ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

بارزانی پۆستی سەرۆك کۆمار به‌ده‌ست ده‌هێنێت ؟؟؟

  2022-07-27  |    1893 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌نوا پرێس
ڕۆژنامەی العرب-ی لەندەنی ئاشکرای دەکات، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان نایەوێت سیناریۆی ساڵی 2018ی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری عێراق دووبارە ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی خۆی هەیە.

لەبارەی پلانەکەوە ڕۆژنامە عەرەبیەکە ئاماژەی بەوە کردوە، مەسعمود بارزانی دەڵێت "یان پۆستی سەرۆك کۆمار بۆ پارتی دەبێت، یان پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەو پۆستە پەکدەخەن".

ڕۆژنامەی العرب باسی لەوەشکردووە، دووبارە پارتی ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نیشانداوە.

هاوکات پارتی هەڕەشەی ئەوەش دەکات ئەگەر یەکێتی لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح سوربێت، ئەوا پەنا بۆ "سێیەکی پەکخەر" بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبات.

لەچەند رۆژی رابردوودا چوارچێوەى هەماهەنگی محەمەد شیاع سودانى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران کاندید کردو داوایشى لە پارتى و یەکێتى کرد کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوەو رێکبکەون لەسەر ناوێک، بەڵام تائێستا پارتى و یەکێتى لەسەر کاندیدەکانى خۆیان سورن و رێکنەکەوتوون.

لەلایەکى دیکەوە ڤیان سەبری سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، تائێستا پارتى‌و یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدى سه‌رۆك كۆمار نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن‌و هه‌رلایه‌نه‌و سوره‌ له‌سه‌ر كاندیدى خۆى، بۆیە پێشنیازی ئەوەمان کردوە کە کاندیدی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانى کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.

بڕیارە رۆژانى داهاتوو مەکتەبى سیاسی پارتی و یەکێتى لەسەر پرسى کاندیدی سەرۆک کۆمار کۆببنەوەو گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن بۆ ئەوەى بە یەک کاندیدی هاوبەش بچنە بەغدا، بەڵام  بریارە پارتى داوای گۆڕینى کاندیدەکەى یەکێتی دەکات و یەکێتیش سورە لەسەر نەگۆڕینی.

س.هـ


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ