بەپێی نوێترین گۆڕانكاریەكانی ناو یەكێتی ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی بڕیاریان لەسەر دەدرێت وژمارەیان زیاتر دەبێت، كەلەناویاندا شێخ فەیسەڵ كەریم خانی برادۆستی هەیە، كەپێشتر كەسی نزیكی لاهور شێخ جەنگی بووەو لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشێوەیەكی رەسمی پشتیوانی كرد.
سەرچاوەیەكی تایبەت لەو بارەیەوە بۆ ئەنواپرێس ووتی" لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراقدا دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی شێخ فەیسەڵی كردبوو، ئەمە كورانی تاڵەبانی نیگەران كردبوو، لەكاتێشكدا یەكێتی بۆ یەكەمجار لەو سنورە بەكاندیدێكی زۆر بەهێزەوە كە تەواوی برادۆستیەكان بە پشتیوانیەكی بەهێزی دارایی و جەماوەرییەوە پشتیوانیان لێدەكردو هەروەها توانی زیاتر لە 25 هەزار دەنگ بهێنێت و دەرچوونی مسۆگەر كردبوو.
وتیشی: بەڵام دواتر وەك برادۆستیەكان خۆیان وتبوویان كە كاندیدەكەیان بووەتە قوربانی رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی و دەرنەچوو، ئەمەش نیگەرانی قوڵی لێكەوتەوە، بەجۆرێك دەست بەجێ قوباد تاڵەبانی چووبووە سۆران و سەردانی برادۆستیەكانی كردبوو، وە بەڵێنی پێدابوون لەوە زیاتر قەرەبووی دەكاتەوە بۆیان و نایەڵێت ئەو دۆخە تێپەڕێت.
دوای كپبوونەوەی نیگەرانیەكان و هەڕەشەی برادۆستیەكان لەوەی كەلەیەكێتی نامێننەوەو فێڵیان لێكراوە، بەڵام هەردوو بافڵ تاڵەبانی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی بەتیرێك دوو نیشان بشكێنن، لەسەر پۆستێك بۆ شێخ فەیسەڵ رێكدەكەون ئەویش كردنی بەئەندامی مەكتەبی سیاسیە، كەئەمەش هیچ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە ناگونجێت، یەكەم ئەندامی كۆنگرە نەبووەو دووەمیش یەدەك نیە، بەڵام ئەوان بەبڕیاری تاك ڕەوانە و لەژێر قەناعەت پێكردنی بەشی زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەیانەوێت ئەو كارە تێپەڕێنن، بەمەش هەم متمانەی برادۆستیەكان بەدەسه دەهێنن و وە هەم لەلاهور شێخ جەنگی دووریان دەخەنەوە.
بەپێی زانیاریەكان دوو جار شێخ فەیسەڵ سەردانی دەباشانی كردوەو دڵنیایی وەرگرتووە.