ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

قەرەیلان لەبەرامبەر تورکیا داوایەکى به‌په‌له‌ ئاڕاستەى پارتى دەکات

  2022-07-27  |    1064 جار خوێندراوەتەوە
موراد قەرەیلان
موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە رایدەگەیەنێت، ئێستا دەرفەتە بۆ حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی نوێ بەرامبەر هەژموونی باڵادەستی و دەستدرێژییەكانی توركیا بگرنەبەر،و ئەگەر بیانەوێت دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە.

قەریلان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانى نزیک لە پەکەکە رایگەیاند: "بەشێك لە سیاسەتی باشوری كوردستان  پێشتریش خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوەو ئەوانەشی هاوكارییان دەكەن، دەتوانن دووبارە هەڵوێستی نوێ نیشان بدەن، چونكە ئەوە شتێك دەكرێت،و لە هەمان كاتدا هیواش هەیە، كە ئەم سیاسەتە بگرنەبەر و دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنین، ئێمە هیوادارین لەم چوارچێوەیەدا پێشكەوتن ڕووبدات".

ئاماژەى بەوەشکردوە، دەكرێت هەم هەڵوێستی نەتەوەیی كوردستانی و هەم  عێراقیش پەرەی پێ بدرێت، و هاوكات دەتوانن دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنن".

لەبارەی بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عێراق موراد قەرەیلان روونیکردەوە، زۆربەی بڕیارەكانی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ڕاستن، بەڵام ئەو ژمارانەی دەیدەن كەمێك كەمترن لەوەی هەیە، ڕەنگە زانیارییەكانیان تەواو نەبێت، لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانەی دەوڵەتی توركیا، كە لە باشووری كوردستان دروستكراون نزیكەی ١٠٠ خاڵن، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی لەسەر خاكی عێراق جێگیركراون و چالاكن، بەلانیكەمەوە ٣٠ هەزار سەربازن.

ناوبراو وتیشی: "سوپای توركیا لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو دوو هەزار و ٥٧٤ جاریش بۆردومانی خاكی عێراقی كردووە".

شەوی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەكەی پارێزگای دهۆك ئەنجامداو تیایدا وەزیری دەرەوەی عێراق راپۆرتێكی سەبارەت بە بۆردومان و بەزاندنى سنورو کردنە ئامانجی هاوڵاتیان لەلایەن تورکیاوە خستەڕوو.


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ