ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

برای گه‌نجه‌ كوژراوه‌كه‌ى كه‌لار: براكه‌م به‌هیچ شێوه‌یه‌ك روبه‌ڕوى ئاسایش نه‌بوه‌ته‌وه‌ و سكاڵا تۆمار دەکەم

  2023-12-03  |    1387 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوا پرێس
برایه‌كى ئه‌و گه‌نجه‌ى له‌ كه‌لار له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ برینداركرا و ئه‌مڕۆ گیانى له‌ده‌ستدا ره‌دی ده‌كاته‌وه‌ براكه‌ى روبه‌ڕوى هێزه‌كانى ئاسایش بوبێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: به‌و مه‌رجه‌ ته‌رمه‌كه‌یمان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ڵێنى پێكهێنانى لیژنه‌یان پێمانداوه‌ و سبه‌ینێش سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین. ​

هەرچەند بەپێی راگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم له‌ رۆژى ٢٧ـی ١١ـی ٢٠٢٣، ئه‌و رۆژه‌ روبەڕوبونەوە لەنێوان هێزێکی ئاسایش و سێ تۆمەتباری بازرگانییکردن بە مادەی هۆشبەر لە نزیک قەڵای شێروانە لە کەلار دروستبو و سەرەنجام هەرسێکیان دەستگیرکران و یەکێکیشیان لە روبەڕوبونەوەکەدا بریندار بوە. ئه‌مڕۆ برینداره‌كه‌ كه‌ ناوى رزگار جەلالە و خێزانداره‌، پاش پێنج رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانى له‌ده‌ستدا.
 
دیار جەلال، برای ئه‌و گه‌نجه‌ى گیانى له‌ده‌ستداوه‌، پاش ناشتنی تەرمەکەی لەسەرگۆڕستان وتی ، له‌ رۆژى روداوه‌كه‌دا، به‌ شایه‌تى چه‌ندین كه‌س، براكه‌م هیچ ده‌مانچه‌ و چه‌كێكى پێنه‌بوه‌ و له‌ناو ئۆتۆمبیلێكى ئۆپڵدا بوه‌ و به‌خاوى لێیخوڕیوه‌ و ته‌قه‌ى لێكراوه‌.
 
رونیشیكرده‌وه‌: سێ ئۆتۆمبیلی مێكزه‌مینی ئاسایش دواى براكه‌م كه‌وتون و ته‌قه‌یان لێكردوه‌ و دو فیشه‌كى ئێم فۆڕی به‌ركه‌وتوه‌، یه‌كێكیان له‌ پشته‌وه‌ به‌رى كه‌وتوه‌ و ئه‌وكه‌ى تریان له‌ ملییه‌وه‌.
 
ئه‌و هاوڵاتیه‌ نیگه‌ران بو له‌وه‌ى وتویانه‌ براكه‌ى روبه‌ڕوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بوه‌ته‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ وتى: "ناخۆشیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێن روبه‌ڕوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بوه‌ته‌وه‌، ده‌ى ڤیدیۆ هه‌یه‌ و كامێرای چاودێری هه‌یه‌، ئه‌م كامێرانه‌ لێ بده‌ن، ئه‌گه‌ر براكه‌م روبه‌ڕوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بوه‌ته‌وه‌و ته‌قه‌ى كردوه‌، ئه‌وه‌ من له‌ خوێنى براكه‌م خۆش ده‌بم، ئه‌گه‌ر براكه‌ى من فیشه‌كێكى ته‌قاندوه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، ئه‌وا من ده‌ستخۆشی له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌م كه‌ كوشتویانه‌".
 
باسی له‌وه‌شكرد: دوای روداوەکە هێزەکانی ئاسایش کامێرای چاودێریی ئەو سنورەیان کۆکردوەتەوە.
 
لەبارەی ئەوەی هەڵوێستیان چی دەبێت؟ دیار جەلال، جەختی کردەوە لەوەی: "ئێمه‌ سكاڵاى خۆمان تۆمارده‌كه‌ین، هیچ شتێك وه‌كو خوێنى ئینسان گرنگ نییه‌، له‌ هیچ یاسایه‌كدا نیه‌ كه‌سێك تۆمه‌تبار بێت تا دادگا نه‌بینێ و ته‌قه‌ى كوشتنى لێبكرێت، ئه‌گه‌ر وایه‌ ده‌توانرا ته‌قه‌ له‌ تایه‌ى سه‌یاره‌كه‌ى بكه‌ن".
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا دواى ئه‌وه‌ى براكه‌ى ئه‌م به‌یانییه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌، بڕیاری داوه‌ پرسه‌ى بۆ دانه‌نێت و ته‌رمه‌كه‌ى له‌به‌رده‌م ئاسایش جێبێڵێت، به‌ڵام به‌ وته‌ى خۆی "دواتر خه‌ڵكێكى زۆر له‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌مان و پیاوماقوڵ ته‌داخولیان كرد و ئاسایش به‌ڵێنى دا كه‌ ئه‌وان لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ پێكدێنن و ئیجرائات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ ته‌قه‌ى له‌ براكه‌م كردوه‌، به‌و مه‌رجه‌ ته‌رمى براكه‌مان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ و ناشتومانه‌".

نووسینەوەی لە ڕادیۆی دەنگ وەرگیراوە


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ