه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تن و دواتریش تێكه‌ڵ به حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها پێویسته هێزی حه‌شدی شه‌عبی ڕێكبخرێته‌وه و له وانه‌ش پاكبكرێته‌وه كه مل بۆ یاساكانی ده‌وڵه‌ت ناده‌ن و پێویسته چه‌ك ته‌نها و ته‌نها به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بێت.
یازده‌یه‌م/ عێراق ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی و خاوه‌ن سه‌روه‌رییه؛ له‌و پێناوه‌دا پێویسته په‌یڕه‌ووی له‌م بنه‌مایانه بكرێت:
أ: ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و پابه‌ندبوون به بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی وه‌ك یه‌ك (المعامله بالمثل) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا.
ب: بره‌ودان به ڕۆڵی باڵوێزخانه‌كانی عێراق به شێوه‌یه‌ك بتوانن ئه‌و ڕۆڵه بگێڕن كه شایسته‌ی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه.
ج: گێڕانه‌وه‌ی پێگه و شكۆ بۆ پاسپۆرتی عێراقی بۆ دۆخی پێشووی كه پێگه‌كه‌ی ڕێزلێگیراو بوو.
دوازده‌یه‌م/ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵای ده‌سه‌ڵات فراوان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ ووردبینیكردن و لێكۆڵینه‌وه له دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی له ساڵی 2003 وه تاوه‌كو ئێستا به مه‌به‌ستی لێپێچینه‌وه له گه‌نده‌ڵكار و كه‌مته‌رخه‌مان و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ڕوون و ئاشكرا و توندوتۆڵ له دژیان، پێویسته ئه‌و لیژنه‌یه پارێزراو بێت له هه‌ر ده‌ستتیوه‌ردانێكی سیاسی و هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك پێداچوونه‌وه به كاره‌كانیدا بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها یاسای (ئه‌وه‌ت له كوێ بوو) له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت.
سێزده‌یه‌م/ پێشكه‌شكردنی ئه‌و پڕۆژه یاساییانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێویستن، پێكهێنانی دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كان ته‌واو بكرێن، له پێشینه‌ییش بۆ پڕۆژه یاساكانی (ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی، ئاوه‌دانكردنه‌وه، نه‌وت و گاز) بێت و بخرێنه به‌رده‌م په‌رله‌مان و تاوتوێ بكرێن و بڕێاری پێویستیان له‌باره‌وه بدرێت و دواتریش ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبه‌جێكردن و پراكتیزه‌كردنیان بگیرێته‌به‌ر، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی یاسای ده‌سته‌ی گشتی پاراستنی مافی هه‌رێم و پارێزگاكانی ژماره (26) ی ساڵی 2016 و یاسای ده‌سته‌ی گشتی چاودێری داهاته فیدڕالییه‌كانی ژماره 55 ی ساڵی 2017.
چوارده‌یه‌م/ قه‌ده‌غه‌كردنی وتار و كرده‌وه‌ی تایه‌فی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌موو ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ها نیشتمانی و مرۆییه‌كاندا یه‌كناگرنه‌وه، نابێت ئه‌و بنه‌مایانه بكرێنه پاساو بۆ تۆمه‌تباركردین هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها نابێت بێڕێزی به به‌ها و بیروباوه‌ڕ و بنه‌ما ئاینییه جێگیره‌كان بكرێت.
پازده‌یه‌م/ خێراكردنی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پڕۆژه‌یاسای حكومه‌تی ئه‌له‌كترۆنی له پێناو سنورداركردنی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی ڕۆتینی ئیداری و به‌فیڕۆدانی ماڵی گشتی.
شازده‌یه‌م/ جه‌ختكردنه‌وه له سه‌ربه‌خۆیی بانقی مه‌ركه‌زی و چالاكییه داراییه‌كانی و ووردبینیكردنی دۆسییه‌ی مه‌زادی دراوه‌كان و چالاكییه بانقییه حكومی و ئه‌هلییه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ڕێسا ئابوورییه‌كان. جۆراوجۆركردنی داهاته نیشتمانییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتی ئابووری به‌رخۆر و چالاككردنی پیشه‌سازییه نیشتمانییه‌كان و بره‌ودان به سه‌رچاوه‌ی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و خوڵقاندنی ژینگه‌یه‌كی یاسایی و ژێرخانێكی ئابووری ته‌ندروست بۆ بره‌ودان به هه‌موو بواره جیاوازه‌كانی كه‌رتی گه‌شتیاری (سرووشتی، مێژوویی، ئاینی) به مه‌به‌ستی زیادكردنی داهاتی نیشتمانی و خستنه‌گه‌ڕی ده‌ستیكار.
حه‌ڤده‌یه‌م/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیژنه و چوارچێوه ئابوورییه نایاساییه‌كانی حزب و فراكسیۆنه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ژموونخوازی حزبی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له پێناو مسۆگه‌ركردنی گرێبه‌ستی حكومی و سود و كه‌ڵكی ئابووری به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی.
هه‌ژده‌یه‌م/ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می نیشتمانی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستن و چالاككردنی كاڵایی هاورده‌كراو و پشتیوانیكردن له پیشه‌سازییه بچوكه‌كان و دابینكردین زه‌وی كشتوكاڵی بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای یاساكارپیكراوه‌كان و پێدانی قه‌رزی بچوك بۆ دابینكردین هه‌لی كار و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بێكاری گه‌نجان.
نۆزده‌یه‌م/ پاڵپشتیكردنی ئه‌نجومه‌نی ڕاژه‌ی گشتی به‌وه‌ی بكرێته بنه‌مایه‌ك له دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ربه‌ندی ده‌وڵه‌ت و میلاكی گشتی دامه‌زراوه‌كانی.
بیسته‌م/ گرنگیدان به پێكهاته‌كان و كه‌مینه جۆراوجۆره‌كان له‌وه‌ی بتوانن پیاده‌ی ناسنامه و ڕۆشنبیری خۆیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها گرنیگدان به ئاواره‌كانی ناوخۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌كانیان و ئاسانكردنی ڕێوشوێنه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان.
بیست و یه‌كه‌م/ بانگهێشتكردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كان بۆ وه‌به‌رهێنان له عێراق و پاراستنی وه‌به‌رهێن و چالاككردنی ئه‌و ڕێككه‌وتننامانه‌ی عێراق واژۆی كردوون و به دوورگرتنی ئه‌م بوارانه‌ی باسكران له گه‌نده‌ڵی.
بیست و دووه‌م/ پابه‌ندبوون به ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و ئاماری دانیشتوان و دووركه‌وتنه‌وه له بنه‌ما تایه‌فییه‌كان.
بیست و سێیه‌م/ كاراكردنه‌وه‌ی یاسای به‌تاوان ناساندنی حزبی به‌عس.
بیست و چواره‌م/ بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست و سرووشتی له نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و چاره‌سه‌ركردین سه‌رجه‌م پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان و مافه یاسایی و شایسته داراییه‌كان (بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم و پارێزگاكانی دیكه) له پێناو پته‌وكردنی یه‌كڕیزی نیشتمانی.