سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە رایگەیاند "ئومێد دەكەم لەژێرناوی جیاكردنەوەی بودجە یان پشكی پارێزگادا، چیتر بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان نەكرێنە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حزبی".
ئەژی ئەمین دەشڵێت "داوا دەكەم سەركردایەتی سیاسی كورد ژیرانەتر و باشتر مامەڵە بكات لەسەر ئەم بابەتە، هەنگاوی لەمشێوەیە لەمێژوودا وەكو خیانەتێك بەناوچاوانی داڕێژەرانی پیلانێكی لەمشێوەیە دەنووسرێتەوە. ئەم پیلانە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماكانی دامەزراندنی یەكێتی لە مافی چارەی خۆنووسین و هەرهەنگاوێكی لەمشێوەیە سەروەری نەتەوەكەمان دەخاتەژێر مەترسییەوە".
ئاماژە بەوەش دەكات "پشتیوانی داگیركارانی كوردستان لەژوورە تاریكەكاندا لەبەرخاتری چاوی كاڵمان نیە، بەڵكو بۆلەباربردنی ئەم قەوارەیە كە هەمیشە هیوایەك بووە بۆ سەربەخۆیی گەلی كورد لە پارچەكانی دیكە".
هەروەها ئەژی ئەمین دەڵێت "هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێت ئیدانەی هەر هەوڵێك بكەم بۆ پەلكێشكردنی دامودەزگای هەواڵگری و ئەمنی بێگانە بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان. هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆكتۆبەر و كاتی دیكەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەكانیاندا شەهیدكرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاكی هەرێمی كوردستانیان داگیركرد. هەمان ئەو هێزە ئەمنیانە هەزاران كادیری سوننە و ئاینزا و نەتەوەكانی دیكەیان زیندانیكرد، بەئیستیغلالكردنی یاسای تیرۆر و دوور لە هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ. هەربۆیەشە هەر هەوڵێكی نەزۆكی لەمشێوەیە سڕینەوەی خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و پێشمەرگەكانی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی گەلەكەمان و پاراستنی مافی مرۆڤ".