ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
ڕۆژنامەی پرس

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان: پیاهەڵدانی تاوانبارانی ئەنفال بەتاوان ھەژماربکرێت

  2022-02-21  |    1794 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌نوا پرێس( ڕۆژنامه‌ى پرس )
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر دەستپێکی قۆناغی یەکەمی شاڵاوەکانی ئەنفال تێپەڕدەبێت و لەم یادەدا داوا دەکەن حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بایەخ وگرنگی بە مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال بدەن و ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، ئەمڕۆ "34"ھەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی قۆناغی یەکەمی شاڵاوەکانی ئەنفال بو کە لە رۆژی 1988/2/21 قۆناغی یەکەمی تاوان و ھێرشەکانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد. لەچەند قۆڵێکەوە ھێرشی بەرفراوان کرایە سەر دۆڵی جافایەتی. گوندەکانی ئەو دەڤەرەو بارەگاکانی سەرکردایەتی شۆڕش و ھێزی پێشمەرگەی کرانە ئامانج.

 ئەوەش هاتوە، قۆناغی یەکەمی شاڵاوی ئەنفال لە (21 شوبات بۆ 19 ئازاری 1988ی خایاند) کە هێرشکردن بو بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو لە دۆڵی جافایەتی، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (80)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. بە ئامانجی وێرانکردنی (25–30) گوند لە دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە. ھێزە بەشداربوەکانی ئەم شاڵاوە پێکھاتبون لە (20) لیواو شەست فەوج.

 یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، داوا دەکەن حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بایەخ وگرنگی بە مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال بدەن و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەن. هەروەها ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال لەگەڵ ھێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق و کردنی بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقی.

 ئەوەشی خستوەتەڕو، پێویستە گرنگی و بایەخدان بەم  تاوانانە لەسەر ئاستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم بدرێت  لەرێگەی دەرکردنی بەیاننامەو ئەنجامدانی مەراسیم و رێزگرتن لە قوربانیەکان و کەسوکاریان. هەروەها ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان هەبێت، داواش دەکەن یادەکانی ئەمساڵ شایستەترو کاریگەرتربن و  ھەمو سەفارەت و کونسوڵخانەو نوسینگەی وڵاتانی بیانی لەعیراق و کوردستان بانگھێشتی مەراسیمەکانی جینۆسایدی کوردستان بکرێن. بەزمانی بیانی و بە شێوازی جیاوازتر پەیامەکان ئاراستەی دەرەوەو ناوەوەی وڵات بکرێت.


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ