ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
راپۆرت

خۆپێشاندانەكەی سلێمانی سەرکوتکرا: گومانەکان لەسەر پیلانێکی گەورە

  2025-06-28  |    21 جار خوێندراوەتەوە
ئامادەکردنی: دانیار محمد حسن

ڕۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیران، خۆپێشاندانێکی پلان بۆ داڕێژراو لە شاری سلێمانی سەرکوتکرا و هێزە تەناهییەکان دەستگیرکردنی بەشێک لە مامۆستایان و خۆپێشاندەرانی پێشوویان دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لیژنەی تەناهیی سلێمانی مۆڵەتی بە هیچ خۆپێشاندانێک نەدابوو، بە بیانووی ئەوەی دۆخی ناوچەکە مەترسی هەڵدەگرێت و خۆپێشاندان لە ئێستادا گونجاو نییە. سەرەڕای بڕیارەکەی لیژنەی تەناهی، خۆپێشاندەران سوور بوون لەسەر کۆبوونەوە لە بەردەم سەرای ئازادی، بەڵام ئەمڕۆ سەرای ئازادی "بووەتە سەرای ڕاپێچکردن".

لێدوان و گومانەکان لەسەر پیلانەکە

میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە ئەو هەوڵەی ئەمڕۆ لە سلێمانی درا، پیلانێکی داڕێژراو بوو کە ئەگەری دروستبوونی تەقە و کوشتن و چەندین شتی تری تێدابوو ئەگەر ڕێگە بە خۆپێشاندانەکە بدرایە. ئەوان لایەنێکی سیاسی لە سلێمانی تۆمەتبار دەکەن بە تێکدانی دۆخی شارەکە، و پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، دەکرێت.

ڕۆڵی گوماناویی لاهوور شێخ جەنگی

بەپێی زانیارییەکان، لاهوور شێخ جەنگی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ چەند ڕێکخەرێکی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، گوتوویەتی کە کاتی خۆپێشاندانی هێمنانە و بەرزکردنەوەی دروشم نەماوە، و پێویستە ڕێگەی دیکە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆخەکە بە تەواوی تێکبچێت.

  • ئەم قسانەی لاهوور شێخ جەنگی لەناو ڕێکخەرەکانەوە دزەی بە دەزگا تەناهییەکانی یەکێتی کردووە، و دەکرێت ئەمە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ مامەڵەی ئەمڕۆی هێزە تەناهییەکانی یەکێتی لەگەڵ خۆپێشاندەران.
  • لاهوور شێخ جەنگی سوور بووە لەسەر ئەوەی خۆی سەرکردایەتی ناڕەزایەتییەک دەکات ئەگەر سەرکەوتوو بێت و "بە دڵی ئەو بێت"، بەڵام خۆپێشاندانەکە نەک بە دڵی ئەو نەبوو، بەڵکو هەر ڕێگەش نەدرا بجووڵێنەوە.

پەیامی نهێنی و پاشەکشە

شەوی پێنجشەممە، پەیامێکی نهێنی لە دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە گەیشتووەتە دەست لاهوور شێخ جەنگی. پەیامەکە لە ڕێگەی کەسێکەوە بووە و تێیدا پێی گوتراوە کە دەزگای زانیاری ئاگاداری ورد و درشتی پیلانەکانیەتی، بۆیە باشترە پاشگەز بێتەوە، یان لانیکەم لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیەوە هانی خۆپێشاندان نەدات.

هەرچەندە ئەم پەیامە دوای دزەکردنی کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکە، بەڵام تا ئاستێکی زۆر، میدیاکانی بەرەی گەل لە هاندانی خۆپێشاندەران پاشەکشەیان کرد. سەرەڕای ئەوەش، ئەمڕۆ بە چڕی ڕووماڵی گرتن و دۆخی شارەکەیان کردووە.

پیلانی "هێز بەرانبەر هێز"

بەپێی زانیارییەکانی "وشە"، لاهوور شێخ جەنگی نیازێکی دیکەی لە هاندان و دروستبوونی خۆپێشاندانەکەدا هەبووە. وای دانابوو کە ژمارەیەک لە چەکدارەکانی خۆی، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر لە دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری بەرپرسیارییەتییان هەبووە، بباتە ناو خۆپێشاندانەکان بۆ ئەوەی "چاو لەو هێزە سوور بکەنەوە" کە دەهاتنە سەرای ئازادی.

  • ئەو نیازی وا بووە کە ئەو بەشە چەکدارەی لای یەکێتی کە تا ئێستا ئینتیمایان بۆ لاهوور شێخ جەنگی هەیە، چاوەڕوانی کاردانەوەیەک لەو دەکەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەند جومگەیەکی دیکەی یەکێتیدا بگرنەوە.
  • ئەم دۆخە "یەکێتی بە تەواوی هاری کرد" و دۆخی ئەمڕۆیان پێ قبووڵ نەکرا.

شاردنەوەی پیلانەکە و گرتنی ڕۆژنامەنووسان 

بە گرتنی ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوان، هەریەک لە بەرەی گەل و یەکێتی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی نێوانیان شاردەوە. ئێستا میدیاکانیان تەنیا باسی گرتنی ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

  • کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەنووسانی گیراو دوای نانخواردنێک لای ئاسایش ئازاد دەکرێن.
  • ئەم قسەیە بە پێناو شاردنەوەی "ئەو دۆخە گەرمەی پشت پلانی هەردوو حیزبی یەکێتی و بەرەی گەل" بووە.


>زۆرترین خوێندراو