شەوی 2025-07-16، لە شاری کوت لە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عێراق، ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێکی هەشت نهۆمی کەوتەوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستیی و سەلامەتی، زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، لەسەر ئەم ڕووداوەش سوودانی بڕیاری دا پارێزگاری واست و ئەندامانی لیژنەی بەرگریی شارستانی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کوت و ئەو ڕاسپاردانەی کە لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوە پێشکەش کران، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران سێ فەرمانی دەرکرد کە ئەوانیش بریتیین لە:
یەکەم: ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ماوەی یەک مانگدا پێشکەش بکات.
دووەم: ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ پارێزگارەکان بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
سێیەم: لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لابردنی سەرجەم سەرپێچیەکانی پەیوەست بە سەلامەتی و بەرگریی شارستانی بکەن.