بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دۆخی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ باشترین بژاردەی سیاسییە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی پێیدا تێدەپەڕین.
لە بارەی دۆخی هەرێمیشەوە، گۆڕان دەڵێت "لەسەر ئاستی ھەرێمیش بوونی نەخشەڕێگایەکی نیشتیمانی کە رەزامەندی ھەموو لایەنەکانی لەسەربێت؛ پێویستی لەپێشینەی ئەم قۆناغەیە بۆ چاکسازی و خۆئامادەکردن بۆ ھەر ئەگەرێک کە لە داھاتووییەکی نزیکدا ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوە خوێناوییەکان مەترسی گەورەن لەسەر پرۆسەی سیاسیی و ئاسایش و سەقامگیری، ھەربۆیە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ باشترین بژاردەی سیاسییە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی پێیدا تێدەپەڕین.
لەم ھەلومەرجەدا، بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای نەگۆڕی بە میکانیزمی بەیەکەوەکارکردن و ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان ھەیە بۆ دیاریکردنی کێشە بنەڕەتیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان لە چوارچێوەی دەستور و رێزگرتن لە دامەزراوە فەرمیەکان.
لەسەر ئاستی ھەرێمیش بوونی نەخشەڕێگایەکی نیشتیمانی کە رەزامەندی ھەموو لایەنەکانی لەسەربێت؛ پێویستی لەپێشینەی ئەم قۆناغەیە بۆ چاکسازی و خۆئامادەکردن بۆ ھەر ئەگەرێک کە لە داھاتووییەکی نزیکدا ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە.