فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە رایگەیاند، لە مێژووی شەڕی ئەواندا هەرگیز دەوڵەتی توركیا لە باشور ئەوەندەی ئەم شەڕەی ئێستا زیانی گیانی بەرنەكەوتووە، باسی لەوەشكرد، ئەگەر ئدەوڵەتی تورک دان بە شکستەکەیدا بنێت ئەوا دەڕوخێت.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل – نەپەگە، لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا باسی لەوەكرد، بەرخودانی مێژوویی ٣ مانگە و نیو تێپەڕێندرا و لەو ماوەدا زۆر ئەنجامی گرنگ بەدەستهێندرا.
وتیشی: تائێستا ئەو ئەنجامەی دەركەوتووە دەریدەخات، دوژمن جارێكی دیکە سەرنەكەوتووە. پلانەكەی جێبەجێ نەكراوە. لەو سێ مانگ و نیوەدا شەڕێكی زۆر دژوار هاتە ئاراوە و هێشتاش بەردەوامە. دوژمن هەموو تواناكانی بەكارهێنا. لەسەر ئەو بنەمایە شەڕ فراوان بوو، دوژمن هەر شەڕی بەرفراوان تر كرد و ویستی بەم جۆرە ئەنجامیک بەدەست بهێنیت.
فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە وتیشی: ئەوە بۆ ماوەی ٤ ساڵە دەوڵەتی داگیركەری تورك لەسەر بنەمای پیلانی لەناوبردنی بزوتنەوەكەمان و گەلەكەمان دەیەوێت باشوری كوردستان داگیر بكات. بە تایبەتی لە هێرشی سەر گارەدا دەیویست لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا داگیربكات. بەڵام ئەو تاكتیك و رێبازەی بەرامبەر دوژمن گیرایەبەر كۆتایی بە پلانی ساڵی ٢٠٢١ دوژمن هێنا و نەیهێشت سەربكەوێت.
قەرەیلان باسیلەوەشکرد، دوژمن دەستبەرداری خواستەكەی نەبووە، هەم لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و هەمیش لە رووی چەك و هێزی خۆیەوە تا ئاستێك ئامادەكاری كردووە.
ناوبراو وتیشی: ئێستا دوژمن لەبەر ئەوەی ئەنجامی بەدەست نەهێناوە بە بنبەست گەیشتووە، بۆ ئەوەی بنبەستبوونی خۆی تێپەڕێنێت گۆڕەپانی جەنگ بەرفراوان دەكات، ئەوەشی بۆ چارەسەر نەبوو، دوای ئەوە هێرشی كردە سەر باشور، لە كەلار، چەمچەماڵ، مەخمور، شەنگال، شەهبا و ئیستا هێرش دەكاتە سەر هەموو ڕۆژئاوا، بەردەوام بۆمباران دەكات. هەموو ئەمانە دەرەنجامی بە بنبەست گەیشتنی دوژمنە.
ڕونیکردەوە، دوایین جار لە ٢٠ی تەمووزی رابردوو هێرشی كردە سەر گوندی پەرەخ و لە شوێنی سەیرانگا و گەشتیارییدا هاوڵاتییانی عەرەب كە لەوێ گەشتیار بوون كردە ئامانج و ٩ کەسی شەهید كرد و ٢٤ كەسیش بە سەختی برینداربوون. بێشك دوژمن لەم هێرشەدا ئامانجی هەیە، ئەمەش دەرئەنجامی بە بنبەست گەیشتنە، دەیەوێت بەوە گوشاری دەروونی بخاتە سەر گەلی عێراق و باشووری كوردستان، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ناڕەزایی گەلی عێراق زۆر گرنگ بوو.
وتیشی: هاوڵاتیانی عێراق وتیان، “ئیتر بەسە”، بۆیە لە هەموو شوێنێك ڕژانە سەر شەقامەكان و حكومەتی عێراق ناچاركرا هەڵوێست وەربگرێت، واتە ئەوانیش تێگەیشتوون، ناتوانن بەم شێوەیە بەردەوام بن.
موراد قەرەیلان باسی لەوەشكرد، ئێستا دوژمن ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت “پەكەكە ئەو هێرشەی ئەنجامیداوە”، هەموو كەس دەزانێت ئەوان ئەو كارەیان كردووە. ئەم خوێنڕشتنە ئەوان لە ڕەگەوە هەڵدەوەشێنێت، بۆیە ناتوانن بە خێرایی خۆیان لەمە ڕزگار بكەن و چیتر ناتوانن وەك جاران لە هەموو شوێنێك هێرش بكەنە سەر خەڵك. لە بنەڕەتدا ئێستا ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی توركی پاكتاوكار و بكوژ و داگیركەر بەرەو ڕووخان دەڕوات.
بانگەوازیش ئاراستەی هەمووان دەكات و دەڵێت: هەموو ئەوانەی لە دژی فاشیزمی ئاكەپە و مەهەپە تێدەكۆشن، هەموو هێزە سۆسیالیست و دیموكراتەكان. بانگەوازی بەرخودانە. بۆ ئەوەش دەبێت لە دەوری بەرخودانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشن بەرخودانی نەتەوەیی، بەرخۆدانی دیموكراتیك زیاتر گەشتر و بەهێزتر بكرێت.