ئه‌مڕۆ 26 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر رووداوه‌كانی 31ی ئاب دا‌و مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش له‌و باره‌یه‌وه راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، كاره‌ساتی 31 ی ئاب خیانه‌تێكی مێژوویی لێكه‌وته‌وه.
مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی رایگه‌یاندوه، ئه‌مڕۆ یادی خه‌می نیشتمانی و كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی 31 ی ئابه كه شه‌ڕی ناوخۆ و ناكۆكی سیاسی له وڵاته‌كامانی گه‌یانده لوتكه و خیانه‌تێكی مێژوویی لێكه‌وته‌وه، وه‌ختێك سوپای به‌عسی فاشی، له ٣١-٨- ١٩٩٦هه‌ولێری پایته‌ختی حوكمرانی كوردستانی داگیر كرد به هاوكاری هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: دوای چه‌ندین ناكۆكی و ناخۆشی شه‌ڕی براكان ، گه‌له‌كه‌مان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئه‌م برینه قووڵه‌یان به پێكه‌وه‌یی و ویستی یه‌كریزی كورده‌واریی گۆڕییه‌وه و لاپه‌ڕه‌ی خه‌مناكی ناكۆكیان سپارد به ئاشتی و ئاوه‌دانی و پێكه‌وه به‌ره‌نگاری هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان.
راگه‌یاندنی یه‌كێتی ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: ئه‌مڕۆش هه‌مان ویست و پێویستی له ئارادایه، كه هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به كوردستانیشه‌وه وامان لێده‌خوازێت به‌ره‌ی ناوخۆیی كوردستانی پته‌و بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان بپه‌رژێنه سه‌ر ئه‌ركه‌كانی قۆناغی داهاتوو، كه داكۆكییه له مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له عێراقێكی دیموكرات ، فیدراڵ و ته‌وافوقیدا .