ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

مه‌سرور بارزانى “خۆڕاگر” چۆن به‌ شوێنپێى سه‌دام حسێن و ئید ئه‌میندا ده‌چێته‌وه‌ بۆ ناو كونه‌ بۆر

مايكلَ روبن
دەیان ساڵە چەندین دەسەڵاتداری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا فیلم بەرھەمدەھێنن و کاروانی ئۆتۆمبێلی دوورودرێژ شوێن خۆیان دەخەن کە زۆر دوورودرێژترن لە کاروانی ئۆتۆمبێلی سەرکردەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، تەنیا لە پێناو ئەوەی ئەفسانەیەکی خەیاڵی لە خۆیان دروستبکەن و شکۆ بە خۆیان ببەخشن. پێدەچێت، دروستکردنی ئەم چیرۆکانە لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە دەیانەوێت کەموکورتی و عەیب و عارەکانیان دابپۆشن.

‎لە ساڵی ١٩٧٤، “ئید ئەمین دادا”، دیکتاتۆر و خوێنڕێژی ئۆگەندی، دەرھێنەری سویسری باربێت شراودەری راسپارد کە دێکیۆمێنتارییەکی لەسەر بەرھەمبھێنێت. ناوی دۆکیۆمێنتارییەکە بریتیبوو لە، “جەنەڕاڵ ئید ئەمین دادا: وێنەیەکی خود کێشراو”. کورتەیەکی فیلمە دێکیۆمێنتارییەکە لە ئۆگەندا پەخشکرا، پاشان شراودەر ھەستا بە پەخشکردنی تەواوی دێکیۆمێنتارییەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان. لەم ساڵانەی دوایدا، “ئید” تادەھات دڕەندەتر و پێشبینینەکراوتر دەبوو، ئەو بڕیارانەشی لە دادگاکانی دەردەچوون تا دەھات سەیر و سەمەرەتر و نا عادیلانەتر دەبوون. وەک زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی تر کە خەیاڵ و راستی لێکجیاناکەنەوە، خۆی لە دوورخستنەوە بۆ دەرەوەی وڵات  بینییەوە و بە ئاشکرا گاڵتەی پێدەکرا.

‎لە ساڵی ١٩٨٠، سەدام حسێن ئەو چەقۆکێشە بێ ڕەچەڵەکەی کە توانی بچێتە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی عێراق، پاڵپشتی دارایی درامای “رۆژە درێژەکان”ی کرد. ئەم درامایە لەلایەک تێرێنس یۆنگەوە بەرھەمھێنرا کە یەکێکە لە دەرھێنەرە بەناوبانگەکان و کاری دەرھێنەری بۆ فیلمەکانی جەیمس بۆند کردووە. ئامانجی سەدام حسێن چی بوو؟ دەیویست رۆڵ و شکۆمەندی خۆی بەرزبنرخێنێت لە ھەوڵی کوشتنی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٩. ئەمە بە زانینی ئەوەی، لەبەر ئەوەی سەدام حسێن زوو فیشەکەکەی تەقاند ھەموو ئۆپراسیۆنی کوشتنی عەبدولکەریم قاسم شکستیھێنا.

‎ئێستا نۆرەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە بە شوێنپێی سەدام حسێن و ئید ئەمیندا بچێتەوە و پێبخاتە سەر رێگایەک کە تەنانەت ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و شیجینپینگ، سەرۆکی چین-یش پێیدا نەچوون. وشەی “خۆڕاگر” کە ئێستا بە رووخساری مەسرورەوە نووسێنراوە لەڕێگەی بەرھەمھێنانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییەوە، تەنیا بۆ ئەوەیە کە مەسرور بارزانی پەسن و پیاھەڵدانی خۆی پێبکات.

‎ھەرچەندە بەشێکی زۆری گەلی کورد رێزی مەلا مستەفا بارزانی، باپیری مەسرور بارزانیان دەگرت، بەڵام خۆشەویستی بۆ ئەم خێزانە کەمبوویەوە کاتێک کە مەسعود بارزانی باوکی مەسرور ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ سەدام حسێن بەست لە ساڵی ١٩٩٦.  رەنگە مەسرور وشەی  ناشیرین بەرامبەر تاڵەبانیە رکابەرەکانی بەکاربھێنێت، بەڵام ناتوانێت لە دوو راستی رابکات، کە یەکەمیان بریتیە لەوەی کە مەسعود بارزانی باوکی جاش بووە، دووەمیشیان بریتیە لەوەی کە ئەم خێزانە جگە لەو ناوچەیەی بۆ خۆیان دروستیانکردووە، بە درێژایی مێژوویان ھەرگیز نەیانتوانیوە بەبێ پاڵپشتی دەرەکی ھیچ سەرکەوتنێک بەدەستبھێنن، بۆ نمونە سەرکەوتنەکانیان لە رابردوودا بە پاڵپشتی شای ئێران و سەدام حسێن بوو، لە ئێستاشدا بە ھاوکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە. تەنانەت لە شەڕی دژی داعشیشدا، پێشمەرگە رایانکرد و ئێزدیەکانیان بەجێھێشت بۆ ئەوەی رووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە، دوای ئەوە میلیشیا شیعەکان شەڕەکەیان بردەوە. ھەرچەندە لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و تاڕادەیەکی کەمیش ئاژانسی ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA)  بەردەوامن لەوەی ھەموو ھێلکەکانی خۆیان بخەنە ناو سەبەتەکەی بارزانی، بەڵام ھیچ دوور نییە کە مەسرور زۆر بەلایەوە ئاسایی بێت کە گروپی ڤاگنەری رووسی بھێنێتە ھەرێمی کوردستان عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی جێگیر بکات و ئەو سامانە بپارێزێت کە بە گەندەڵی کۆیکردووەتەوە.

‎لەوانەیە مەسرور بارزانی قەناعەتی بەوە کردبێت کە دەکرێت فیلمێک  کە تێیدا ژیری و دەوڵەتمەداریی ئەوی تێدا نیشاندراوە یارمەتی جوانکردنی وێنەکەی لەنێو خەڵکدا بدات، بەڵام زۆر بەڕوونی ئەوە دەزانێت کە خۆشەویست و بەناو بانگ نییە، بەتایبەت بە بەراورد بە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای کە ئێستا بەناو سەرۆکی ھەرێمە. لەدوای ھەموو ئەمانە، قورسە بڵێین ھەموو شتێک باشە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی، لە سایەی ئەو دەسەڵاتدارییەی کە مەسرور بارزانی لەناو کۆشکەکانیدا دەیکات گەنجانی کورد ھاوشانی خەڵکی ئەفغانستان و سووریا کە شەڕ کاولی کردون روو لە دەریای ناوەڕاست و دارستانە بەستووەکانی بێلارووسیا دەکەن.

‎وەک چۆن بۆ ئید ئەمین و سەدام حسێن کاری نەکرد، سوراوکردن لە ھەندێک لە بەرازەکان نایەت. ئێستا کوردەکان زۆر بە روونی داوای ھەندێک شت دەکەن کە بارزانی نەیتوانی لەبارەیانەوە خۆڕاگر بێت: لەکاتێکدا کە مووچەکەی ئەوان نادرێت، داھاتی بارزانی ھەرگیز ناوەستێت. لەکاتێکدا کە کوردەکان لەبەردەم پلەی گەرمای تاقەتپڕوکێن و بێکارەبایدا ئازار دەچێژن، کارەبای کۆشکەکەی بارزانی ھەرگیز نابڕێت و ھەرگیزیش نابینیت کە حەوزی ئاوەکانیان ئاوی لێببڕێت. لەکاتێکدا کە تورکیا گەشتی فڕۆکەخانەکانی کوردستان رادەگرێت، فڕۆکە تایبەتەکەی بارزانی بە ئاسانی گەشت دەکات و تووشی ھیچ کێشەیەک نابێت. مەسرور ھەرگیز خۆڕاگر نەبووە، بەڵکو ئەوانە خۆڕاگرن کە لەژێر دەسەڵاتداریەتی ئەودا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، سەبر و تەحامولی ئەم خەڵکانەش تا کەی بڕدەکات؟! ھەر ئەوەی کە مەسرور بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی فیلم بەرھەمدەھێنێت، نیشانەی ئەوەیە کە دەزانێت، پەتی تەحەمولی خەڵک باریک بووەتەوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 2948‌
8/5/2023 1:41:49 AM