ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

داعشیش گەندەڵە

داهۆ سالم

لەبەرەبەیانی ٢٠٢٢/٢/٣، عەبدوڵا قارداش، بەناو خەلیفەی داعش لەلایەن هێزێکی ئەمریکاوە لە ئیدلیبی سوریا کوژرا. دوای زیاتر لەمانگێک بێدەنگی، داعش بەفەرمی دانی نا بەکوژرانی "قارداش"دا و ناوێکی تری وەک خەلیفەی نوێ بەیان کرد کە "ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەیشی" بوو. 

هیچ کەسێک بەم ناوە تازەوە لەناو داعشدا نەناسراوە. ناوەکە خوازراوە بۆ یەکێک لە سەرکردە کۆنەکانی داعش بۆئەوەی خەلیفەی تازە بە ناو ونازناوی کۆنەوە بانگ نەکەن، ئەویش لەبەر دوو هۆکار:

١) بەپێی پرەنسیپی داعش،  ئەبێ خەلیفە خەڵکی دوورگەی عەرەبی و لەهۆزی قورەیش بێت، بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییە، ناوە کۆنەکەی ون دەکەن و ناوێکی تازە بە پاشگری "هاشمی ئەلقوریشی" بۆ دا دەتاشن و شەرعییەتی بوون بە خەلیفەی پێ دەبەخشن.

٢) لەبەر دۆخی ئاسایشی و پارێزگاریکردن لەو کەسە. بۆئەوەی تەمومژ لەسەر شوناسی دروست بکرێت و بەئاسانی ڕاوەدوو نەنرێت. 

تا ئێستا دوو بۆچوون هەیە سەبارەت بە ناسنامەی خەلیفەی نوێ، هەندێک دەڵێن " جومعە عەواد بەدری-برای ئەبو بەکر بەغدادی"یە و ڕایەکی تریش پێی وایە " بەشار خەتاب سومەیدەعی-حاجی زێد"ە. کە هەردووکیان لەسەرکردەکانی هێڵی یەکەم و فیگەرە عێراقییە کۆنەکانی داعشن. 

ئەوە سێیەمجارە بە گەندەڵی و بەناشەرعی داعش خەلیفە دستنیشان دەکات بۆئەوەی هەموو ویلایەتە دوورەکان و دارودەستەی ڕێکخراوەکە بەیعەتی پێ بدەن. خۆی لەبنەڕەتدا، بەپشتبەستن بە فەرموودەی پێغەمبەر دەبێ خەلیفەی موسڵمانان قورەیشی بێت، بەڵام لەوەتەی داعش لەساڵی ٢٠١٤وە، ناوی خەلافەتی لەخۆی ناوە، بۆ سێیەمین جار بەگەندەڵی و بەناشەرعی و بەپێچەوانەی فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلامەوە، کەسە دەستڕۆیشتوو و خاوەن تەکەتولە بەهێزەکانیان، نازناوی قورەیشی بۆ خۆیان دا دەتاشن و مافی بوون بە خەلیفە بۆ خۆیان پینەوپەڕۆ دەکەن. هەر سەرکردەیەکیشیان ڕەخنەی گرتبێت، کوشتویانە، لەوانە "ئەبو محەمەد مەسری و ئەبو یەعقوب مەقدسی". زۆرێکیتریشیان هەڵهاتوون لەوانە "ئەبو عەبدولڕەحمانی لیبی و ئەبو عیسا مەسری". 

بۆیە داعشیش وەک هەر هێزێکی دیکەی ئەم ناوچەیە، تەکەتول و باڵباڵێن و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا و دەستور تێیدا باڵادەستە، لەوەش زیاتر، ئەوان لەپێناو حەزە سوڵتەوییەکانی سەرکردەکانیان، ئەو پرەنسیپە شەرعییانەش پێشێل دەکەن کە ئایینی ئیسلام فەرمانی پێ کردووە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 613‌
3/25/2022 11:23:16 PM