بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە کە ڕۆژانی 27-28 ی ئەم مانگە لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت، مەسرور بارزانی گەیشتە ئیمارات.
ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە میرنیشنی یەکگرتووی عەرەبی( ئیمارات)، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە کە ڕۆژانی 27-28 ی ئازار/3 لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت و چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە بەشداری تێدا دەکەن و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.
سەرۆکی حکومەت هەر لەو وڵاتە بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات، کە ساڵانە بە بەشداری چەندین بەرپرس و کەسایەتیی بەناوبانگی جیهانی لە شاری دوبەی دەکرێت، و ئەمساڵ لە ڕۆژانی 29-30ی ئازار/3 ئەنجام دەدرێت.
هاوکات بڕیارە سەرۆکی حکومەت، جیا لە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە و لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئیماراتیش کۆببێتەوە.