ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

خانەنشینان: بەرپرسانی هەرێم عەقڵییەتی بەڕێوەبردنیان نییە

  2025-07-26  |    15 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوا پرێس

خانەنشینێک دەڵێت: حکومەت ڕاستگۆ نیە لەگەڵ هاوڵاتیان و خۆیان خاوەنی هەموو شتێكن، خانەنشینێکی دیکەش دەڵێت: سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە ئەوەش، کە وەری دەگرین بەشی پزیشك و نەخۆشیەکەمان ناکات دوو ڕۆژە دێم بۆ مووچە بەم گەرمایە، خانەنشینێكی دیكەش دەڵێت: بەرپرسانی هەرێم عەقڵیەتی بەڕێوەبردنیان نیە.

لە دووای نزیکەی سێ مانگ لە دوواکەوتن موچەخۆران مووچەی مانگی ئایاریان وەردەگرن لەوبارەوە بەشێك لە خانەنشینان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

 

پەروین ئەحمەد، خانەنشینە و دەڵێت: حکومەت ڕاستگۆ نیە لەگەڵ هاوڵاتیان و خۆیان خاوەنی هەموو شتێكن. دەشڵێت: پاش ئەو هەموو ماندوبون و خزمەتە، بەڵام پاداشتمان نادەنەوە و پێویستە مووچەکەمان لەکاتی خۆیدا بدەنێ لەكاتێكدا مووچەكانمان بەشی هیچ ناکات.

هەروەها، شوکرییە حەبیب، كە خانەنشینێکی دیکەیە وتی: سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە ئەوەش، کە وەریدەگرین بەشی دکتۆر و نەخۆشییەکەمان ناکات، لەكاتێكدا دوو ڕۆژە دێم بۆ مووچە بەم گەرمایە. وتیشی: بانكەكان قەرەباڵخن و پێویستە مووچە بەشێوەیەكی باش دابەشبکرێت بەجۆرێك دوێنێ بەهۆی قەرەباڵخیەوە چەندین کەس تەندروستیان تێكچووە.

هەروەها، سەردار محەمەد، كە خانەنشینێكی دیكەیە دەڵێت تائێستا تێنەگەیشتوین تەوتین یاخود هەژماری من چییە بۆیە هیچیمان پڕ نەکردتەوە، بەڵام لەسەدا یەک لێبڕین هەیە. وتیشی: حەفتا ساڵ تەمەنمە دۆخی وەک ئێستام نەدیوە بۆخراپی، مووچە کەمە یەکێک کرێچی بێت یان نەخۆشی هەبێت بەشی ناکات، ناکرێت دوای ئەو هەموو خزمەتە بەم شێوەیە مووچە وەربگرین، ئەمەش هۆكارەكەی ئەوەیە بەرپرسانی هەرێم عەقڵیەتی بەڕێوەبردنیان نیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەوانەی هەژماری من پڕبکەنەوە مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن، بەڵام دووای نزیكەی سێ مانگ لە نەدانی مووچە، بەشداربوانی ئەو هەژمارەش وەک موچەخۆرانی دیكە مووچەکانیان وەرگرت و هیچ جیاوازییەک نەبینرا، هاوکات تا ئێستاش ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵی موچەخۆران.

 


>زۆرترین خوێندراو