قاچاخچێتی لە هەرێمی کوردستان: دەرمان، گۆشت، هێلکە و ئاژەڵ، بازرگانییەکی نایاسایی لەژێر سێبەری بەرپرساندا
هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی دۆسیەی قاچاخچێتی و بازرگانی نایاسایی دەبێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتی و ئابووری ناوخۆیی هەیە.
قاچاخچێتی دەرمان بازاڕێکی بێ سنوور و مەترسیدار:
قاچاخچێتی دەرمان و نەبوونی چاودێری کوالێتی کۆنترۆڵ، کێشەیەکی سەرەکی ئەو دەرمانانەیە کە لە هەرێمی کوردستان بەردەستن. زۆرێک لە دەرمانخانە و کۆگاکان پڕن لەو دەرمانانەی کە ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵیان لەسەر نییە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یان بە قاچاخ هێنراون یان لە پشکنین دەرنەچوون. ئەم بازرگانییە قازانجێکی زۆری هەیە، بە جۆرێک قازانجی هاوردەکردنی دەرمان بۆ کۆمپانیاکان، یەک بە دووسەد و سێسەد جار زیاترە. بەپێی زانیارییەکان، بڕێکی زۆر پارە بە ملیۆنان دۆلار لەم بازرگانییە نایاساییەدا سووڕ دەخواتەوە. بەداخەوە، بەشێکی زۆری دەرمانەکان بەهۆی نەبوونی شوێنی تایبەت و گونجاو بۆ هەڵگرتنیان لە دەرمانخانە و کۆگاکان، زوو بەسەردەچن، چونکە ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ هەڵگرتنیان لە بەفرگر و کۆگای تایبەت جێبەجێ ناکرێن بەهۆی نەبوونی چاودێری.
هەروەها پزیشک و کۆمپانیا و دەرمانخانەکان ڕێککەوتنی جۆراوجۆریان هەیە بۆ ساغکردنەوەی دەرمانەکان، کە تێیدا بڕی پارە، ڤیزا، کرێی ئۆفیس و تەنانەت پارەی سکرتێریش دەدرێت. هەندێک پزیشک پرسیار لە جۆری کوالێتی دەرمانەکە دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویشیان تەنیا لەپێناو دەسکەوتی پارە یان پشک، ئامادەی ساخکردنەوەی دەرمانە بێ کوالێتییەکانیش دەبن. ئەم بابەتە "هەستیارە و کەسانی بەهێزی لەپشتن"، هەربۆیە زۆربەی بەشداربووان لە لێدوانەکاندا ئامادە نەبوون دەم و چاویان نیشان بدرێت.
لە ساڵی 2013 پڕۆژەیەک بۆ کۆنترۆڵی دەرمان لەژێر ناوی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ڕادەستی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا لەسەر لاپەڕەیە و نەقیبی سەندیکای دەرمانسازان پێی وایە پڕۆژە نییە. لە سلێمانی زیاتر لە 340 دەرمانخانە هەن و ساڵانە ڕێژەی کردنەوەی دەرمانخانەکان لە زیادبووندایە، کە کردنەوەی هەر دەرمانخانەیەکی تازە پەیوەندی بە کۆمپانیا حیزبییەکانەوە هەیە.
قاچاخچێتی هێلکە و گۆشتی بەستوو زیانێک بۆ هاوڵاتی و جوتیار:
لەسەر ئاستی قاچاخچێتی خۆراکیش، دۆخەکە جێگەی نیگەرانییە، هەموو شەوێک نزیکەی 10 بارهەڵگر گۆشتی بەستوو بە شێوەی نایاسایی و بەبێ پشکنین دەهێنرێنە سلێمانی. بۆ داخڵکردنی هەر بارهەڵگرێک 700 دۆلار وەرگیراوە، کە ئەمەش داهاتێکی 175 هەزار دۆلاری شەوانە تەنیا لە قاچاخچێتی گۆشتی بەستوو دروست دەکات. لە بازگەکان ئەم کارە بە "تەنسق" ناو دەبرێت، واتا حیزب ڕێگەی پێدەدات و پارەکەشی بۆ حیزب دەچێت. لە ماوەی ڕابردوودا، ئێمە چەندین دۆسیەی قاچاخچێتی، وەک کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونمان لە سلێمانی ئاشکرا کردووە.
هاوکات شەوانە نزیکەی 17 بارهەڵگری بەفرگر بە شێوەی قاچاخ مریشکی بەستوو داخڵی سلێمانی دەکریت و بۆ داخڵکردنی هەر بارهەڵگرێک حەوت هەزار دۆلار (70 وەرەقە) وەرگیراوە.
قاچاخچێتی ئاژەڵ و مایەپووچکردنی جوتیارانی ناوخۆ:
لەسەر ئاستی قاچاخچێتی ئاژەڵیش، دۆخەکە مەترسیدارە. ڕۆژانە هاوردەکردنی ئاژەڵی سوری بە قاچاخ بەردەوامە بە تایبەت لە فیشخاپوورەوە. لەوبارەیەوە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاندووە کە هیچ ڕێگەپێدانێکیان بۆ ئەم کارە نەکردووە و هیچ پشکنین و کەرەنتینەیەک بۆ ئەم ئاژەڵانە ناکرێت. ئەوانەی ئەم پرۆسەی قاچاخچێتییە دەکەن مانگانە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار دەستدەکەوێت. بەڵام ئەمە دەبێتە قوربانی بۆ زیاتر لە 40 هەزار ئاژەڵدار. ئەم قاچاخچێتییە جگە لەوەی یاساشکێنییە و زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت، مەترسی بڵاوکردنەوەی نەخۆشیشی هەیە.
هێنانی ئەم ئاژەڵە قاچاغانە لە خەتی سحێلاوە، هەزاران ئاژەڵداری مایەپووچ کردووە. ئەم قاچاخچێتییە بۆ ئەوە نییە کە هاوڵاتی گۆشت هەرزان بکڕێت، بەڵکو بۆ دەستکەوتی ملیۆنان دۆلارە.
لە کۆتاییدا، قاچاخچێتی لە هەرێمی کوردستان بە داهاتێکی زۆر و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و حیزبەکانەوە بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بە تەندروستی گشتی، ئابووری ناوخۆ، و سەروەری یاسا دەگەیەنێت.