ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە: پاڵاوگەی بێجی نموونەییترین چارەسەرە بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان

  2023-08-31  |    528 جار خوێندراوەتەوە
پاڵاوگەی بێجی
سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی گەشەپێدان، کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، لە راپۆرتێکیدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوی کردوه‌تەوە، ئاماژە بە سوودە ئابوورییە گەورەکانی گەڕاندنەوەی پاڵاوگەی بێجی دەکات بۆ عێراق، کە یەکەمیان کەمکردنەوەی فشاری ئێران و تورکیایە لەسەر وڵاتەکە و دووەمیش رێگرتنە لە بەفیڕۆچوونی لانیکەمی پێنج ملیار دۆلاری ساڵانە کە بە هۆی نەبوونی پاڵاوگەوە عێراق ناچار بوو ئەو بڕە پارەیە لە هاوردەکردنی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەدا خەرجی بکات.

ئەو راپۆرتە کە بە سەرپەرشتی سادق ئەلریکابی، بەڕێوەبەری توێژینەوە ئابوورییەکانی سەنتەرەکە ئامادە کراوە، ئاماژە بەوە دەدات ئێستا عێراق توانای پاڵاوتنی (1.116.000) یەک ملیۆن و سەد و شانزە هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، لە کاتێکدا تەنیا 950 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، بەڵام بە گەڕاندنەوەی پاڵاوگەی بێجیی و بەکارخستنەوەی، توانستی پاڵاوتنی نەوتی وڵاتەکە بەرز دەبێتەوە بۆ (1.260.000) یەک ملیۆن و دووسەد و شەست هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش وا دەکات پێداویستیی وڵاتەکە بۆ بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین و گاز پڕ بکاتەوە و چیتر عێراق پێویستیی بە هاوردەکردنی هیچ بەرهەمێکی نەوتیی نەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، عێراق ساڵانە 3.5 سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ هاوردەکردنی بەنزین و گاز خەرج دەکات، چونکە وڵاتەکە رۆژانە پێویستی بە 32 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، کە ئەوەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر بودجەی وڵاتەکە کە هەنووکە زۆر پێویستیی بە پارەیە بۆ پرۆژە گەورەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە.

سەبارەت بە کاتی گەڕاندنەوەی پاڵاوگەکەش، راپۆرتەکە وای پیشان دەدات کاتی گەڕاندنەوەی پاڵاوگەکە، زۆر گونجاو و گرنگ بووە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ رەتکردنەوەی بەردەوامی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی 450 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، بەکارخستنەوەی ئەوە پاڵاوگەیە عێراق لە ژێر فشاری ئەو هەموو مەرج و داواکارییە دەردەهێنێت کە تورکیا لە رێی کارتی راگرتنی نەوتەوە دەیەوێت بەسەر عێراقیدا بیسەپێنێت.

بە پێی راپۆرتەکە، کاتێک ئەو پاڵاوگەیە دەکەوێتەوە کار، ئەوا عێراق هیچ پێویستیی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێت و ئەو کاتە پاڵاوگەی بێجی نموونەییترین چارەسەر دەبێت بۆ بەگەڕخستنەوەی نەوتی هەرێمەکە، چونکە توانای پاڵاوگەکە 310 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە کە دەکرێت بۆ پێداویستیی رۆژانە بەکار بێت.

ئەم بێ نیازبوونەی عێراق لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وا دەکات کە پێگەی عێراق لە دانوستان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر بێت، بەکارخستنەوەی پاڵاوگەکە وا دەکات لە لایەکی دیکەوە عێراق چیتر پێویستی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان نەبێت لە ئێرانەوە، ئەمەش وا دەکات فشارەکانی ئێرانیش لەسەر عێراق کەم ببنەوە، جگە لەوەی بەو هەنگاوە عێراق دەتوانێت پشتبەستن بە ئێران کەم بکاتەوە و خۆی لە سزاکانی شکاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران قوتار بکات.


>زۆرترین خوێندراو