ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
ڕۆژنامەی پرس

65 ڕێكخراوو كه‌سایه‌تى نامه‌یه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى حكومه‌تى عێراق‌و هه‌رێم ده‌كه‌ن

  2022-02-10  |    1396 جار خوێندراوەتەوە
65 ڕێكخراوو كه‌سایه‌تى بوارى جینۆساید له‌په‌یامێكدا بۆ حكومه‌تى عێراق‌و هه‌رێم دواى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ڕوفاتى ئه‌و 171 هاوڵاتیه‌ى هه‌رێم ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا له‌به‌غدان‌و ده‌ڵێن:"ڕوفاتی ئازیزانمان بهێننەوە".



له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، "لەسەرەتاكانی ساڵی 2019 بەهۆی ڕێڕەوی ئاوی باران جل‌و بەرگی ژمارەیەك لەئەنفالكراوان لەگردۆڵەی شیخیەی 40 كم ی پارێزگای سەماوە، لەقوڵایی بیابان‌و دور لەئاوەدانی، لەسەر ڕێگه‌ی نوگرە سەلمان لە 3 گۆڕی بەكۆمەڵدا ڕوفاتی ئەنفالكراوانی لێ دۆزرایەوە".

 

پشتبەستوو بەبەندەكانی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006و لەڕێگه‌ی چەند ڕێنیشاندەرێك تواندرا شوێنی ئەو گۆڕانە دەستنیشانبكرێن، دەزگای شەهیدانی عێراق بەهاوكاری پارێزگاری سەماوە گۆڕەكان دۆزرانەوە، ڕۆژی 22ى 7ى 2019 وەك سەرەتای دەستپێكردنی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەیان ڕاگەیاند.

 

هاوكات لەكۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی 2019شدا تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كە پێكهاتبوو لەكارمەندانی فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دەزگای شەهیدانی عێراق‌و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی هەرێم‌و پزیشكی دادوەری سەر بەوەزارەتی تەندروستی فیدراڵ‌و ڕێكخراوی icmp بەهەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ دەستیان بەكاركردن كرد.

 

له‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەو سێ گۆڕە بەكۆمەڵە كەوتبوونە چوارچێوەیەكی نزیكەی نیو كیلومەتر، هەریەكەیان نزیكەی 200 مەترێك لێك دوربون، گۆڕەكان بەقوڵایی 75 سانیمه‌ترو درێژی 9 مەترو پانی 5 مەتر هەڵكەندرابون، ڕوفاتەكان كەتبوونەسەر یەكتر، وەك نیشانەیەك بۆ شێوازی دڕندەیی شەهیدكردنى بەكۆمەڵیان لەلایەن ڕژێمی تاوانباری بەعسەوە".

ئه‌و 65 كه‌سایه‌تى‌و ڕێكخراوه‌ى بوارى جینۆساید ده‌ڵێن:"لەیەكەم گۆڕدا تیمی نیشتمانی توانییان لەماوەی 7 ڕۆژی كاركردندا 171 ڕوفاتی ئەنفالكراوانی ئازیزمان هەڵبگرنەوە، كە تەمەنی ژنەكان لەنێوان 18 بۆ 50 ساڵی بون‌و منداڵەكانیشیان لەنێوان یەك ساڵ بۆ 17 ساڵان بون، سەرجەم ئەو ڕوفاتانە گوازرانەوە بۆ پزیشكی دادی بەغدا تاوه‌كو نمونەی ئیسكیان لێ وەربگیرێت".

 

وه‌كو ئاشكرایانكردوه‌، لەپەیمانگای پزیشكی دادی بەغدا لەماوەی 2 مانگدا تواندرا بەشێوەیەكی زانستی نمونەی ئێسكی هەموو ڕوفاتەكان وەربگیرێت‌و بەكۆدی تایبەتی خۆیان لەكۆگاكان بپارێزرێن، لەپاڵ ڕوفاتەكاندا لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەدا جلوبەرگ‌و شتومەك‌و كەلوپەل دۆزرانەوە.

 

نیگه‌رانى خۆیشیان ڕاگه‌یاندوه‌ له‌وه‌ى، "بەداخەوە تائێستا بەبەهانەی بونی نەخۆشی كورۆنا كارنەكراوە بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتەكان بۆ كوردستان، لەكاتێكدا گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال نەك تەنها نمونەی ئێسكیان لێوەرگیراوە، بەڵكو سەمپڵی خوێنی كەسوكاریشیان وەرگیراوەو بەراوردیش كراوەو خاوەنەكانیشیان ناسراونەتەوە، بۆیە پێمانوایە هیچ بەهانەیەك بۆ دواكەوتنی هێنانەوە ڕوفاتەكانی سەماوە نییە".

 

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داواده‌كه‌ن، "لێرەدا وێڕای جەختكردنەوەمان لەسەر پەلەكردن لەهێنانەوەی ڕوفاتی ئەو 171 قوربانییە هاوكات چەند داواكاریەشمان بۆ هه‌ردوو حكومەتی عێراقی‌و هەرێمی كوردستان هه‌یه‌".

 

له‌داواكاریه‌كانیاندا مه‌ترسى ئه‌وه‌یان ئاشكراكردوه‌، بەهۆی گۆڕانی كەشو هەواو ڕەشەبای بیابان، ئەگەری ونبونی شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵه‌كان هه‌یه‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داواده‌كه‌ن، پەلەبكرێت لەهەڵدانەوەی 2 گۆڕەكەی تری (تل شیخیە) یان هەر نەبی سیم بكرێت تاكو ون نەبنەوە.

 

له‌به‌شێكى دیكه‌ى نامه‌كه‌دا هاتوه‌، "بەگوێرەی وتەی شاهیدحاڵەكان ئەو ناوچەیە ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە بونی هەیە، چ جای بونی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەنزیك قەڵای نوگرە سەلمان، داواكارین پەلەبكرێت لە دۆزینەوەیان‌و هێنانەوەی ڕوفاتەكانیان،

 
بەهۆی ئەوەی زۆرینەی كەسوكاری ئەنفالكراوان تەمەنیان بەرەو ژورەو زۆربەیشیان مردون، بۆیە پێوستە پەلەبكرێت لەهەڵمەتی نیشتیمانی وەرگرتنی نمونەی خوێن( DNA) تاكو بەراورد بكرێت لەگەڵ سامپڵی ئێسكی ئەو ڕوفاتانەی دۆزراونەتەوەو ئەوانه‌شی لەداهاتودا دەدۆزرێتەوە، بەمەبەستی ناسینەوەیان".

 

هه‌روه‌ك باسى جلوبەرگ‌و كەلوپەلی ناو ئەو گۆڕانەش كراوه‌ كه‌ دەدۆزرێنەوە، ئه‌و 65 ڕێكخراوو كه‌سایه‌تیه‌ جه‌ختیانكردۆته‌وه‌، "ئه‌وانه‌ سامانی پڕ بایەخن، ناكرێ پشتگوێبخرێت، دەبێت ئەو كەلوپەلانە بهێنرێنەوە كوردستان‌و لەمۆزەخانەیەكی نیشتمانی تایبەت بەئەنفال نمایشبكرێن".


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ