ئەمڕۆ هەینى ١٠ى نۆڤەمبەرى ٢٠٢٣، سێیەمین ساڵڕۆى کۆچى دوایى قادرى حاجى عەلى سەرکردەى دیارى گەلى کورد لەباشوورى کوردستان لەگۆڕستانى ئابڵاخى شارى سلێمانى بەڕێوەچوو.
لەڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەکى زۆرى هاوڕێ و هاوسەنگەران و هاوڵاتیان و کادیرانى حزبە کوردییەکان بەتایبەتى گۆڕان و یەکێتى ئامادەى بوون.
هەر لەمیانەى پێش کۆتایى هاتنى ڕێوڕەسمەکەدا، چیا نەوشیروان مستەفا کوڕى گەورەى ڕێکخەرى کۆچکردووى بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى مەزارەکەى کرد و لەلایەن بەشێکى زۆرى ئامادەبوانەوە بەساردى پێشوازى لێکرا.
بەپێى زانیارییەکانى ئەنوا پریس، ئەو کوڕەى نەوشیروان مستەفا نزیک مەزارەکە دەبێتەوە و لەسەر ڕێڕەوى سەرەکیدا گروپێک لەئامادەبوان دەوەستن کاتێک کە سڵاو لەهەر یەکە لەد.محەمەد عەلى بەرپرسى پێشووى ژوورى توێژینەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و خالید عەبدولکەریم بەرپرسى پێشووى سەرچاوە مرۆییەکانى میدیاى گۆڕان دەکات، سڵاوەکەى ناسەننەوە و ڕووى لەسەر وەردەگێڕن و ناوبراویش هەست بەئیحراجیەکى زۆر دەکات و دەچێتە سەر مەزارەکە.
بەهۆى بەشدارى کردنى لەکابینەى نۆیەم و تاپۆکردنى گردەکە و بەخێزانى کردنى گۆڕان و هەڵوێستى زۆربەى هەڵسوڕاوەکانى لەپرسە سەرەکییەکانى تایبەت بەژیانى خەڵکى، سەربارى دەنگنەدان و شکستى ئەو حزبە لەهەڵبژاردنى ساڵى ٢٠٢١، هاوڵاتیانى ناڕازى هەرێمى کوردستان نیگەران و توڕەن لەهەڵوێستى بنەماڵەى نەوشیروان مستەفا و بەرپرسانى ئەو حزبە و بەپارێزەرى کابینەیەکى پڕ قەیرانى دەزانن.