ئەمڕۆ شەممە ١٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، "لە کەرتی تەندروستی هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنان نییە، تەنها بودجەی کار بەڕێکردنمان هەیە ساڵانە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە کەرتی تەندروستی لە کوردستاندا پلان نییە، بەڵکو دیوەخان و بزنسی گەورە هەیە، بۆیە پێویستە ئەمە بە پلان چارەسەربکرێت".
لەبارەی دامەزاراندنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی باسی لەوەکرد، حکومەتی ماوەبەسەرچوو هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی نییە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتی، "هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا نەخۆشی کۆلێرا بڵاودەبێتەوە کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە، ئەمساڵێش بەهۆی کەمی بارانبارین و پیسی سەرچاوەکانی ئاو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا زۆرە، ئێمە تەنها دەتوانن لەو بودجەی لە بەردەستیانە بڕێک تەرخان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا.