ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

جارێکیتر ڕۆمانی "فاتیلە"م خوێندەوە

دلێر كه‌ريم

لەم مانگەدا بۆ جاری دووەم ڕۆمانی "فاتیلە"م خوێندەوە، بیرمە لە ساڵانی نەوەدەکان، کە تازە ڕۆمانی "فاتیلە"ی مەھاباد قەرەداغی بڵاوکرابوویەوە، دەستمکەوت و خوێندمەوە.

دایکی باوکم، دادام حاجی سەبری لای ئێمە بوو، نزیکەی دە ساڵی کۆتایی تەمەنی نابینا بوو. دەیگووت بۆم بخوێنەوە، دەمزانی دادام بەھۆی نابینایی و کەم ھاتن و چوون و کەمی گفتوگۆ دەیەوێت کاتەکانی بەم باسانەوە بباتە سەر و ڕۆژەکانی تێپەڕێنێت. بەتایبەت کە جوگرافیای ڕۆمانەکە گوندی "بنەکە"یە و ھاوسنووری گوندەکەمانە کە "باوەکر"ە.

دادام پیرەژنێکی ھەشتا ساڵە بوو، کوڕێکی لە ١٨ ساڵیدا بە دەستی جاشەکانی تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و بەکرێگیراوانی بەعسەوە، لە گوندی گەرمی داودە شەھید دەکرێت، کوڕێکی تری تەمەنی ٢٠ ساڵیدا ئەنفال دەکرێت و نایانبینێتەوە.
جاری یەکەم کە ڕۆمانەکەم دەخوێندەوە دادام دەگریا، منیش دەمگووت مەگری دادا، ئەگەر بگریت ڕۆمانت بۆ ناخوێنمەوە، دووبارە دەستم دەکردەوە بە خوێندنەوە. ھەندێجار بۆ ناسینی کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکە پرسیارم لە دادام دەکرد، دەمویست بزانم ئەم ناوانە ڕاستین یان نووسەر خۆی بەکاری ھێناون. دادام زۆر بە جوانی بنەماڵە و کەساتییەکانی بۆ شیدەکردمەوە.

بۆ منی خوێنەر ئەو ڕۆمانە بوو بە بەشێک لە یادەوەری خێزانەکەمان، مامەکانم کە جگە لە خێزانی خۆمان، دوو مامەم کۆی نەوەکانیان کە زۆربەیان کچی عازەب بوون، ئەنفالکران، مامەکانم خۆیان مابوونەوە، دوو مامەشم شەھید و ئەنفال بوون، لە ڕێگای ڕۆمانی "فاتیلە"وە ئاشنایەتی زیاترم پەیدا کرد، ڕۆمانم دەخوێندەوە، داداشم جارجارێک دەکەوتە گێڕانەوەی باسی کوڕە جوانە مەرگەکانی، لە دەرفەت دەگەڕا ئەو ئازار و ژانە پەنگخواردووەی ناخی بۆ کەسێک ھەڵڕێژێت، بۆ ئەو کارەش پاساوی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە باشترین ھۆکار بوو.

لەو پەرەگرافانەی باسی سۆز و خۆشەویستی  نێوان ئاتیلا و دایکی دەکرد، دادام فرمێسکی دەھۆنیەوە، دەیگووت خۆزگە بمزانیبایە غازی کوڕم لە کوێیە و ساڵی جارێک ھەواڵی بھاتایە، قەت نیگەران نەبووایەم، پەڕە پەڕە تا کۆتایی لەو ماوەیەدا کتێبەکە لام بوو، بەو شێوەیە خوێندمەوە لە گەڵ دادامدا، کۆتایی ڕۆمانەکە زۆر تراژیدی بوو، کە فاتم بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەوێت و دوای ڕاپەڕین دکتۆر ئەتیلا شەھید دەبێت، لە پاڵ ھەمان تاوێردا کە براکەی پێش دە ساڵ لە ھەمان شوێندا شەھیدبووە. چیرۆکەکەی داداشم نزیک بوو لەم ڕووداوانەوە، مامەم برایم ساڵی ١٩٨٢ لە گەرمک شەھید دەبێت، دوای ٦ ساڵ مامەم غازی بەر ئەنفال دەکەوێت، خودایە من بۆ ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە و تووشی چی بووم؟

ڕۆمانم خوێندەوە و دامەوە دەستی خاوەنی، بڕیارمدا ئەو کتێب و چیرۆکانە بخوێنمەوە کە خەندە دەبەخشنە خوێنەران، نەک ئەوانەی برینەکان دەکولێننەوە. 

لە یەکێک لە کتێبەکان چیرۆکەکەی پێکەنیناوی بوو، کابرایەک ئەسپێک دەکڕێت و فرۆشیارەکە دەڵێت من ئەسپەکەت پێدەفرۆشم، بەڵام دوای نەڵێیت نەیووت، داڵک داڵکی لە ناو ئاوا دەخەوێت، کڕیار تێناگات و دەڵێت من ئەسپم کڕیوە و حەقم چییە داڵک داڵکی لە ناو ئاوا دەخەوێت!!

کابرا زستانێک بە ئەسپەکەیەوە لە ڕووبارێک دەپەڕێتەوە، لە ناوەڕاستی ڕووبارەکە خۆی دەداتە زەویدا و خاوەنەکەی بەتەواوی تەڕ دەکات و بەو سەرمای زستانە کابرا دەکاتە پەند.

دادام بەم چیرۆکانە خەندەیەکی بۆ دەکرد و پێدەکەنی، بەڵام زوو زوو دەیووت تۆ "فاتیلە" پەیدا بکە و بیھێنەوە بۆم بخوێنەوە، دەمگوت دەستناکەوێت، ھەر بەڕاستیش زۆر دەگمەن بوو، لە لایەکیشەوە حەزم نەدەکرد دەستم بکەوێت و وەک جاری پێشوو بە حەسرەتەوە بۆ دادام بیخوێنمەوە.

بەھۆی دابڕانم بە خوێندنی زانکۆوە لە ٢٠٠١ تا ٢٠٠٤ بواری ئەوەم نەما کتێب بۆ دادام بخوێنمەوە، وردەوردە کتێبخانەکەم گەورە بوو، جارجار خۆم ئەوانەی خوێندبوومەوە بۆ ئەوم دەگێڕایەوە، لەوانە ماڵ بەشکردنەکەی قانع، پەندەکانی پێشینان. دادام لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کرد، زۆر نیگەران بووم، مردنی ئەو بۆ من مردنی یادەوەری و بۆن و بەرامەی سەردەمێک بوو، سەردەمی بێ باوکی و ژیان لە گەڵ مامەکانم، ئامۆزاکانم، دەمزانی سەختی ژیانی بەو نابیناییەوە لە مردن بە ئازارترە، کەچی ھێشتا بۆی دەگریام، بەشێوەیەک خەڵکی باوەڕیان نەدەکرد دادا و کوڕزاین، وتبوویان کوڕ و دایکن.

کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیدابوون، نووسەرەکەم ناسی، نامەم بۆنارد چۆن ڕۆمانەکەم دەسکەوێت؟ وتی دووبارە چاپی دەکەمەوە، من حەزم لە نووسخە کۆنەکە بوو کە زۆر قەبە و گەورە بوو، چونکە من دەمویست بەو ڕۆمانەوە بگەڕێمەوە بۆ مێژووی قوربانییدانی خێزانەکەم، حەزم دەکرد نووسەر لە نزیکەوە ببینم و باسی دادام و ڕۆمانەکەی بۆ بکەم، بەداخەوە دەرفەت نەبوو تا کۆرۆنای نەفرەتی ئەویشی لێسەندینەوە.

دوو کتێبم دا بە حەقی چاپی تازەی ئەو ڕۆمانەدا و پەیدام کرد، دووبارە دەستم کرد بە خوێندنەوەی، ھەنگاو بە ھەنگاو بیرم دەکردەوە ئەم وشانەم ڕۆژگارێک دەخوێندەوە دادام بۆ برینەکانی خۆی دڵی تەنگ دەبوو، ئێستا خۆم دەیخوێنمەوە و لەبری دادام فرمێسک لە چاوانم دێنە خوارەوە، بیرم دەچوو بۆ لای شیعرەکەی جەماڵ غەمبار "کاتێک پیاو دەگری، واتا کەون خەلەلێکی ھەیە".

ڕۆمانەکە چیرۆکێکی ڕاستی نێوان دوو خۆشەویستی پاک و بێگەرن، باناوەکانی فاتم، و پێشمەرگەیەکی دکتۆر، کە بەھۆی پێگە کۆمەڵایەتییەکەیانەوە خێزانی فاتم ژن بە ئاتیلا نادەن و دوای ماوەیەک  فاتم لافاوی ئەنفال دەیبات و ئاتیلاش لە دوای ڕاپەڕین شەھید دەبێت، ڕۆمانەکە باس لە خوشەویستییەکی گەرمیانانەی دوو عاشق دەکات کە خەمەکانی گەرمیان دەگێڕنەوە، گەر فەنتازیای نووسەریش بێت، زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە لە گوندێکدا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆشەویستیدا کرابێت، سەختییەکان گەورە بوون و قسەوقسەڵۆک کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان ھەبووە، گەرچی ئاتیلای عارەق خۆر دەبێتە دەروێشی تەکیەکەی باوکی فاتم، سوودی نابێت و ھێشتا ڕقەکان زاڵترن بەسەر لێبوردەیی و خۆشەویستیدا.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا ھەستمدەکرد دادم لە تەنیشتمەوەیە و گوێی لێدەگرێت، دەنگم بەرز دەکردەوە و دێڕەکەم دووبارە دەکردەوە بە شێوەیەک ئاسان گۆ بکرێت، بەو شێوازەی لە ئاخاوتنی خۆماندا بەکارمان دەھێنا، دادام بیردەکەوتەوە دەیگووت ئەوەی کتێبەکە ھەڵەیە خۆمان وای پێئێژین!

ڕوحی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و فاتیلا و دادام و نووسەرەکە، شاد بێت. گوزەرکردن بەو ڕۆمانەدا بۆ ھەر کەسێک خوێندنەوەی ڕۆمانێک بێت، بۆ من گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژانێک کە دەبێ بکرێنە ڕۆمان!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 993‌
4/5/2022 8:52:33 PM