ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا تەنها دوو وەزیری یەکێتی بەشدارییان کرد.
ئەمرۆ چوارشەممە 21ـی 12ـی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و تێیدا لە کۆی سەرجەم وەزیرەکانی پشکی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم، تەنها دوو وەزیر بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارا رەشید مەحموود، وەزیری پلاندانان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوون. وەزیرەکانی دیکەی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
لای خۆشییەوە سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، خودی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد. لە ماوەی رابردووشدا و بە دیاریکراوی ماوەی نزیکەی 70 رۆژە جێگری سەرۆک وەزیران بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.
تەوەری کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتبوون لە: خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنوورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی.
بڕگەی سێیەم و کۆتاییش تایبەت بوو بە خستنەڕووی پلانی ساڵی 2023ـی ئەنجومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.