مايكلَ روبن
مايكل رۆبن پەیمانگای ئەمەریکان ئەنتەرپرایز-واشنطن ٣٠-٣-٢٠٢٣
مانگێکی خراپ بوو بۆ کوردستانی عێراق. یەکەم: دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بە بڕی یەک ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار پێبژاردنی لە دژی برازای مەسعوود بارزانی سەرکردەی کورد دەرکرد. پاشان دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیارێکی چەند ملیار دۆلاری لە دژی تورکیاو لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد، کە بووە هۆی راگرتنی زۆربەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو وڵاتە. پارێزەرانی عێراق پێیان وتم یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیارەکە، ئامادەنەبوونی مەسعود بووە بۆ پێشکەشکردنی گرێبەستە بازرگانییەکانی خۆی بۆ دادوەرەکانی ناوبژیوانی.
بۆ مەسرور بارزانی کوڕە گەورەکەی مەسعود، سزادانەکە خراپترە. مەسرور ڕووبەڕووی داوای یاسایی دەبێتەوە لە ئەمریکا بەهۆی ئەوەی بە درۆ تۆمەتی پەیوەندی نێوان ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی زاک کۆپلین و شنیار ئەنوەر حەسەن، ژنێکی کورد کە هاوسەری سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنە، بەردەوام ڕەخنەی لە بارزانی گرتوە. کۆپلین و شنیار هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام وادیارە مەسرور هەوڵی داوە هەم سەرنج لە ڕاپۆرتەکانی کۆپلین لابدات و هەم شەرعییەتی پێ نەدات. لە کەلتوری خێڵەکی کوردی، ئەو جۆرە تۆمەتانە جددین: ناوبانگ گرنگە و تاوانی شەرەف مەترسیدارە. لەم کەیسەدا، مەسرور لە دادگای ئەمریکا بەوە بەرگری لەخۆی کردوە کە پێگەی ئەو سیادیەو پارێزبەندی هەیەو نابێ محکمە بکرێ، بەڵام لەدادگای پاریس بڕیاڕی داوە دەسەڵاتی کورد بەشێکە لە حکومەتی عێراق، بۆیە ئەم ئارگومێنتەش رەتکرایەوەو لە بنەڕەتدا توانای ئەوی بۆ داوای پارێزبەندی سەروەری لە شوێنێکی دیکەدا تێکدا.
من بارزانی باش دەناسم، ئەو چەواشەکاری و بوختانکارییە کەسییەی کە مەسرور و مەسعوود دژی شنیار حەسەن دەیکەن، بەشێکە لەحوکمڕانیان. دوانزە ساڵ لەمەوبەر مەسرورم ئاشکرا کرد کە خاوەنی کۆشکێکی ١١ ملیۆن دۆلارییە لە شاری ماکلین لە ویلایەتی ڤێرجینیا. دواتر بابەتێکم لەسەر گەندەڵی هەرێمی کوردستان بۆ دەستنووسی ڕۆتلێج لەسەر کورد نووسی. لەبەرئەوەی نە خێزانم لە کوردستانی عێراق هەیە و نە بازرگانیش دەکەم، بارزانییەکان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەرمدا نییە، بۆیە ڕوویان کردە پلانی B: ناوزڕاندنم بە بوختان و درۆهەلبەستن لەسەر کەسایەتی من لە چاتروومەکانی کوردی عێراق و ڕۆژنامەکانی سەر بە بارزانی.
پێش مردنی لە ساڵی ٢٠٢٠، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک لای خۆم دانی بەوەدانا کە خۆی و هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و خاڵی بارزانی، و فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی سیاسی بارزانی، بوختانی ئەخلاقییان بۆ ناوزڕاندنی من داڕشتووە. ئەوە جۆرێکە لە بوختان کە لە عێراقدا باوەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حزبی بەعس. کاتێک فیدائیەکانی سەدام سەری ئەو ژنانەی دەبڕییەوە کە دەیانگوت لەشفرۆشن؛ لە ڕاستیدا ئەوان دکتۆرا و پزیشک و خاوەن بڕوانامە بوون کە هاوسەرگیریان لەگەڵ گومانلێکراوەکان لە نەیارەکانی رژێم کردبوو.
ئەوەی لە کۆمەڵگا خێڵەکیەکاندا کاردەکات، لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی کارناکات. بەڵکو دڵنیایە حکومەتی کوردی هەتا بێ ڕیسواتر دەبێت. بەڵام مەسرور سوورترە لەسەر ڕیبازەکەی. لە هەفتەی ڕابردوودا، مەسرور هێرشێکی گشتی بۆ سەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەستپێکرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕەخنانەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە. ڕەنگە سەرکردەیەکی ژیرتر ئەو نیگەرانیانە چارەسەر بکات یان ئاماژە بە هەڵەکانی بکات، بەڵام لەبری ئەوە مەسرور کونسوڵخانەکەی بە بەرەوپێشبردنی هاوڕەگەزبازی و چەواشەکاری تۆمەتبار کرد. ئەوەی کە مەسرور لە یەک کاتدا چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەمریکا بەردەوام بێت لە دابینکردنی بودجەی مووچەی میلیشیاکانی پێشمەرگە بە بڕی نزیکەی چارەک ملیار دۆلار لە ساڵێکدا و بەڵام خۆی ڕۆژنامەنووسان دەستگیر بکات بەهۆی کۆبوونەوە لەگەڵ کونسوڵی گشتی، دوو ڕووییەوە و ناچێتەسەر.
حوکمڕانی مەسرور ناجێگیر و لەرزۆکە. کورد (بە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیشەوە) دەڵێن مەسرور کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات بە دابڕینی مەسعودی باوکی لە کۆشکی لوتکەی شاخەکەیدا. لەوێدا هەلبژاردەی هەواڵ و ڕاپۆرتی سۆشیال میدیای پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی توڕەی بکەن هەم لە بیانییەکان و هەم لە دژی هەر کوردێک کە مەسرور وەک ڕکابەری بیبینێت. مەسعود لەجیاتی ئەوەی دەوڵەتمەدارێکی گەورە بێت و هاوکاری کوڕەکەی بیت بە ئامۆژگاری باش و ژیرکردنی، ئەمڕۆ دیلی کوڕەکەیەتی لە زیندانێکی زێڕیندایە.
وینترۆپ رۆدجەرز ڕاست دەکات: ماڵە کارتۆنیەکەی کوردستانی عێراق لە داڕماندایە. ناوچەکە دەرخەری ئەوەیە کە بۆچی ئەمریکا دەبێت سیاسەتی خۆی لەسەر بەهێزکردنی سیستەمەکان بنیات بنێت نەک سەرکردە تاکڕەوەکان. ڕەنگە سەرکردە ژیرەکان ئەو شتانە ڕزگار بکەن کە کوردەکانی عێراق بەدەستیان هێناوە، بەڵام مەسعود و مەسرور بەردەامن لە بە کاهێنانی هۆمۆفۆبیای ناشیرین و شەرمەزارکردنی کۆمەڵایەتی و بوختانکردن و تیرۆرکردنی کەسایەتی نەیارەکانیان، و ئەمەش دەیسەلمێنێ کە ئەوان لە ئاست ئەو ئەرکەدا نین. عەقڵیەتی دواکەوتوی ئەوان وا دەکات هەموو بنەماڵەی بارزانی لەسەر شانۆی جیهانی بە گەمژە دەرکەون.