ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

*دەرکەوت چەند بێکەسین !

شیلان محەمەد

*با بە تەبایی، یەکڕیزی و یەکێتی، ببینەوە کەسی خۆمان !
 *بێلایەنێکی خۆپارێزبین لە پریشکی ئاگری جەنگەکان !
  ئێمەی کورد وەک نەتەوە، کە زمانی کوردی ناسنامەمانەو مێژوویەکی خوێناوی و پڕ لەستەم لەدوامانەوەیەو لە ئێستاشدا هاوەڵمانە، دەرکەوت چەند بێ کەسین، ئیتر پێویستە دوور لە عەقڵییەتی خێڵەکی و ئایین و مەزهەب وئایدۆلۆژیا، هەنگاوی عەقڵانی هەڵگرین ، دەبێ تێبگەین بێ پشتیوانترین نەتەوەی دونیاین، سیاسەتی هەر سێ نەتەوەی (عەرەب و تورک و فارس) لەهەناویدا سڕینەوەی کوردی هەڵگرتووە، هیچ کام لە ئایینەکانيش نەبوونە فریادڕەس و مافی چارەی نەتەوەیەکی ستەمدیدەی خاوەن (زمان و خاک ومێژوو) بدەن، ئەوان ئایینیان بەکارهێناو بوونە خاوەن قەوارەو دەوڵەت، لە ڕێی صەڵاحەدینەکانی کوردەوە، ئێمەش بە (ئەنفال) زیندە بەچاڵ کراین و تا ئێستاش بە بەرچاوی دین و دیموکراسییەوە دەکرێینە سووتەمەنی جەنگ و ماڵوێران دەکرێین

هیچ دەوڵەتێکی زلهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دۆستمان نەبوو، هەموویان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا، مامەڵەی (کڕین و فرۆشتن)یان پێوەکردین!
جگە لەوەی کورد مەحکومی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکەو گەر وریا نەبێ، زیانی گەورەتر ئەکات!

 ئێمە تەنیا خۆمان، تەنیا (یەکتر) شک ئەبەین، ئەبێ ئیتر یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەک ئامانجی لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نەتەوەیی تۆکمەدا دابڕێژین و هێزی نەرم بە ئاراستەی دەرەوە و بێلایەنییەکی خۆپارێز لە پریشکی ئاگری جەنگەکان پیادە بکەین، لەناوخۆشدا گەڕانەوەی ئینتیما لە ڕێی دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتیان و خزمەتکردنیان و  رێزگرتن و پشتیوانی کردن لەخەباتی هەر چوار پارچەی کوردستان، بکەینە باوەڕ و بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی بۆ ئاییندە هەنگاو هەڵگرین، بێ ئەوەی دەهۆڵ بۆ دروشمێ لێ بدەین ، کە لە ئێستادا توانای جێبەجێکردنیمان نییەو هیچ کام لە پایەو کۆڵەکەکانی بونیاتنانی دەوڵەتی کوردستانی گەورەمان نییە،  چ وەک پێداویستی لۆجستی یان پشتیوانی نێودەوڵەتی و  زەمینەسازی لەبار بۆ داننان بە مافی نەتەوەییماندا.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 272‌
10/15/2023 6:55:48 PM