ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

رۆژنامه‌ی الصباح: چارەنووسی یاسای نەوت و غاز تەمومژاوییە و وادەی پەسەندکردنی نادیارە

  2023-08-31  |    260 جار خوێندراوەتەوە
نةوت
رۆژنامەی (الصباح)ـی نیمچە فەرمی، لە هەواڵێکی لاپەڕەی یەکەمیدا بە مانشێتی (یاسای نەوت و غاز دواخراوە تا کاتێکی نادیار)؛ ئاماژەی بە لێدوانی پەرلەمانتارێکی عێراق داوە کە بە هۆی بایەخی فراوانی یاساکەوە بۆ ئابووریی عێراق دەبێت لە قۆناغی ئێستادا کە قۆناغی نووسینەوە و گەڵاڵەکردنی یاساکەیە بە وردیی کاری تیادا بکرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە درێژەی هەواڵەکەیدا رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لەسەر بنەمای لێدوانی کێ و بە هۆی چییەوە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

ئێستا گرەوێکی زۆر دەکرێت لەسەر ئەوەی دەبێت یاسای نەوت و غاز لەم خولەی پەرلەماندا پەسەند بکرێت، لەمەشدا لایەنەکانی شیعە (بە تایبەتی هێزەکانی پێکهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی)، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت پێش کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان یاساکە پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەباح سوبحی؛ پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بە رۆژنامەکەی وتووە: "یاسای نەوت و غاز هێشتا لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی رەشنووسەکەیدایە، ئەوەش قۆناغی یەکەمی هەر یاسایەکە، ئەم یاسایە پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسیی سەرتاپاگیرە، لەبەر ئەوەی یاسایەکی زۆر هەستیاریشە، پێویستی بە کۆڵینەوە و گفتوگۆی هەمەلایەنە لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە".

بەو وتەی ئەو پەرلەمانتارە، یاساکە زۆر رەهەندی هەیە کە گرنگرترینیان رەهەندی ئابوورییە، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی رەنگڕێژکردنی ئابووریی عێراق، ئەمە لایەنێکیەتی، لایەنی دووەم پەیوەستە بە رەهەندی یاسایییەوە، چونکە عێراق لەگەڵ ئەوەی لە دەستوورەکەیدا ماددەیەکی تایبەت بە نەوت و غازی هەیە کە پێویستە یاسایەکی تایبەتی بۆ گەڵاڵە بکرێت و کەچی هێشتا ئەو بۆشایییە یاساییە هەیە و پڕ نەکراوەتەوە".

رەهەندێکی گرنگی دیکەی یاسای نەوت و غاز، بە بڕوای سەباح سوبحی، سیاسییە، ئەو پێی وایە: "نەوت وەک کاڵایەک لە رووی سیاسییەوە بایەخێکی بێئەندازی هەیە، چونکە نەوت ئەو بەرهەمەیە کە ئابووریی و دەوڵەتی عێراق بە تەواوەتیی پشتی پێ دەبەستن، چونکە 90%ی ئابووریی وڵات پشت بەو بەرهەمە دەبەستێت، هەر بۆیە زۆر پێویستمان بەو یاسایە هەیە".

لایەنی کۆتاییش لایەنی تەکنیکیی بەرهەمهێنانی نەوتە، کە بە وتەی سوبحی پیشەسازیی نەوت پڕە لە وردەکارییە هونەرییەکانی بەرهەمهێنان، لە دەرهێانەوە تا فرۆشتن، "هەر لەبەر ئەو چوار لایەنە ئێمە ئێستا لە جەرگەی گەڵاڵەکردنی یاسایەکی گرنگ و ئاڵۆز و هەستیار و چارەنووسسازداین بۆ عێراق".


>زۆرترین خوێندراو
عەبدوڵا کەریم مەحمود
سەرکەوت پەرێشان