ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

بارودۆخی هەرێم و فشارەکانی عێراق!

دڵشاد ئەنۆر


پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەو گوریسە پچڕاوە دەچێت، کە لە زۆر لاوە پچڕاوە و ناو بە ناو گرێ دەدرێتەوە، بەڵام هەمووکات ئەم گوریسە قابیلی پچڕانە. 

عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە، دەیەوێ سود لە لاوازی و پەرتەوازەیی ناوخۆ ، خراپی دۆخە داراییەکەی  و لاوازی پێگە نێو دەوڵەتەکەی وەربگرێت و زیاتر و زیاتر هەرێم لاواز بکات، هەرێمیش هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەماوەو تەواو دەستەپاچەیە.

دوای لەدەست دەرکردنی نەوت و لێسەندنەوەی دارایی سەربەخۆ لە هەرێم، ئێستا هەرێم تەنها پێگە یاسایی و دەستورییەکەی ماوە، ئەگینا هیچی تری بەدەستەوە نەماوە. خراپی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی مەترسی لەسەر خودی قەوارەکەو داهاتووی هەرێمەکەش دروستکردووە، بەغداش ڕێوشوێنی تری بەدەستەوەیە، دەکرێت بپرسین ڕێوشوێنەکان چین؟

بانکی بازرگانی عێراق نزیکەی ١٠ تریلیۆن دینار قەرزی لای هەرێمە، عێراق تەنها قەرزەکەی ناوێت، بەڵکو داوای ٧٪ ی سودیش دەکات بیخاتە سەری و کۆی قەرزەکە زیاتر بکات.

 پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە ڕاگرتنی کارەکانیان خەریکە هەرێم تەواو داغان دەکات و هەزاران کرێکاریش بێکار دەکات، بەتایبەت عێراق بەو مەرجە پارە دەداتە هەرێم رۆژانە  ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە بەرهەم بهێنرێ، کەچی پارەی ئەم کۆمپانیایانە گرفتێکی گەورەی نێوان هەرێم و بەغدایە و لەداهاتوودا کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چۆن؟
     
هەرێم ئەوکاتەی سەربەخۆیانە نەوتی فرۆشتووە، ساڵانە ٦ تریلیۆن دیناری داوەتە کۆمپانیا نەوتییەکان، ئێستا عێراق ٣ تریلیۆن و ٦٠٠ ملیۆن دیناری بۆ داناون، بێگومان کۆمپانیاکان بەم پارە ئیش ناکەن و ناتوانن ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە بەرهەم بهێنن کە کراوەتە مەرج بۆ زامنکردنی پشکە بودجەی هەرێم. 

لێرەدا کۆمپانیاکان ناحەقیان نییە، چونکە خەرجی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەیەکی دەشتایی وەک بەسرە زۆر کەمترە لە خەرجی دەرهێنانی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم، بەڵام عێراق دەیەوێ یەک حسابیان بۆ بکات.

عێراق پلانی ئەوەی هەیە داوای داخستنی نوێنەرایەتییەکانی  حکومەتی هەرێم لەدەرەوە بکات. پلانی ئەوەشی هەیە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شوێنەکانی ساڵی ٢٠٠٣ بکات، لەکاتێکدا هەندێک لە ناوچە ستراتیژیی و نەوتییەکانی هەرێم لەو ناوچانەن دوای ٢٠٠٣ کەوتوونەتە دەست هەرێم.

عێراق داوای داهاتە نانەوتییەکان و بردنی ٥٠٪ ی ئەو داهاتانە دەکات. عێراق پارەی موچەی ٢٣ هەزار پێشمەرگە دەدات، لەکاتێکدا موچەخۆرانی پێشمەرگە بە خانەنیشینەوە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسە. یانی عێراق تا دێت سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوەو هەرێمیش بەرگەی ئەم هەموو فشارە ناگرێت.

دەکرێت بپرسین هەرێم بۆ وا لاوازە؟

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، خراپی دۆخی حکومەت و پەیوەندی نێوان لایەنەکانی حکومەت لە چوار ساڵی رابردوودا، گواستنەوەی شەڕەکان بۆ بەغدا، دۆخەکەی هێندەی تر بۆ هەرێم خراپترکرد.

ئێستا هەرێم تەنها لە ڕووی دارایی و هێز و پاڵپشتی نێودەوڵەتییەوە بەرانبەر بەغدا لاواز نییە، بەڵکو دۆخی هەرێم هێندە شپرزە لەسەر وادەی هەڵبژاردنیش ڕێکناکەون و ئایندەی هەڵبژاردنیش نادیارە.

پارتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستی خستە بیناقاقای یەکێتی و هەوڵیدا لە پەلوپۆی بخات، دوای راگرتنی هەناردەی نەوت و نەمانی پارەی نەوت لای پارتی، ئێستا یەکێتی تۆڵە دەکاتەوە. داوای پارێزگاری کەرکوک دەکات، داوای کورسی پێکهاتەو بەشکردنی کورسییەکانیان و زۆر شتی تر لە پارتی دەکات.

دەکرێت بڵێین؛ ئێستا هەرێم لە دۆخێکدایە لە مێژوودا لەم دۆخەدا نەبووە، هیچ کارتێکی بەرامبەر بەغدا پێ نییە، لە کاتێکدا بەغدا دەتوانێت هەر بەکارتی نەناردنی پارە بیخنکێنێت. گرفتەکەش ئەوەیە هەرێم  بەهۆی خراپ ئیدارە  دانییەوە لەلایەن حزبەکان و شەڕە دەنوکی نێوخۆیی و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئازادی، پاڵپشتی نێودەوڵەتیشی لەدەستداوە. 

هەرێم تەنها گیرۆدەی دەست لاوازی دارایی و ئیفلاسی سیاسی نییە، بەڵکو کەوتووەتە بەر هێرشی درۆن و دەستوەردانێکی مەترسیداری هێزە ئیقلیمییەکان، کە ڕەنگە ئەم دەستوەردانانە چارەنوسی هەرێمەکەش بەرەو تونێليکی تاریک ببات.

تەنها ئومێد بۆ هەرێم مابێت کە هێندەی تر لەقاڵب نەدرێ، خراپی دۆخی ناوماڵی شیعەو لە بۆسەدا بوونی سەدرە، بەتایبەت سەدر نایەوێ لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکرێ، بەڵکو دەیەوێ گرفت دروست بکات و دوابخرێ، تا ئەوکاتەی خۆی ئامادە دەکات، ئەمەش وا دەکات فشارە پلان بۆ دارێژراوەکانی سەر هەرێم کەمێک دوابکەوێ، ئەم دواکەوتنەش ئەگەرە.

وەلحاڵ، دۆخی هەرێم هێندە مەترسیدار و خراپە، هەندێک لەو باڵادەستانەی پێشتر بێ منەت بوون، ئێستا لە ژێر گوشارێکی دەروونی خراپدان.
ئێستا دۆخەکە بۆ هەرێم هاوشێوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەیە، گرێدانەوەی کێشەکان هەنگاوی خێرایان دەوێ، بەڵام هەنگاوی خێرا بە ماڵێکی ليکترازاو و ویژدانی بیمار نانرێ.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 6001‌
7/29/2023 1:33:29 AM