ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

گەر کەوێک لە تینوێتیدا بخنکێت، لام تاوانە

هه‌ڵۆ محه‌مه‌د
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، دەیان نووسینم لە بارەی رووداوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین خوێندەوە، ژمارەیەکی بێشومار کۆمێتنم دی، هەموو ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکەن و  هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕن (لەکاتێکدا خانەوادەی تاوانباریش لێقەوماون) مامۆستای زانکۆم بینی، لە بەردەم مایکی کەناڵەکاندا دەگریا و دەی گووت: هەموومان دەکوژن !
‏‎لە سلێمانی گردبوونەوەی نارەزایی ئەنجامدرا
جگە لە ئەمانەش دوور و نزیک هەموو ڕوخسارە دیارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەریەکە و لەڕوانگەی خۆیەوە، شرۆڤەی بۆ ڕووداوەکە لە پەیج و ئەکاونتی خۆیدا خستبووەڕوو. بەڵام بەلای منەوە رووداوەکە وەکو هەموو رووداوێکی دیکە، کە رۆژانە لەوڵاتی خۆمان و جیهاندا ڕوودەدەن ، دیاردەیەکی ئاسایی و پێشبینی کراوە ،  هەروەک چۆن لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا کوردێک لە نەرویج ڕەشەکوژیەکی تاوانکارانەی ئەنجامدا، چەندین هەواڵمان لەم ساڵدا بیستووە: گەنجێک لە ئەمریکا لە ناو زانکۆ، لە قوتابخانە، لە مارکێت، بەدەم لایڤەوە خەڵک بە ئێمفۆر و تاپر دەکوژێت، بۆیە ئەو تاوانەی گەنجە هەولێریەکە ئەنجامیدا، بەشێکە لە لاسایی کردنەوەی تاوان ، کە سەرجەم کەناڵە لۆکاڵی و ئاسمانیەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لە پەرەپێدانی ئەمجۆرە لە تاوان و کردەی خۆکوژی و خەڵک کوژیدا، سەرباری ئەوەش ئەم تاوانبارەی هەولێر چەندین فشاری جۆراوجۆری بۆدروستکراوە، لە ڕووی ئیداریەوە، کە ئەمەش دیاردەیەکی بەرچاوی ڕۆتیناتە لەسەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.
‏‎ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە بپرسین ؟

‏‎لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا زانکۆ و مامۆستایی زانکۆ چ کاریگەریەکیان هەبوو  لەهۆشیارکردنەوەی تاکی کوردی بەوەی، کە 
‏‎قەڵەمی لە لا گرنگتر بێت لە چەک ؟ 

‏‎ئایا بەشەکانی ڕاگەیاندن و باخچە و کۆلێژە 
‏‎پەروەردەییەکان ، چی فشارێکیان خستە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، کە بەرنامەی شیاو لە نەشیاو جیا بکاتەوە و کامەیان پێویستە دۆبلاژ و پەخش بکرێ و دەرخواردی خێزانی کوردی بدرێ ؟

‏‎ئایا ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە؟ یاخود جێگەی ڕووتکردنەوە و داپۆشینی ناشیرینیەکانی ئەم و فەزحکردنی ئەوی ترە ؟

‏‎ ئایا منداڵی کورد سەیری کام کەناڵ بکات بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن دەرونێکی دروست و گونجاو، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی ڕاست و ڕەوان کێشەکانی بخاتە ڕوو، و بەرگری لەمافەکانی بکات ؟


‏‎ئــایا ئەو هەموو توێژینەوەی ساڵانە سەرجەم بەش و کۆلێژەکان ئەنجامی دەدەن ، چ کاریگەریەکیان هەبووە لەسەر هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تاوان؟ 
تا چەند دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار، هەنگاو هەڵگری دوای، ئەنجامی 
‏‎توێژینەوە ئەکادیمییە چارەسەرخوازەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانن ؟

‏‎ئـایا گەر گوێتان لێناگیرێ درێژەدانتان بەم 
‏‎ڕێگەیە و بەم ناوەندە بە ناو زانست و ئەکادیمیانە، تەنها وەک سەرچاوەی داهات و خۆبژێوی نیە ؟

‏‎ئــایا مامۆستایانی زانکۆ لەڕێگەی کام  ڕەوشت و مەعریفەیانەوە توانیویانە حەرەمێکی پیرۆز و تۆکمەی لە بەزاندن نەهاتوو، بۆ شکۆی خۆیان و زانکۆ هەڵچنن ؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک بە ئامار و داتای وورد، بە دەسەڵاتی دادوەری گووت یەکلایی نەکردنەوەی کەیسەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر و کوشتنیشی بەدوادا دێت؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گووت، فیلمی دۆبلاژکراوی تورکی، فارسی، کۆری، عەرەبی پەخش مەکەن، چونکە شیرازەی خێزان تێکدەدات و منداڵان لاسایی رووداوەکانی نێو فیلمەکان دەکەنەوە؟

‏‎ئەرێ زانکۆ و مامۆستاکانی پێکەوە، یەک دەنگ و یەک سەنگ هاواریان کرد ئەگەر رووداوێکی کوشتن، تەقەکردن، خۆسووتاندن، دەستدرێژی سێکسی رویدا بڵاوی مەکەنەوە، چونکە ٩٥% کاریگەری نەرێنی بۆ سەر کۆمەڵگە هەیە؟

‏‎ئەرێ مامۆستای زانکۆ سینۆهە ئاسا، هات بڵێ مۆچەکەی من لەم قەیرانەدا بە کاملی مەدەن ٥٠% بابگرێتەوە خانەی دەوڵەت لەدابەشکردنی مووچەدا خەرجی بکەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمتر لە ٥٠٠ هەزارە، با بێ پارەو خەرجی نەبن و  بازاڕیش جوڵەی لێ نەبرێت، چونکە ئەو باوکە کاسبەی کە خەرجی منداڵەکانی دابین دەکات بۆ خوێندن لە زانکۆدا، ئەگەر کاسبی نەبێت ناچارە منداڵەکەی لە خوێندن دووربخاتەوە، چونکە ژیان زنجیرەیە و پەیوەستن بەیەکەوە؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک لە رۆژان پرسی ئەم هەموو خوێندکارە بۆ بۆتەواوکردنی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرا بۆ دەڕۆنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان؟ 
ئایا هۆکار ئەوەیە ئێمە زانیاریمان پێ نییە بیانکەین بە خاوەنی بروانامەی باڵا یان ئەوان نمرەکانیان کەمەو لێرە وەرناگیرێن؟

‏‎ئایا زانکۆ هات بڵێ ئەگەر خوێندکار لە دەرەوە بروانامەی ماستەر و دکتۆرای بە دەستهێنا دەبێ پسۆریەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی دیاری بکات؟ 
ئاخر کەسێک دکتۆرای هەبێ لە مێژووی قاجارێیەکاندا چ سودێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ؟ حیکایەت خوانێکم پێ باشترە !

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک لە رۆژان هات بڵێ چیدی من بروانامەی ماستەر دکتۆرام لە مێژوو عەرەبی و ئنگلیزی زمانی کوردی ناوێت، لەمەودوا فیزیا، کیمیا، پزیشکی، کشتوکاڵ، ئەندازیاری، نەوت، جیۆلۆجیم دەوێت چونکە دەوڵەت لەم بابەتانەدا گرفتی هەیە و دەبێ پسپۆریی بۆ دروست بکەین بۆ چارەسەری ئاریشەکان؟

‏‎ئەرێ مامۆستایی زانکۆ ڕۆژێک لە رۆژان لە دژی ناعەدالەتی ژیان لە هەرێمی کوردستان دەرگای زانکۆکانیان داخست؟

‏‎ئەرێ مامۆستای زانکۆ و زانکۆکان ٣٠ ساڵە خەریکی کۆنفرانسی زانستین ئایە ١٠٠٠ کتێبی بنکۆڵکاریان لێ بەرهەم هێنا؟ ئەی کۆنفرانسەکان توانی ئامانجی خۆی بپێکێ و بۆ نموونە: تیۆری نوێ پێشکەش بکات بۆ چارەسەری کێشەی ئاو ؟

‏‎هەزاران پرسیاری دیکە هەن، کە دەبێ بکرێن، بەڵام نازانم کێ وەڵام دەداتەوە؟ 
ئەم پرسیارگەلە بۆیە هەن و ڕووبەڕووی مامۆستای زانکۆ دەکرێنەوە، چونکە لە جیهاندا زانکۆ ناوەندێکی مەعریفی و زانستی و سەرەکییە بۆ پێشنیار و تیۆری نوێی داهێنان و چارەسەرخوازی بە جۆرێک لەگەڵ پێداویستی گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا بگونجێ.

‏‎من خۆم فەرمانبەری زانکۆم، دوور نییە دوای ئەم نووسینە ڕووبەڕووی کێشە نەبمەوە، ئەگەر بوومەوە، هەر لێرەوە دەنووسم لەسەر بابەتەکەی ئەو رۆژە ئەمەیان بەرامبەرم کرد!
ژمارەی خوێنەر   ‌ 865‌
6/30/2022 12:22:50 AM