فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی قسەکانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دژی هاوەڵانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و دەڵێت، "دژە لەگەڵ دەیان دەقی ڕاشکاوی قوڕئان و سوننەت، و پایەو شکۆی هاوەڵان لەلای ئووممەتی ئیسلام وەك ڕۆژی ڕووناك وایە."
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات تەنها شوێنی باوکی و حەزرەتی عەلی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی بکەون و دەڵێت، "یەک سەحابەی تر هی ئێمە نین."
بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
( لَّقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنِ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ فَأَنزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَابَهُمْ فَتْحًا قَرِيبًا ). الفتح، 18.
ئێمە لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەڕلەمانی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەو ئیدانەی ئەو قسانەی ( شێخ نەهرۆ )، سەرۆکی تەڕیقەتی قادری کەسنەزانی دەکەین، کە تیایدا چەندین ووشەی نابەجێ و ناشاییستە بە هاوەڵانی ئازیزی پێغەمبەری خودا صلی الله علیه وسلم دەڵێت، ئەمەش پێچەوانەو دژە لەگەڵ دەیان دەقی ڕاشکاوی قوڕئان و سوننەت، و پایەو شکۆی هاوەڵان لەلای ئووممەتی ئیسلام وەك ڕۆژی ڕووناك وایە.
وە بەڕاستی بۆ ڕایگشتی ڕادەگەیەنین کە ئەم کەسایەتییە نەدەبوو جورئەت بکات بەو زمانە و بەو جۆرە دەربڕینە قسە لەسەر هاوەڵان بکات کە هەڵگری پەیامی خودان و پاڵپشتی یەکەمی پێغەمبەری ئازیز صلی الله علیه وسلم بوون..!!!
لێرەشەوە داوا لەشێخ نەهرۆ دەکەین کە داوای لێبوردن لە بڕواداران بکات و دان بەوەدابنێت کە هەڵەی کردووەو سنوری بەزاندووە.
هاوکات داوا دەکەین لە یەکێتی زانایان و لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە بێنەدەنگ.
فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەڕلەمانی کوردستان
هەینی، ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٢