ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
راپۆرت

قەیرانی مووچە و گەندەڵی، هەرەشە لەسەر هەرێمی کوردستان

  2025-06-26  |    14 جار خوێندراوەتەوە
ئامادەکردنی: دانیار محمد حسن

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری سەخت بووەتەوە، کە هۆکای سەرەکی بریتییە لە بابەتی بەردەوامی دواکەوتن و نەدانی مووچەی فەرمانبەران. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تووڕەییەکی فراوان و بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە شارە گەورەکانی وەک سلێمانی و هەولێر، بە شێوەیەک کە بژێوی ژیانی زۆربەی خێزانەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی دابەشنەکردنی موچەوە. هێشتا مووچەی مانگی پێنج دابەش نەکراوە، لە کاتێکدا مانگی حەوت نزیک دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی CNNی ئەمریکی، هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو 12 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە. 87%ی ئەم داهاتە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستکەوتووە. ئەم بڕە بە پێویست زانراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی 12 مانگ. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم داهاتە ناوخۆییانە، لەگەڵ داهاتی نەوتدا، زیاد لە پێویستن بۆ دابینکردنی مووچەی کارمەندان.

ناکۆکیی دارایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەردەوامە. لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، لەوانەش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەیان بەوەداوە کە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەخت دەبێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی نائومێد نین لە گەیشتن بە ڕێککەوتن. ڕەخنەگران پێیان وایە کە نەتوانین یان ناویستنی حکومەتی هەرێم بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ بەغدا، لەوانە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکان و خۆجێکردنی مووچە، فشارە داراییەکانی زیاتر کردووە.

دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی خراپی خەڵکدا دەکەن. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر (23 تریلیۆن دینار) لە داهاتی ناوخۆ و نەوتدا لەبەردەستدایە، بەڵام هێشتا دەڵێت ناتوانێت مووچە بدات. بەهۆی ئەوەی گرنگی زیاتر بە کۆکردنەوەی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەدەن وەک لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان.

هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کەمی وەبەرهێنانی بیانی بووەتەوە، ئەمەش وای لە حکومەتی هەرێم کردووە کە بیر لە گۆڕینی یاساکانی وەبەرهێنان بکاتەوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی زیاتر. پرسی مووچەی دواکەوتوو پەیوەستە بە برسێتی و تووڕەیی فراوان لەناو کۆمەڵگەدا، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری و دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی هەرێم.


>زۆرترین خوێندراو