ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
راپۆرت

كوڕ، برازا، كێ لەسەر كورسیەكەی بارزانی دادەنیشێت ..!؟

  2022-09-09  |    6215 جار خوێندراوەتەوە
بنه‌ماڵه‌ى بارزانى
دەنگۆكان لەسەر تێكچوونی تەندروستی مەسعود بارزانی گومانی زیاتر هەڵئەگرن , ئه‌مه‌ش باس له‌وه‌ده‌كرا له‌ كۆتای ته‌مه‌نى دا بیه‌وێ دۆخى حزبه‌كه‌ى یه‌كلاى بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستا ململانیه‌ى سه‌خت له‌ نێوان كور و برازاكه‌یدا هه‌یه‌.

پارتی كەبەحزبێكی نهێنی هەڵگری بنەماڵەی بارزانی دادەنرێت و بەئەستەم زانیاریە خێزانیەكان دزە دەكەن، ئێستا لەبەردەم سەختیەكی گەورەدایە، بەتایبەت تەواوی زانیاریەكان ئەوە پشت راست دەكەنەوە تەندروستی سەرۆكەكەی باش نیە، رەنگە ئەم گومان و لێكدانەوەو زانیاریانە شتگەلی زۆر بۆ داهاتووی ئەم حزبە هەڵبگرێت، بەتایبەت تەماعی پۆست و كورسی گرتنە دەست لەناو ئەم حزبە هیچی لەیەكێتی كەمتر نیە.

سیناریۆی هاوشێوە

پرسیارە جەوهەریەكە لای خەڵك ئەوەیە، ئایا چارەنووسی پارتیش هەمان چارەنووسی یەكێتی دەبێت؟، كوڕی گەورە دێتە سەر كورسیەكەی باوكی و ئامۆزاكەی ئاوت دەكات؟، ئەم شیكردنەوانە هێندە قورس نین، لەناو كۆمەڵگەی كوردی جێنشینی كوڕ نمونەی زۆرە، ئەوەتە یەكێتی و بەكوڕانی جەلال تاڵەبانی و گۆڕانیش بەكوڕانی نەوشیروان و زۆر شتی تریش.

بەڵام لەناو پارتیدا ئەوە هەیە، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیەكی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە، لەبەرامبەر ئەوەشدا سەروەت و سامانێكی خەیاڵی هەیە و توانیویەتی زۆر شت بەوە  گۆش بكات بۆ داهاتووی خۆی، تەواوی زانیاریەكان و فاكتەرەكان جەختدەكەنەوە كە خۆراكێكی ئاسان نابێت بۆ مەسرور بارزانی.

هەڵبژاردنی ناوخۆی 

هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەو حزبە دەستی پێكردوە، زانیاریە سەرەتاییەكان باس لەوە دەكەن، مەسرور بارزانی لەپێشەوەی نێچیرڤان بارزانیە و بەشی زۆری هەولێرو گەرمیان و سلێمانی بۆخۆی مسۆگەر كردوە، هاوكات نێچیرڤان بارزانی  دهۆكی بەتەواوی بردوەتەوەو پارەیەكی زۆریش لەو نێوەندە بەخشراوە.

بەردەوامی مەسرور بارزانی 

یەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی حكومەتی مەسرور بارزانی رەنگە ئاڵۆزترین دەسەڵاتداری بێت لەكابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لەكۆرۆناو قەیرانی دارایی و زۆر شتی تر، وە دانانی یاساكانی ئیداری یەك لەسەر یەك و گۆڕانكاریە هەنوكەییەكان ئەم سەرۆكەی خستووەتە سەر فشارێكی ئێجگار زۆر، بەڵام تەواوی ئاماژەكان لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەوەیە كە مەسرور بارزانی بۆ ماوەیەكی زۆر سەرۆكی حكومەت دەبێت و چیتر شوێنێك بۆ نێچیرڤان بارزانی نەماوە بۆ كاری دەوڵەتداری. 

پارتی موڵكی كێیە؟

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەكرد، ئێستا بتەوێت و نەتەوێت پارتی موڵكی بنەماڵەی بارزانیە، هەر لەخانەقینەوە هەتاوەكو زاخۆو موسڵ هەر پارتیەك هەبێت خزمەتی ئەو بنەماڵەیە دەكات و لەچوارچێوەی سیاسیەتی ئیداری و خێڵەكی ئەواندایە، بۆیە گۆڕانكاریەكان لەناو ئەو خانەوادەیە و بنەماڵەیە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی سیاسی پارتیەكان دەبێت.

بەڵام ئایا دوای مەسعود بارزانی موڵكی چ خێزانێكی بنەماڵەكە دەبێت؟، بێگومان نێچیرڤان بارزانی نەلەكایە سیاسیەكە كشاوەتەوە، نە چاوی تەماعی كزبووە، بەڵكو ئەویش چاوی لەداهاتووی كورسیەكەی مامیەتی و بەملیۆنان وملیاران دۆلاری بۆ كۆكردوەتەوە، جگە لەوەی لەپێگە نێودەوڵەتیەكەوە كاری گەورەی كردوەو چاوی توركیای بەرێكەوتنە نەوتیەكان و چاوی چەندین زلهێزی سیاسی داخستووە.

مەسرور پیاوە یەكلاو توندەكە

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی بەپیاوی توندو یەكلاو یەك بڕیار ناسراوە، بەدرێژای 15 ساڵی رابردوو دژایەتیەكی گەورەی ئامۆزاكەی خۆی كردوەو تاڕادەیەك سەركەوتووبووە، هەرچەند زۆرینەی پۆستە گەورە حكومی و حزبەكانی گۆڕیوە بۆ كەسانی نزیك بەخۆی، بەڵام ئەوەی هەیە ئەزمونی سیاسی نێچیرڤان زیاترە لە ئەوو، ترس لەوە هەیە لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان ئەو سەركەوتووتر بێت.

پرسیاری زۆر هەیە بۆ چارەنووسی ئەم حزبە، چی لەسەری رەش روودەدات؟ مەرگێكی ئێجگار كاریگەر بۆ ژیانی سیاسی پارتی؟، یان بێدەنگیەكی قوڵ بۆ ماوەیەكی زۆر.


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ