سەرکەوت پەرێشان
ئایا شانازیە یان خیانەت؟
بەڵگەی شانازی پارتی بەخیانەتی (٣١)ی ئابەوە.
نزیکەی پێنج ساڵ لە پاش ڕاپەڕین (پارتی و یەکێتی) لەسەر نایەکسانی دابەشبونی داهات و بەتایبەت داهاتی دەروازەی مەرزی (ٳبراهیم خەلیل) ناکۆکی قوڵ کەوتە نێوانیان تا شەڕی ناوخۆی بەدوای خۆیدا هێنا ، یەکێتی بە پشتیوانی ٳیران تەنگی بەپارتی هەڵچنی و کار گەیشتە ئەوەی پارتی هەستی سڕینەوەی خۆی کرد لە گۆڕاپانەکە بەمەترسی تەواو گەیشتە سەری لە (٣١)ی ئابی ١٩٩٦ کاتێك پارتی ناچار بوو پەنای بۆ کۆنە یاری و هاوپەیمانی قەدیمی برد ، هێشا تەپوتزی ڕاپەڕین تەواو نەببوو ، هاواری فریاگوزاری بۆ (ڕژێمی بەعس) برد ، سەرانی ڕێژمێیش دەسیان بەڕووی پارتیەوە نەنا بە سەرکردایەتی (سوڵتان هاشم و قصەی کوڕی صدام) بەدەیان فەیلەقی پیادە لە هێزی گاردی کۆماری و هێزی فڕۆکەوانی عێراقی هەڵیان کوتایە سەر خاکی کوردستان لە قۆڵی موسل - مەخمورەوە دەبابە و مدرعەی بەعس گەیشتە بەردەم پەرلەمان و لەو جەنگە ماڵوێرانکەرە هەزاران شەهید و سەدان بریندار لە هەردوو لا کوڕی خەڵکی هەژاریان بەکوشتدا هێندە بێ بەزەی بوون بەرامبەر یەکتر تەنانەت دیلەی یەکتریان دەکوشت ، لە ئەنجامدا پارتی بە هاوبەشی هێزەکانی ڕێژیم دەستی گرت بەسەر تەواوی ناوچەکانی هەرێمدا ، بەزەبری هێزەکانی هاوپەیمانان زۆری پێ نەچوو یەکێتی بە هێزێکی زۆرەوە دابەزیەوە ناو شارەکان پارتیان ڕاو نایەوە تا ئەم سنورەی ئەمڕۆ کە پێی دەڵێن (زۆنی زەرد) شاری هەولێر و ناوچەکانی کەوتنە ژێر دەستی پارتی ، ئتر لەوە بەدوا ناحیەی (دێگەڵە) بووە خاڵی جیاکەرەوەی هەردوولا و سنوری نێوانیان.
ئەوەی بۆمن جێگەی تێڕامان و سەیرە لەپاش (٢٧)ساڵ لەم ڕوداوە هێشتا یەکێتی بەخیانەتی دەزانێت و پارتی بەشانازی لەوەش سەیرتر ئەم دوو هێزە نانیشیمانیە چەندین هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی هاوبەش لەنێوانیاندا مۆرکراوە و چەندین کابینەی حومەیان بەشەراکەت پێکهێناوە ، کەچی دێنی (مکتەبی سیاسی یەکێتی) بەوتارێکی توندی بڵاوکردووەتەوە بۆنی خوێنی لێدێ دیسان ڕوداوی ٣١ی ئاب بە خیانەت دەزانێت لەبەرامبەریشدا پارتی بە زمانی عەرەبی بەدروشمێکی (بەعسیانە) وەڵامی داونەتەوە ، پێم وایە ئەم دێڕە توندە بە زمانی عەرەبی بەڵگەی وەفاداریەتی بە ڕێژێمی پێشوو.
لەڕاستیدا من پێم وایە دەبێت تاکی کورد ، کۆمەڵگەی کوردی باشوری کوردستان لەوە تێ بگەن ئەم دوو هێزە ناتوانن نمایندەی ٦ملێۆن هاوڵاتی خەڵکی هەرێم بکەن دەمێکە نەخۆش کەوتوون و توشی شێرپەنجەی ئیفلاسی سیاسی و ئیداری هاتوون ، تەنها گرنگی بە کەرتی پێشمەرگە و سەربازی دەدەن ، هێشتا درێژە بە هەڵە گەورەکانیان دەدەن (هێزی چەکدای حزبی و نەشەفافی لە داهات و بەهەدەر دانی سامانی نەتەوەیی و قاچاخی و کرڕینی موڵکی گران بەها لە ئەمریکا و ئەوروپا و قەتیس کردنی ئازاڕی ڕادەربڕین و زیندانی کردانی چاڵاکوان و ئازادیخوازان و نوکەری و جشێتی بۆ ئیران و تورکیا و دەیان هەڵەی تر) ئەمە وای لێکردوون لە ئێستەدا پشتیوانی نێودەوڵەتیشیان لەدەست داوە ، ماوەی جارێ کەیسێک دەدۆڕێنن لە دادگای فیدراڵی ، ڕۆژانە ئاشبەتاڵ لە زمانی خۆیانەوە دەبیستین.
مییللەت چەندین جار بواری پێدان کەچی تادێت ستەمکار و پێشێلکارتر دەبن.
بۆیە لە دواین هەڵژاردندا کەمتر لە ٤/١ خەڵکی دەنگی پێدان ، هێزە سیاسیەکانی تریش بە ئیسلامی و علمانیەوە تەنها پارێزگای لەبەرژەوەندیه حزبیەکانی خۆیان دەکەنەوە.
باشترین چارە سەر بۆ فریاگوزاری نیشتیمانی ، دروستبوونی هێزێکی خۆڕسکی هەڵقوڵاوی هەناوی هەرێم دروست بێت و هێوای ژیان بۆ خەڵکی بگێڕێتەوە ، وەنایش بێت ئەم هێزە ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕان دووبارە بکاتەوە ، وەك موگناتیس ئاسنی استیل و ئاسنی ژەنگاوی لەخۆی کۆبکاتەوە ، دەبێت فلتەرێکی توکمە دانێت.
من پێم وایە دروست بوونی هێزێکی زەرورەتێکی حەتمیە ، بەدوری نازانم لەم نزیکانە دروست بێت.
نوسین: سەرکەوت پەرێشان - کفری
٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی
١٤ی سەفەری ١٤٤٥ی کۆچی
٣١ی ئابی ٢٠٢٣ لەدایکبوونی