لە سلێمانی، لەلایەن سەنتەری میترۆە ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی چالاکی و ناڕەزاییەتییەکان بڵاوکرایەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتیی لەکاتی ناڕەزاییەتییەکان دەسگیرکراون لەتازەترین پێشهاتیشدا لە شارەدێی وەرتێ هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شەهید کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشی زۆری ناڕەزاییەتییەکان لەشاری سلێمانی بووە کە ١١١ چالاکی بووە و لە هەولێر ٥٧ چالاکی و شەش چالاکی لە دهۆک و هەشت چالاکی لە هەڵەبجە و لە هەریەکە لە ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین هەشت و لە گەرمیان ١١چالاکی هەبووە.
باس لەوەشکراوە، لەو ژمارەیە ٦١ چالاکییان بۆ مووچە و ٣١ چالاکییان بۆ خزمەتگوزاری بووە، هاوکات، ١٠٠ حاڵەتی دەسگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هاووڵاتییان لەکاتی ناڕەزاییەتییەکاندا تۆمارکراون، لە دهۆکیش یەک حاڵەتی ڕفاندن هەبووە.
دەشڵێن: ئەرکی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانە بکوژ دەسگیر بکرێت، بەدەردی کەیسەکانی ساڵانی ڕابردوو نەچێت، هاوکات لە هەولێر هەر بەیانی ئەمڕۆ چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک دەسگیرکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاماری بوونی زۆری ناڕەزاییەتییەکان زیندووبوونی کۆمەڵگە دەردەخات، داواکارین ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ڕوماڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بپارێزرێن.
لە کۆتاییدا هاتووە، دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە بکرێت، لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا بەهۆی بوونی پێشێلکاری و دەسگیرنەکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانەوە عێراق و هەرێمی کوردستانی لەهێڵی سووردا دانراون.