ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

بە سیستماتیک کردنی بێ ئەخلاقی لە کۆمەڵگەدا

شیلان محەمەد
بۆ بەرچاوی/ سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی
/سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی 
/دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی 
/ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
/ڕای گشتی 

ئەگەر بێ ئەخلاقی بە سیستماتیک کرا، پشتێنی سەلامەتی ببەستی و نەیبەستی وەکو یەک وایە بۆ پۆلیسێکی هاتووچۆ ! 
ئەگەر بێ ویژدانی کرا بەبەهایەکی شارستانی و سیستەمی بەڕێوەبردن، ئەوا جادەوبانەکان وێران بکەن و کامێرای چەتەیی خاڵ بۆ خاڵی بۆ دانێن 
ئەگەر سووک سەیرکردنی ئافرەتان کرا بە هزرێکی باو ، ئەوا هەموو پێگە هەستیارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بۆ خۆتان و بوکەڵەی کۆتاکان و ئیتر بازاڕی ئابڕووفرۆشتنیش بۆ ئەوانی تر هەر خۆی گەرم دەبێ !

بەڕێزان / من نازانم ئاستی نەزاهەت و ئەستۆپاکی ڕاوێژکارەکانتان لە چی ئاستێکدایە، بەڵام دەزانم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئەستۆی تاکی ئێمە ناپاک دەبێت و کۆمەڵگا بە گشتی تووشی نەخۆشی (ڕەوشت نزمی _ low morals - اخلاق پایین)  بووە، ڕاستە ئێمە ناتوانین ڕێ لە شەپۆلەکانی جیهانگیری و لێکەوتەکانی بگرین، بەڵام دەتوانین لە ڕێی یاساو ڕێنماییەکان و کارا کردنی ڕۆڵی پەروەردە و میتۆدەکانی خوێندن و زانست و ڕاهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی و دواتریش چاودێری کردن و سەربەخۆیی دادگاکان و ڕۆڵی داواکاری گشتییەوە، تا ڕادەیەک ئەو باڵانصە ڕاگرین 

بەڕێزان/ حوکمڕانی چەندین ساڵەی ئێوە، بووەتە مایەی نائومێدبوونی ئێمە و تەنانەت تووڕەبوونیشمان لە ڕۆحی شەهیدەکانمان، وامان لێهاتووە ڕقمان لە سەروەرییەکانی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان بێ ، کاتێ دەبینین بێ ویژدانی و استفزازكردن لە ڕێی دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی و بڕیارەکانتانەوە بە سیستماتیک دەکرێ و هەر یاسایەک دەردەکەن لە جیاتی خزمەت و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان، باری سەرشانی قورستر دەکات و شکۆی ژیانی دەخاتە مەترسییەوە!
کاتێ قامچییەکانی دەستان کە هێزەکانی ناوخۆن و من نموونەی (پۆلیسی هاتووچۆ دەهێنمەوە، کە سەدان جار دیومە) زۆر بە #ئستفزازی و گاڵتەپێکردنەوە داوای مۆڵەت و ساڵانە لە خانمانی شۆفێر دەکەن، و بێ هیچ سەرپێچی و کەموکورتییەک، چارەگە سەعاتێک لەسەر جادە ڕایان دەگرن ! 
بۆ منێکی هوشیار بە مافەکانی خۆم و بە یاسا (کە وەڵامدانەوەی ئەو ئستفزازکردنە هەر منی پێ تاوانبار دەبم، چونکە ئەو لە ئەرکدایە)، دەتوانم  کۆنترۆڵی خۆم بکەم، بەڵام بۆ ئەوێکی نێری، ناهۆشیاری،نەخوێنەواری، ڕانەهێنراو لەسەر پرەنسیپەکانی ڕێزگرتن و لای کەمی مافەکانی مرۆڤ، دەبێتە (خوو-عادەت)..

لێرەوە لەگەڵ دەرچوواندنی هەر یاسا و بڕیارێکی نادادپەروەرانەی ستەمکارانەی ئێوەدا، چینێک، توێژێک، بەشێک لە کۆمەڵگا تووشی خووی بەدڕەوشتانە و لادان دەبن لە بەها باڵا هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی 
یاخود دەبینن دەسەڵاتێک یان حکومەتێک (بەو گەورەییە-خۆیی و دامەزراوەکانی) ڕۆژانە خەریکی قووتدانی داهات و کوژاندنەوە و ئیفرازکردنی ئەرزەن بۆ کۆمپانیاکانی حزب و خۆیان و پرۆژەی (وەهمی و چەندان جار پارەدارکردنەوەی) و ناحەقی کردن و خزمەت نەکردنی هاوڵاتیان و سەپاندنی ڕسوماتی زۆر و باجی زۆر و خۆدەوڵەمەندکردنی بەرپرسان و دروستکردنی چینی دەوڵەمەند و هەژار ، ئەمانە دەبنە هۆی نەهێشتن و کاڵکردنەوەی مۆراڵی تاک و کۆمەڵ ، نەهێشتنی ئینتیمای تاک و کۆچی گەنجان و لاواز بوونی قەوارەکە، ئیتر دەوڵەت بێ یان هەرێم
بۆیە تکاتان لێ دەکەم، ئەگەر ڕاوێژکارەکانتان لەم مەترسیانە ئاگادارتان ناکەنەوە، و هەر پێتان دەڵێن شام شەریفە، (بەخوا شەریف نییە، شەریفیش بریندار و پێکراوی شامە) ئەوا تکایە با لەڕێی کەسانی دڵسۆزەوە ئەو هاوارانەتان گوێ لێ بێ، کە دەنووسرێن و لەڕێی سۆشیالمیدیاوە دەدرێن بە گوێی ئێوە و دنیادا .. 
 بێ ئەخلاقی و ڕەوشت نزمی، بریتی نییە لە دزی کردنی گەنجێک لە دوکانێک و دەستبردن بۆ بەرۆکی ئافرەتێک لەناو بازاڕدا، ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی ئەوەیە: تۆ ستەم ببینیت و بێ دەنگ بیت، ڕووەکێکی نیشتمانەکەت ببینت لە بێ ئاویدا سیس بووە و تفێک نەکەیتە بنی ! 
، تەنانەت ئەوەی بێ تاوان بێت و خاوەنی ڕەوشتێکی زۆر باڵاش بێ. لە ئاستی پێشێلکارییەکان دا، کە ڕۆژانە دەیبینێ و بێ دەنگە، ئەوا  لای من ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی (ڕەوشت نزمییەوە) و هەرگیز بیانووی (بە من چاک ناکرێ) بە ڕەوا نابینم بۆ هیچ کەس، بەڵکو ئەوە بوونەوەرێکی لاوازو بودەڵەیە نەک ئادەمیزادێکی بەرپرس

#_سووک لێڕوانین-استفزاز: واتە دەرکردنی مرۆڤ لەچوارچێوەی مرۆبوون و ووروژاندن و بێزارکردن و هاندانی بۆ تووڕەیی و توندوتیژی 
_الاستفزاز: إِخْراجُ المَرْء عن طَوْره، إِثارة وإِزْعاج ودَفْعٌ إلى الغَضَب والعُنْف.

2023/6/3
ژمارەی خوێنەر   ‌ 2782‌
6/3/2023 9:31:30 PM