ڕاپۆرتی :لاوان ئەحمەد
پێشبینی دەکرا لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم خولەی پەرلەماندا پرسی دەستوور یەکێک بێت لەو پرسانەی بەزوویی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام تا ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای باڵای عێراقەوە ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر نەکراو ناشزانرێت ئەم ھەرێمە کەی دەبێتە خاوەن دەستوور؟!!.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندینجار ئەم پرسە بەشێوەی جیاواز باسی لێوەکراوەو ھەوڵدراوە ھەرێم ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، تەنانەت لەپەرلەماندا دەستوور پەسەندکراو دەنگی لەسەردرا، بەڵام قۆناغەکانی دواتری تێنەپەڕاندوە ، بۆیە ھێشتا نەتوانراوە لەھەرێم دەستوور گەڵاڵە بکرێت :
پارتی : ئێمە لە کوردستان لەمپەرمان زۆرە بۆ نووسینەوەی دەستوور
زانا توفیق - پارتی دیموکراتی کوردستان"دەبێت دەستوورمان ھەبێت حکومڕانی بەبێ دەستوور نابێت , وەکو پارتی بۆچوونمان وابووە دەبوو ڕەشنووسی دەستووری ساڵی ٢٠٠٩ بکرێت بە بنەما بۆ نووسینەوەی دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان بە گۆڕانکارییەوە".
وتیشی " بەڵام ئێمە لە کوردستان لەمپەرمان زۆرە بۆ نووسینەوەی دەستوور لەوانە :
- کۆدەنگی سیاسیمان نییە بۆ نووسنەوەی دەستوور .
- ژینگەیەکی لەبارمان نییە بۆ خستنە دەنگدانی دەستوور لە ھەرێمی کوردستان.
- سیستەمی بەڕێوەبردنی ئێمە خراپە .
- کێشەی دیاریکردنی نەخشەی جوگرافی و سنوورمان ھەیە ئێمە لەدەستووردا دەبێت سنووری ئەم ھەرێمە دیاری بکەین ئایا بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم دەتوانین ئەوە بکەین.
شیوعی : حیزبەکانی ھەرێم لە ژێر کاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی و عێراقی دان لە بابەتی نووسنەوەی دەستوور
ئەبو کاروان - حزبی شیوعی کورستان "پێویستە پەلەبکرێت لە نووسینەوەی دەستوورێک بۆ ھەڕێمی کورستان"
ئەم بەرپرسەی پارتی "جەخت لەوەدەکەنەوە دەستوور بۆ خەڵک دەنووسرێتەوە، نەک بۆ حزبەکان بۆیە گرنگە ئەو دەستوورە مافی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت".
حزبی شیوعی پێی وایە حیزبەکانی ھەرێم لە ژێر کاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی و عێراقیی دان لە بابەتی نووسنەوەی دەستوور ئەوان نایەنەوێ ھەرێم خاوەنی دەستوورێک بێت.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان : ئێمە داوای ئەوە دەکەین ئیسلام سەرچاوەی یاسادانان بێت لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندا
د. بێسون حمە ساڵح - کۆمەڵی دادگەری کوردستان " ئێمە داوای ئەوە دەکەین ئیسلام سەرچاوەی یاسادانان بێت لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندا لەسەر ئەم بابەتەش سازش ناکەین" .
زەحمەتکێشان: لەبوونی دەستوور گرنگتر ئەوەیە دەستوور لەلای ھەمووان جێگای رێز بێت
بختیار مستەفا – ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان : سەبارەت بە گرنگی دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دیدی حزبەکەیان خستە ڕوو :
“پرسی دەستوور بۆ ھەرێم زۆر گرنگە و دەبێتە سەرەتای چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بەڵام لەبوونی دەستوور گرنگتر ئەوەیە دەستوور لەلای ھەمووان جێگای رێز بێت ….
ئێمە وەک حیزبی زەحمەتکێشان نەک دەستورێکی عیلمانی بەڵکو دەستورێکی سێکۆلار و مەدەنی دەخوازین و دەمانەوێت لەسایەی دەستوردا سەرجەم کوردستانیان یەکسان بن لەڕووی یاسایی و ژیان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رێز گرتن لەسەرجەم نەتەوەو ئاین و مەزھەب.
یەکگرتوو : پێویستە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سازبکرێت بۆ ئامادەکردنی دەستوور
فاتیح سەنگاوی – ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان "پێویستە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سازبکرێت بۆ ئامادەکردنی دەستوور کە لەسەر بنەمای یەکترشکاندن و ململانێ نەبێت، لەبەرئەوەی دەستوور پەیوەندی بە ھەموو خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە دەبێت دەربازبکرێت لە ململانێی سیاسیی" .
وتیشی "یەکگرتوو لەگەڵ دانانی دەستووردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زەمینەی نووسینەوەی دەستوور زەمینەیەکی لەباربێت و دەستوور بە باڵای کەسدا نەبڕێت و بۆ ھەرێمی کوردستان و داھاتووەکەی بنوسرێت".
سەنگاوی دەڵێت "بە گرنگی دەزانین سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستوور ئیسلام و نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت، بەڵام تاکە سەرچاوە نابێت ھەر لە ئیسلامیشدا سەرچاوەی دیکە ھەیە کە دادەنرێت بۆ بابەتی دەستوور."
گۆڕان : دەستوور نابێت بە عەقڵیەتی زۆرینەو کەمینە بنووسرێتەوە
چۆمان محمد - بزووتنەوەی گۆڕان " دەستوور ڕەھەندێکی نیشتمانی ھەیە ، پرۆسەیەکی موستەقبەلییە, بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییە لە نێوان دەسەڵاتەکان. "
سەرکردایەتی ئەم بزووتنەوەیە پێیان وایە"دەستوور نابێت بە عەقڵیەتی زۆرینەو کەمینە بنووسرێتەوە نابێت بە باڵای حیزبێکی سیاسی دیاریکراودا ببڕدرێت"
وتیشی "فرسەت ھەبوو ببینە خاوەن دەستوور , بەڵام لەبەر ئەوەی گرفتەکە ئەوە بووە وەک کاڵا بینراوە , ھەرکات پێویست بکات دەخرێتە بەر باس و ھەندێ جار ئەخرێتە ڕەفەکانەوە بۆیە نەتوانر ببینە خاوەن دەستوور".