ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی ڕاسپاردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتى و دەشڵێت، هەڵوێستیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار وەک ڕابردووە.
چنار سەعد عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکە، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی دەستکراوە کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێستای پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی باسی لەوەکرد، "ئەو پۆستە پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا دەبێت لایەنێک وەریبگرێت، بۆیە ئێمە وەک پارتی پۆستەکە مافی خۆمان دەزانین."
هاوکات سەبارەت بە سوربوونی پارتی بە هەبوونی ڤیتۆ لەسەر د. بەرهەم ساڵح، چنار سەعد عەبدوڵا وتی، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا باسی ئەو پرسە نەکرا."
دەربارەی گۆڕانی بارودۆخەکە و نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پرسە، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵوێستی بارزانی بە دەستپێشخەری و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە خۆی لە خۆیدا بەرەوپێشچوونێکە."