ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

بایدن پەیوەندی بە کازمییەوە کرد و پەیامی لەبارەی عێراقەوە هەیە

  2022-08-31  |    383 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌نوا پرێس
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، نەخشەڕێگایەک بۆ دەرچوون لە دۆخی سیاسی عێراق بدۆزنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک لە نوسینگەی سەرۆلکوەزیرانی عێراقەوە، ئەمشەو جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەمریکا پشتیوانی عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەکات.

جۆ بایدن باسی لەوەشکردووە، پشتیوانی ئەمریکییەکان بۆ عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستارتیژی نێوان هەردوو وڵاتەکەدا هاتووە و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا لە کاتی پەرەسەندنی گرژییەکاندا.

هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا داواشی لە هەموو لایەنە عێراقییەکان کردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆبکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کە کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنێت لە عێراقدا.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیلینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا داوای ئارامگری و گفتوگۆی نێوان سەرجەم لایەنەکانی کرد و وتی، "دڵگرانی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم ئەو خانەوادە عێراقیانە دەکەین کە کەسە نزیکەکانیان لە چەند رۆژی رابردوو لەدەستداوە."

پێشتریش ئێوارەی رۆژی سێشەممە، باڵوێزی ئەمریکا پێشوازی گەرمی لە بڕیارەکەی سەدر کرد بۆ کشانەوەی لایەنگرانی و کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان کە داوای دەستبەجێ کۆتاییپێهێنانی رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی کردبوو لەماوەیەکی کاتی کورتدا و کشانەوەیان لە ناوچەی سەوزی بەغداد.


>زۆرترین خوێندراو