ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

یەكێتی لە سەكنەوە، بە تەمایی شۆفێرییە

دلێر كه‌ريم

هیچ هێزێك بەقەد یەكێتی باجی  هەڵەكانی نەداوە، هەمیشە ئەو حزبە هەڵەكانی بووەتە هۆكاری ملمانێی نێوخۆیی و لە خۆڵەمێشی دامركاوەی ئەو ململانێیانەشەوە هێزی تر پەیدابوون و جاریكیتر ئاگرەكەیان خۆشتر كردووە.

یەكێتی زۆرجار دەیتوانی سوكان لە شۆفێرەكە وەرگرێت و خۆی سەركردایەتی هاژووتنی كاروانەكە بكات، بەڵام هەرجارە و لە ڕقی سەرنشینێكی خۆیدا تەنها ئاوێنەكەی بۆ شۆفێرەكە چاككردووەتەوە.

یەكێتی لەم ئیدارەدانەدا قازانجی شەخسی بە زۆربەی سەركردەكانی بەخشیوە، وەلێ تەنها یەكێتی وەك حزب باجی قورسی هەڵەكانی داوە. گەر بەشێكی زۆری ڕەخنەكانی نێوخۆی و كادرە دڵسۆزەكانی قبوڵ بكردایەت، دەیتوانی لە وێستگەكانی دواتردا یان ببێتە شۆفێری كاروانەكە، یان هەر هیچ نەبێت بڵێ كاكی شۆفێر منیش لەگەڵ ئەو هەموو سەرنشینەدا دادەبەزم.

یەكێتی ڕاستە داش عێراقی پێوە نییە، بەڵام ململانێكانی وەها بچوك كردووەتەوە وەك ئەوەی داش گەڕەكێكی پێوە بێت, جگە لە یەكێتی چ حزبێك هەیە كۆڵەكە سەرەكییەكانی خۆی فەرامۆش بكات و ببنەوە سەرسەختترینی نەیارەكانی؟
یەكێتی هەموو شتێكی لە پارتییەوە ئەزموون كرد، ئیدارەدانی زۆنەكەی خۆی نەبێت. هەر هێزێك زۆر بە كێشەكانی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، لە پەلوپۆی ئەوە دەكەوێت ململانێی هێزەكانی تر بكات. كاتێ دەنگی یەكێتی زۆر كێشەی هەرێمی یەكلایی دەكردەوە، لەبری هەستانەوە یەكێتی خەریكی جام سڕین بوو بۆ  بەرچاو ڕوونبوونەوەی ئەو شۆفێرەی وەك نەفەرێكی ئاسایی تەماشای دەكات، نەك هاوبەشێكی لە هاژوتنەكەدا.

یەكێتی لە ئەمڕۆدا ململانێكانی شۆڕكردووەتەوە بۆ نێو كادرەكانی، كە ئەمەیان خراپترین جۆری ململانێكانە لە نێوخۆی حزبەكاندا. بە جۆرێك كادرە دڵسۆزەكانی بەهۆی ڕەخنەگرتنەوە پەراوێز دەخرێن و ئەوانەشی خۆشحاڵن بە دانیشتنی یەكێتی لە سەكنەوە، دەبرێنە پێشەوە.

یەكێتی لە لێبوردنی گشتی بەعسەوە بۆ هەمووان جگە لە مام جەلال، دڵی بە سڵاوێكی عەبادی و مالكی خۆش بێت، نە دەتوانێت خزمەتی گەل و نیشتیمانەكەی وەك پێویست بكات، و نە دەتوانێت شۆفێرەكە بهێنێتەسەر ئەو ڕایەی كە ژیان و مردنیان پێكەوەیە، پارتی تا ئەو شوێنە ئیشی بە یەكێتییە كە كۆی سەر نشینەكانی بۆ دەكاتە خوارەوە، دواتر جگە لە حسابی نەفەرێك، هیچ گرنگییەكی پێنادات و نایەڵێت دەست بۆ سوكانەكە ببات
یەكێتی دەبوو ئێستا لە پاڵ هێزەكانی تردا لە سەنگەری پاراستنی نیشتیمان بووایە، نیشتیمان بە مانا گشتییەكەی، نەك قەوارەی هەرێم بە تەنها، كە بەهۆی خراپ هاژووتنەوە، خەریكە وەك تانكەرەكانی ڕێگا خراپەكەی كەلار سلێمانی، دەبێتە قەرەبرووت. 
دیدار و دینار زۆر نزیكن لە یەكەوە و زۆرینەیەكی كە پێشتر لەگەڵ هاوسەرۆكی پەراوێزخراو بوون،كردە ئەندامی دیدار، هەر دڵخۆشییەكی خەڵەتێنەر و پیشاندانی وەك زەمینەیەكی نەگۆڕ، مەترسییەكانی زیاتر دەكات، بە تایبەت كە ئێستا زۆربەی كادرەكانی ئەو حزبە لە ناڕەزایەتییەكاندا لە شەقامن و دەجەنگن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆیان، ئیتر چۆن بەو بارودۆخ و سێڵڤی گرتنە ڕازین؟ لە كاتێكدا خەریكە كاروانەكە دەوەستێت و سەرنشینەكانی بڵاوەی لێدەكەن!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 957‌
5/29/2022 6:41:05 PM