یانەی چێڵسی لە وەرزی داهاتودا ئەگەری هەیە یەکێک لە یاریزانە باڵاکانی لە هێڵی بەرگریدا لە دەست بدات، هەربۆیە لە ئێستاوە پلان بۆ ئەوە دادەنێت یاریزانێكی گونجاو بۆ یانەكەی بگوازێتەوە.
لە هاوینی 2023دا گرێبەستی بەرگریکاری ئۆروگوای ڕۆناڵد ئاراوخۆ لەگەڵ بەرشەلۆنە بەسەر دەچێت و ئەو یانەیەش هێشتا سەرکەوتو نەبوە لە قایلکردنی یاریزانەكە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەكەی.
بە گوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، بەرشەلۆنە لە هاویندا دەست بە دانوستانی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ئاراوخۆ كرد، بەڵام پێشتر هەوڵی نوێكردنەوەی گرێبەستی پێدری و ئەنسۆ فاتی كرد.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەدا کە بەرشەلۆنە مانگی ڕابردو دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئاراوخۆ دەستپێکردەوە و گرێبەستێکی پێنج وەرز لەگەڵ موچەی ساڵانەی 3 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کرد کە ئەمەش زۆر کەمترە لە موچەیەی پێشكەشی پێدری و فاتی دەكات.
ئەم ئۆفەرەی بەرشەلۆنە بوە هۆكاری ئەوەی کەنوێنەرانی ئاراوخۆ پێشنیازەکەی بەرشەلۆنەیان ڕەتکردەوە، هەربۆیە یانەی چێڵسی سودی لەو دەرفەتە وەرگرت و خۆی گەیاندە بریكاری كارەكانی ئەو یاریزانە ئۆرۆگواییەو بەڵێی ئەوەی پێدان كە دو هێندەی یانەی بەرشەلۆنە موچە بە یاریزانەكە بدات.
سپۆرت نوسیویەتی چێڵسی ئاراوخۆ وەک جێگرەوەیەکی تەواو بۆ ئەنتۆنیۆ رودیگێر دەبینێت کە نزیکە لە جێهێشتنی بلوز لە هاوینی داهاتو.