بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، بە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی مامناوەند بارانبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەر دەبێت.
ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢) دەڵێت، لە ڕۆژی دووشەممەوە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە باشوری ئەوروپاوە بۆسەر دەریای ناوەراست و بەلاوازی بۆ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، نمە باران لەھەندێک کات و ناوچەدا دەبێت".
دەشڵێت، "لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کاریگەری زیاتر دەبێت بۆ زۆربەی ناوچەکان و تایبەت ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و ھەندێک کات بارانێکی مامناوەند دەبارێت."
ئاراس جەبار جەختیکردووەتەوە کە "تا ڕۆژی پێنجشەممە (١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢) کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بەلاوازی لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٢ تا ٣ پلە نزمتردەبنەوە و خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند چالاک دەبێت لەنێوان ١٠ تا ٢٠کم/س."
ڕێژەی بارانی پێشبینیکراو بۆ سەرجەم ناوچەکان لەماوەی ئەم شەپۆلەدا لە کەمترین ڕێژەوە ٢ ملم تا زۆرترین ڕێژە ٢٠ ملم دەبێت، چاوەروان دەکرێت کە شوێن تا شوێن جیاوازی زۆر دەبێت لە رێژەی دابارینەکان، ئاراس جەبار وا دەڵێت.
باسی لەوەشکردووە کە لە ١٦ی مانگەوە بۆ ماوەی ھەفتەیەک یان زیاتر ئەگەرەکانی بارانبارین نامێنن و کەش بە سەقامگیری دەمێنێتەوە پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ماوەکانی ئێستا بەرزبوونەوەیەکی زیاتری بەسەردا دێت کە ئەمەش بەھۆی جێگیربوونەوەی کاریگەری ئەو سیستەمە بەرزەپاڵەپەستۆیانەیە کە ئەم مانگە لەسەر کەشی ناوچەکانمان و بەگشتی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا باڵادەستە و زیاتر کەشێکی وشکی رەخساندووە و بەپێچەوانەشەوە لە وڵاتانی باکور و رۆژئاوای ئەوروپا شەپۆلی سەرما و سۆڵە و بەفر و بارانبارین بەردەوامی دەبێت.