ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
راپۆرت

مامۆستایه‌كی زانكۆ له‌سه‌ر پۆستاڵه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی هاته‌ ده‌نگ

  2022-09-13  |    1796 جار خوێندراوەتەوە
بافڵ تاڵه‌بانی
مه‌غدید سه‌پان نوسه‌رو مامۆستای زانكۆ له‌وتارێكدا ره‌خنه‌ی توند له‌یه‌كێتی ئێستا ئه‌گرێت و چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌خاته‌روو.

قەت وەک ئێستا
قەت وەک ئێستا: یەکێتیم بەو ڕەزیلییە نەبینییە، کە سەرۆکێکی ناشەرعی هەبیت و ئەو سەرۆکەش لە تەلەفزیۆن بڵێ: (کاتی خۆی بە پۆستاڵ ئامۆژگاریم دەکرد).
قەت وەک ئێستا: ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیم بە ڕەزیلی و ترسنۆکی و نەدیتییە، کە سەرۆکیان بە تەلەفۆن جوێن بە داروبەرد و ئاسمان دەدا، ئینجا یەک کەس لەو لەشکرە، جورئەتی نەبی داوای سزادانی حزبی و لادانی بکا، داوای بەستنی کۆنگرە یان هەر نەبی ڕەخنەی لێبگریت و داوی لێبکا، ئەو ڕەفتارانە زیاتر لەبەرچاوی میدیا چەندبارە نەکاتەوە.
قەت وەک ئێستا: وەزیر و ئەندام پەرلەمان و سەفیر و بەرپرسانی باڵا و گچکەی حزبی و حکومی یەکێتیم نەبینییە، بەوجۆرە دەستیان بە کڵاویان گرتبیت، هەتا با نەیبا... قەتیش نەمدەزانی، پارە بەوجۆرە ئەوان، کوێر و کەڕ و کەر دەکا.
قەت وەک ئێستا: خەڵکی قەڵەم بەدەستی یەکێتیم نەبینییە، لەسەر ئەو هەموو پۆخڵەواتەی دوا ساڵی ناو یەکێتی، بێدەنگ بن و جورئەتیان نەبی رای خۆیان لەسەر ئەو ڕەوشە خراپ و ناخۆشەی ناو یەکێتی بڵێن، کە ڕاستەوخۆ کاری لەسەر ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستان و عێڕاق کردییە.
قەت وەک ئێستا: نەمبینییە، خەڵکی یەکێتی، باوکی، مامی، خاڵی یان براگەورەی لە سڕەی مووچەوەرگرتن بمریت و کەسیش جورئەتی نەبی، یەک پرسیاری ئاسان لە کوڕەکانی مام و پورەکانیان بکا:
چ لەو هەموو داهاتەی زۆنی سەوز دەکەن؟
ئەوەی راستیبێ، من ئەو ڕەوشەی ئێستام لە زووەوە پێشبینی کردبوو، بۆیە لەوکاتەی دەرفەتی بینینی مام جەلالم لەگەڵ نزیکەی بیست کەس لە ساڵی ٢٠١٢ لە هەولێر بۆ ڕەخسا، ڕێک ئەوپرسیارەم لێکرد:
- من یەکیتی وەک پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤییەت پێش ڕوخانی دەبینم، کەس نازانی پاش تۆ داهاتووی چۆنە؟
- باش دەبی، باش دەبی، مام جەلال وەڵامی دامەوە.
نەخێر هیچ باش نەبوو، وەک دەبینین ڕەوشی یەکێتی ئێستا، زۆر لەسەردەمی پرسیارەکەی من خراپتر بووە.
یەکێتی ئێستا، بەوسەرکردایەتییە دەست لەسەر سینگ و ترسنۆک و کارتۆنی و خۆپەرست و هەڵپەرست و کورسیپەرستە، زیاتر لە پارتی کۆمۆنیستی سۆڤییەت پیش ڕوخانی ناکا... نەخێر، زۆر خراپتر بووە.
مه‌غدید سه‌پان - مامۆستای زانكۆ


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ