عەلی مەحمود محەمەد
دیاریکردنی روپێوی جوگرافیای تاوان بەشێکی گرنگی دیاریکردنی قەوارەو سنووری تاوانە, لە پاڵ شوێنی تاوان و ناوچە ئاوەدانەکانی بەر تاوان کەوتوو, ئەوانە ھەموو ژمارەی نەگۆڕن و بە سانایی دەکرێت ئامار بکرێن و دیاریبکرێن لەسەری رێک کەوتن بکرێت و ژمارەیەکی ھاوبەشمان ھەبێت, کە بە داخەوە بۆ تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال کە تاوانی تاوانەکانە تا ئێستا نیمانە. بۆ دیاریکردنی روپێوی تاوانی ئەنفال و ژمارەی گوند و شارو شارۆچکە روخاوەکان, دەبوایە ئاماری ورد بکرابایا و لەسەر ژمارەی ھاوبەش رێکەوتن بکرابایە, بە بێ ئەم رێکەوتنە سەختە بتوانرێت داوای قەرەبووش بکرێتەوە.
بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی بەرەی کوردستانی, ھەموو پۆستەکانی وا دەکەن زانیاری دگمەن و راستی ھەبوایە لەسەر ئەو تاوانانەی لە سەردەمی ھەر یەک لە دەسەڵاتەکانی و پێشتر رویان داوە ھەبێت. ئەو لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەی " بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد " ئاوا ئاماژە بە پانتایی جوگرافیای ئەنفال دەدات " لە پرۆسەی ئەنفالەکاندا, ٩٠%ی گوندەکانی کوردستان و زیاتر لە ٢٠ شارو شارۆچکە لەسەر نەخشە سڕانەوە. ناوچە گوندنشینەکان بە ١٥٠٠٠٠٠٠ مین, مینڕێژکران, نزیکەی ١٥٠٠٠٠٠ کورد لە گوندەکانیان بۆ ئوردوگا و کۆمەڵگا زۆرە ملێکان گوازرانەوە. نزیکەی ١٠%ی کوردی باشوور لەناو بران. بەمەش نزیکەی ٧٧٢٩ کم دووجا لە روبەری ھەرێمی کوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوت . ل ٣٣١ ".
ھەرچەندە ھەموو ژمارەو رێژەکانی ھاتوو لەم پەرەگرافە جێگای گفتوگۆو لەسەر راوەستانن, بۆ خۆشی بۆ سەرجەمیان وشەی نزیکی وەک پێشگر بۆیان نووسیووە, سەلمێنەری ئەوەیە ئامارە بەکارھاتووەکانی ورد نییە, ھەر ئەمە بۆ خۆی گەورەترین کەماسییە, لێ ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی منە ئەو پانتایی جوگرافیا دیاریکراوەیە کە ئەنفالی گرتۆتەوە, کە دیاری کردووە بە ٧٧٢٩ کم دووجار, ئەمەش نەک نزیک نییە لە راستی بگرە بە فرسەخ لێوەی دوورە.
ئەنفال جگە لە سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان کە روپێوەکەی ٤١٢٢٠ کم دووجارە, زۆرینەی ناوچە کورد نشینەکانی شارەکانی موسڵ, کەرکوک, دیالەو سەلاحەدینیشی گرتەوە, کە ئێستا بەناوچە دابڕێنراوەکان بەناو بانگن, واتا ھەموو باشووری کوردستانی گرتەوە کە پانتاییەکەی بە ٨٣٦٤٣ کم دووجار دیاریکراوە.
سەرچاوەی زانیاریەکەی بارزانی کێیە؟
بە پێی زانیاری من بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی زانستی ئەکادیمی ئەنفال لە شاری ھەولێر لە رێکەوتی ١٤-١٦-٤-٢٠٠٢ پرۆفیسۆر دکتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد ئەم ژمارەیەی بەکار ھێناوە, دواتر ھەمان لێکۆڵینەوە لە ژمارە ٢٤ی گۆڤاری سەنتەری برایەتی بڵاو کرایەوە, ئیتر نووسەران و توێژەران وەک سەرچاوە بەکاریان ھێناوە, بێ ئەوەی کەمترین بەشی زیرەکی و توانای مێشکیان بەکار بھێنن, لە خۆیان بپرسن کە ئایا ئەو ژمارەیە لە گەڵ واقعی بەرفراوانی شاڵاوەکانی ئەنفال کە بە ٨ قۆناغ بەڕێوە چوو دێتەوە یان نا؟, لە کاتێکدا ژمارەکە کەمترە لە پانتایی ئەنفالی ٨ کە ناوچەی بادینانی ژێر قەڵەمڕەوی پارتییە " ١٠.٣٦٠" , تەنانەت سنوری ئەنفالەکانی ٣ و " ٥,٦,٧" یش ھەر یەکەیان نزیکن لەو ژمارەیە کە بەکاریان ھێناوە.
دکتۆر خەلیل لە نووسینەکەیدا دەڵێت " نزیکەی ٧٧٢٩ کم دوجار لە روبەری ھەریمی کوردستانی عێراق تووشی شاڵاوەکانی ئەنفال بوەوە ...... " .
لەگەڵ رێزم بۆ دکتۆر خەلیل کە جوگرافیا زانێکی بەتوانایە, وەلێ ئەم ژمارەیە کەمتر لە ٩,٢% خاکی باشوووری کوردستان دەگرێتەوە؟, ئایا ئەم ژمارەیە بۆ روپێوی ناوچەکانی ٨ پرۆسەی ئەنفال گونجاوە؟؟؟؟ کە سەرتاپای کوردستانی گرتەوە؟؟, لە کاتێکدا پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ھەموو سنوورەکانی دەرەوەی شارو شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی بە ھەندێک یەکەی ئیداریشەوەی گرتەوە, جگە لەو ناوچانەی ببوونە ناوچەی جەنگی ئێران عێراق لە پاڵ ناوچەی ھەڵەبجە کە بەرەیەکی دیکەی ھاوزەمان لە گەڵ ئەنفالی یەک لێکرایەوە , ھەروەھا ھەندێک ناوچەی دی لە قۆناغی یەکەمی روخاندنی لادێیەکان لە بەھاری ١٩٨٧ کۆتاییان ھات, ھەرچەندە ئەو قۆناغەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال ھەژمێردراون, وە ھەندێک لادێ دانیشتووانەکەی چەکی رژێمیان ھەڵگرتبوو جاش بوون.
لە ماوەی ١٩٧ رۆژی ٨ قۆناغی ئەنفالدا, کە ٦ جوگرافیای جیای گرتەوە, تەنھا ئەنفالی ١و٤و٨ پانتایی جوگرافیاکەیان دیاریکراوە بە " ١١٥٤, ٣٩٨٥, ١٠.٣٦٠ کم دووجار", بە ھەرسێکیان دەکاتە ١٥٤٩٩کم دووجار, واتا زیاتر لە دووجاری ئەو ژمارەی بارزانی لە پەرتووکەکەی بەکاری ھێناوە کە دەکاتە ١٥٤٥٨ کم دووجار, سێ جوگرافیایەکەی دیکەش ئەنفالی دو, سێ, پێنج, شەش, حەوت روپێوی زیاتر نەبێت لەو ژمارەیە کەمتر نییە.
واتا ئەو ژمارەیەی کە بەکار ھاتووە کەمتر لە ٢٥%ی ئەو روپێوەیە ئەنفالی گرتۆتەوە, ئەم ژمارەیەش ھێشتا پێویستی بە لەسەر راوەستانە. وێڕای ناوچەکانی ھەڵەبجەو سەید سادق و خورماڵ و سیروان و ھەورامان شارەزوور و پێنجوێن و ناوپارێزو بەشێکی زۆری شارباژێڕو و حاجی ئۆمەران و نەوسوود بۆ خوارو .....ببونە گۆڕەپانی شەڕی عێراق ئێران لەو کاتەدا, خەڵکی لێ ناژیا.
ھەروەھا لەو شەڕەی ھەڵەبجە کە ئێران ناوی لێنابوو فەجری ١٠, یەکێتی نیشتمانی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ناویان نابوو رزگارکردنی ھەڵەبجە, ئێران توانی ٨٠٠ کیلۆمەتر چوار گۆشە خاک و ١٠٢ گوند و شاری ھەڵەبجە و چەندین شارۆچکەی دی وەک تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و.....بگرێت, مەزەندە دەکرێت بەرەی شەڕ زۆر لەوەش بەرفراوانتر بووبێت, بۆ خۆی وەک کات بەشێک بوو لە تاوانی ئەنفال, ھەرچەندە کرا بە کەیسێکی سەربەخۆ.
ھەروەھا وە ناوچەی سێگۆشەی سنووری عێراق ئێران تورکیا " خواکورک " کە ھاوزەمان لە گەڵ ئەنفالی ٥,٦,٧ دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا, وە ناوچەی کەندیناوەو شەمامک و قەرەچوغیش لە دەشتی ھەولێر پێشتر لە ھەڵمەتەکەی بەھار و ھاوینی ساڵی پێشتر پاک کرابوەوە لە ژیان , خانووی تێدا بە پێوە نەمابوو, ھەرچەندە ئەو پرۆسەیەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دێتە ژماردن, ھەر ھەموو ئەمانەشمان بە بەشێک لە روپێوی پرۆسەی ئەنفال ھەژمار نەکردووە.
بە گشتی روپێوی تاوانی ئەنفال زیاتر لە چوارجاری ئەو روپێوەیە کە بارزانی دیاریکردووە, راستە بارزانی لەوکاتەدا دوور بوو لە روداوەکان, وەلێ دەبوایا نەکەوتایەتە ناو ئەم ھەڵەیەوە, چونکە دەیزانی ئەنفال ھەموو کوردستانی گرتەوە, پێم وایە راوێژکارەکانی نەزانانە ئەویان خستۆتە ناو ئەو ھەڵەیەوە, ھیوادارم لە چاپی داھاتووی پەرتووکەکەیدا بە ھەموو ئەو ئامارو ژمارەو بۆچونانە بچێتەوە کە تایبەتن بە پرۆسەی جینۆساید, وە زانیاری زیاترو ژمارەی گونجاوترمان بداتێ, باسی رۆڵی پارتی لە شەڕی ھەڵەبجەو ٧ قۆناغی ئەنفال لە ١ بۆ ٧ مان بۆ بکات .
لە لایەکی دیکەشەوە, ھەموو ئەوانەی ئەو ژمارەیەیان بۆ روپێوی ئەنفال بەکار ھێناوە, ھەڵوێستەیەک بکەن و ئامارەکە لە گەڵ واقعی سەر خاکی جوگرافیای ئەنفال بەراورد بکەن.
سەرچاوەکان:
١-بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد - بەرگی چوارەم ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان
٢- ژمارە ٢٤ی گۆڤاری سەنتەری برایەتی- لێکجیاکردنەوەی شوێنی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا – پرۆفیسۆر دکتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد
٣- ئاکامە جوگرافییەکانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کورد ئەنفالی چوار وەک نموونە پ ی د یاسین ھاشم حەمەدەمین.