ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

بێدەنگی لەگوفتاری بێ کردار باشترە!

ئه‌كره‌م ساڵح

ئەڵبەتە ئەو بارودۆخەی بەسەر زۆنی سلێمانی و دەڤەری گەرمیان هاتووە لەم ساڵانەی دواییەدا، نمونەی لە هیچ قوژبنێکی ئەم دونیایەدا نیە! بەتایبەتی لەڕووی حکومڕانییەوە دیارە ئەگەر قسە لەسەر حکومڕانی باش بکرێت لەڕووی تیۆریوە ئەوە سەدان پەرتوکی لەسەر نوسراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە پراکتیزەکردنی حکومڕانیە بەجۆرێک جێگەی ڕەزامەندی هاوڵاتی بێت.

 بەڵام لەم دەڤەرە بڕواناکەم هاوڵاتیەک هەبێت لە دەسەڵاتی سنورەکە ڕازی بێت بەوانەشی، کە ئەندام و لایەنگری لایەنی دەسەڵاتن! چونکە دزی و قاچاخچێتی و گەندەڵی و بەهەردانی سامانی گشتی گەشتووەتە ئاستێک نەک هاوڵاتی، بەڵکو خودی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە پێیان شەرمە داکۆکی لێ بکەن، چونکە خۆیان دەزانن چی دەگوزەرێت! مەگەر ئەوانەی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو نەهامەتیەی بەسەر خەڵکی ناوچەکەیان هێناوە، جار جار نوزەیەکیان لێوەبێت، ئەویش ته‌نها پاساو هێنانه‌وه‌یه و بۆ پاراستنی پێگەی خۆیانە.
قەزای کفری یەکێکە لە شارە دێرینەکانی کوردستان، خەمخۆرانی ئەم شارە زیاتر لە چوار ساڵە هاواریانە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو نادادیەی لەلایەن ئیدارەی سنورەکەوە به‌رامبه‌ر به‌ شارەکە دەکرێت، بەڵام کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە، چەند ڕۆژێکە وەک مافێکی سروشتی دەستیان بەخۆپیشاندانێکی مەدەنی کردووە و داوای چارەسەری گرڤتی شارەکەیان دەکەن، لەبری پشتیوانی دەسەڵاتی ناوچەکە هەر لەسەرەتاوە دژی گردبوونەوەکەیان بوون، چونکە باشیان دەزانی ئەوەی هۆکاری نەهامەتی ئەو شارەیە خودی خۆیانن، 
بەڵام پاش ئەوەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگ داواکاری خۆپیشاندەرانەوە هات و بەخێرایی لیژنیەکی ناردە لای خۆپیشاندەران، لەماوەی (48)کاتژمێردا بەشێکی زۆری داخوازیە هەنوکەیەکانی بۆ جێبەجێ کردن و زیاتر لە ملیارێک و دوو سەد ملیۆن دیناری بۆ شاری کفری خەرجکرد و وەزارەتە پەیوەندارەکانیشی ڕاسپارد، کە هەموو ئاسانکرایەک بکەن بۆ بووژاندنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی کێشە و گرڤتەکانیان ,خه‌ڵكی شاره‌كه‌ هیوایه‌كیان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، کەچی لەو ڕۆژەوە لایەنی باڵادەستی سنوره‌كه‌ وەکو كێچ کەوتبێتە کەوڵیان كه‌وتونه‌ته‌ تۆمەت بەخشینەوە و چەواشەکردنی خەڵک بەمەبەستی بێ بایەخکردنی ئەو کارانەی بۆ شاری کفری کراوە.
جا لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوانەی گەرمیانیان توشی ئەم نەهامەتیە کردووە و لەبەر دزی و گەندەڵی  هۆشیان لای خۆیان و خەڵک نەماوە! تازە بەخەبەر دێنەوە و دەمی هەمبانە کۆنەکەیان کردووەتەوە، وەک ئەوەی پێشتر کفری لەسەر نەخشەی ناوچەکە نەبووبێت بۆیە هیچی بۆ نەکراوە! 
لەبری ئەوەی خەمێ لەئازارەکانی خەڵکی ناوچەکە بخۆن و سنورێک بۆ ئەو پاشاگەردانیە دابنێن، کەچی باسی پارەی زبڵ و خاشاک و بەشە ناوخۆی دەکەن بێ ئەوەی باسی سەرچاوەی پارەکە بکەن! یان باسی شەڕی داعش و بەرگری لەناوچەکە دەکەن.

هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانیە و ناکرێ بکرێتە منەت لەسەر خەڵکی سنورەکە، بەڵام دیارە خۆیان لە گێلی دەدەن و دەیانەوێ وەک کاری هەمیشەییان خەڵک چەواشە بکەن، ئەگینا ئێمە زیاتر لە پەنجا فەرماندە و پێشمەرگەمان لە بەرگری لە گەرمیان لەشەڕی تیرۆرستان لەم میحوەرە شەهید بووە.
ئێمە دەزانین لەشەرمه‌نده‌یان بەرامبەر خەڵکی بەشەرەفی کفری نازانن چی بکەن؟ بۆیە ناچار پەنا بۆ کۆمەڵێ ڕستەی حەماسی و دروشمی بریقەداری (بێ کردار) دەبەن! بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن سەردەم جیاوازە و خەڵک هۆشیارە و  قسەی بێ ناوەڕۆک چیتر جێگە ناگرێت، چونکە خەڵک کار و خزمەتی ئەوێت، بۆیه‌ کەرەم بکەن کێ دەستی گرتوون؟ چی لەهەگبەکەتان دایە پێشکەشی بکەن، کە خزمەتانیش پێ ناکرێت کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردن بە هاوڵاتیان دروست مەکەن! چونکە بەری ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 456‌
7/21/2023 4:45:41 PM