ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
هەواڵ

سەعدی پیرە: هەر لایەنێک بیەوێ لە هەرێم بەتەنیا حکومەت بەڕێوەببات، حکومەتەکەی هەتا دێگەڵەیە

  2023-07-21  |    583 جار خوێندراوەتەوە
سەعدی پیرە
سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، "هەر لایەنێک بیەوێ لە هەرێمی کوردستان بەتەنیا حکومەت بەڕێوەببات، حکومەتەکەی هەتا دێگەڵەیە." دەشڵێت، كۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوام دەبن و یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن بەڵام تانەی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە هەیە.

سەعدی پیرە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند"هەر لایەنێک بیەوێت لەهەرێمی کوردستان بەتەنها حکومەت بەڕێوەببات، حکومەتەکەی هەتا دێگەڵەیە، چونکە جوگرافیای وڵاتەکەم و نەخشە سیاسییەکەی و هەستیاری پرۆسەکەشم لەلایەنی یەکێتی و پارتییەوە لەبەرچاوە، بۆشم رون بووەتەوە کە لەکاتی بونی دو ئیدارە و یەک ئیدارە پێکەوە ئیشکردنی یەکێتی و پارتی ئەڵتەرنەتیڤی نییە، ئێمە و پارتی دو حزبی منافسین دووژمنی یەکتری نین".

سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند:"ناکرێت پارتی پێی وابێت حزبی حاکمە، پێموایە ئەم بارودۆخە پێویستە چارەسەربکرێت و هەوڵبدەین زەمینەیەک سازبکەین خەڵک بتوانێت لە زاخۆوە هەتا خانەقین مافی خۆکاندیدکردن و چالاکی هەبێت، دەبێت دەنگە ناسازەکان بکوژێنینەوەو بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکەین، چونکە ئێمە هەرەشەمان لەسەرەو وڵاتانی دەوروبەر بە درۆن هێرشماندەکەنە سەر."

وتیشی"لەکۆبونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی توڕەبونەکەی سەرۆک بافڵ-م پێ لەجێی خۆی بو، چونکە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرێک بابەتی خستەلاوەو روبەروی رەخنەش بوەوە لەپێناو گەیشتن بە دەرئەنجامێکی باش، هەروەها مەرکەزیەتی پارتی ئەوەندە لاواز نییە هەرکەسێک هەڵسێت قسە بکات، بەتایبەت لەبارودۆخێکی لەو جۆرە هەستیاردا، پێم وایە ئەوە کارێکی باش نەبو، دوبارە نەکردنەوەی و رێگرتن لەو جۆرە بۆچونانە زۆر باشە".

سەعدی پیرە سەبارەت بە بەردەوامی کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی وتی:"کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوام دەبن و بابەتەکانی کە گفتووگۆی لەسەر دەکرێت ناگۆڕێت و یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن بەڵام تانەی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە هەیە".

پیرە وتیشی:" پارتی هەمو هەوڵێک دەدات کە لەهەڵبژاردندا 51%ی کورسییەکان بەدەستبهێنێت، پێی وایە یەکێتی هێشتا خۆی کۆنەکردوەتەوە، من پێم وایە یەکێتی ئامادەیە، هەربۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەکەین بەشداری هەڵبژاردن بکەن لەسەر ئەساسی پرۆگرامی لایەنە سیاسییەکان، دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە زۆرترین خزمەتیان دەکات."


>زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ