پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لە پەڕلەمانی كوردستان لە وەڵامی لێدوانێكی فازڵ میرانی سەبارەت بە “یەكخستنی ماڵی شیعە و سوننە” ڕایدەگەیەنێت، ئێستا كاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە، چونكە جوان نییە ماڵی دراوسێكانمان ڕێكبخەین و ماڵی خۆمان كاول بكەین.
عەباس فەتاح، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، “بەپێی ئەم قسەی كاك فازیل لەم كاتەی ئێستا سوننەكان لەگەڵ یەكتر و و شیعەكان لەگەڵ یەك كێشەی زۆریان هەیە و جەنابی كاك مەسعود بارزانی دەوری خێری لە نێوانیان گێراوە و یەكی خستوون، من پێم كارێكی باشە و هیچ تەعلیقم نیە”.
ڕاشیگەیاندووە، ئێمە كاتی خۆی ڕیفراندۆمێكمان كرد ئەو سوننە و شیعانە یەكیان گرت و نان و ئاویان لەسەر گەلەكەمان بڕی.
دەشڵێت: “پێم وایە ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو داواییەی خەلكی كوردستان، كە كاتی خۆی لە ڕیفراندۆم كردی و وتی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)، ئێمەش بەو برا شیعە و سوننانە بڵێن ڕایدەگەیەنین بۆ ئەوەی كێشەی سەرۆك كۆمارمان نەمێنێت و ئەم پۆستەش كێشەی باڵەكەی تری شیعە چارە دەكات و نێوماڵی كوردیش ڕێكدەكەوێتەوە و دەبین بە دەوڵەتێكی دراوسێی باش بۆ عێراق”.
ئەو پەڕلەمانتارەی یەكێتی جەختیشدەكاتەوە، جوان ناوەستێت ماڵی دراوسێكانمان ڕێك بخەین و ماڵی خۆمان كاول بكەین.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بۆ یەكخستنی ناوماڵی شیعەیە، پێشووتریش ماڵی سوننەكانمان یەكخست”.